حکومەتی ئیتالیا یاسایەکی مێژوویی پەسەند کرد بۆ ناوبژیوانان

حکومەتی ئیتالیا یاسایەکی مێژوویی پەسەند کرد بۆ ناوبژیوانان

حکومەتی ئیتالیا یاسایەکی مێژوویی پەسەند کرد بۆ ناوبژیوانان

فەرحان جبرائیل عەلی

ئەنجومەنی وەزیرانی ئیتالیا ڕەزامەندی لەسەر هەموارکردنەوەیەکی یاسایی گرنگ داوە کە ناوبژیوانانی یارییە وەرزشییەکان وەک "بەرپرسی گشتی" لە قەڵەم دەدات، ئەمەش پارێزبەندیی یاسایی توندیان بۆ دابین دەکات و سزای قورس بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێنێت کە دەستدرێژییان دەکەنە سەر.
بەپێی ئەم هەموارکردنەوەیە، کە خراوەتە ناو "یاسای وەرزش"، هەر کەسێک لە کاتی یارییەکدا دەستدرێژی بکاتە سەر ناوبژیوانێک، ڕووبەڕووی سزایەک دەبێتەوە کە ڕەنگە بگاتە 16 ساڵ زیندان. ئەم هەنگاوە دوای ئەو هەڵمەتە دێت کە لەلایەن سەرۆکی کۆمەڵەی ناوبژیوانانی ئیتالیا، ئەنتۆنیۆ زاپپی، و بە پشتیوانیی وەزیری وەرزش، ئەندریا ئابودی، بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی زیادبوو دژی ناوبژیوانان بەڕێوەچوو.
هەموارکردنەوە نوێیەکە هەمان پارێزبەندیی یاسایی دەبەخشێتە ناوبژیوانان کە ئەفسەرانی پۆلیس و فەرمانبەرە گشتییەکانی تر هەیانە.
سزا نوێیەکان بەم شێوەیەی خوارەوە پۆلێن کراون:

بریندارکردنی سووک: زیندانیکردن لە 2 ساڵەوە تا 5 ساڵ.

بریندارکردنی سەخت: زیندانیکردن لە 4 ساڵەوە تا 10 ساڵ.

بریندارکردنی زۆر سەخت: زیندانیکردن لە 8 ساڵەوە تا 16 ساڵ.

ئەنتۆنیۆ زاپپی، سەرۆکی کۆمەڵەی ناوبژیوانانی ئیتالیا، خۆشحاڵیی قووڵی خۆی بۆ ئەم بڕیارە دەربڕی و بە پەسەندکردنێکی مێژوویی لە قەڵەمی دا. ئەو وتی: «زۆر دڵخۆشم کە لە کۆتاییدا پاراستنی ناوبژیوانان لە یاسای سزاداندا چەسپێنرا. سوپاسێکی گەرمی وەزیر ئابودی و حکومەت و هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە بەبێ گوێدانە لایەنگیری سیاسییان، پشتگیریی ئەم خەباتە شارستانییەیان کرد».
ئەم یاسایە وەک وەڵامێکە بۆ نیگەرانییەکان سەبارەت بە زیادبوونی دەستدرێژییەکان بۆ سەر ناوبژیوانان لە ئاستە جیاوازەکانی تۆپی پێی ئیتالیادا.
ئامانج لێی دابینکردنی ژینگەیەکی ئارامە بۆ ناوبژیوانان و زامنکردنی ئەوەیە کە بتوانن یارییەکان بە بێلایەنی و بەبێ ترس لە هەڕەشە و توندوتیژی بەڕێوەببەن.
ان شااللە لەلای ئێمەش بڕیارێکی وا دەردەچێت بۆ برا ناوبژیوانەکانمان.

Top