لە كوردستان وەكو پێیوست گرینگی بەم یارییانە نادرێت

لە كوردستان وەكو پێیوست گرینگی بەم یارییانە نادرێت

بنار عەباس یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی یانەی شێروانە

لە كوردستان وەكو پێیوست گرینگی بەم یارییانە نادرێت
دەڤەری گەرمیان یەكێك لەم ناوچانەی كوردستانەكەوا گرینگی زۆر بە بواری وەرزشیی دەدەن بە سەرجەم یارییە جۆراوجۆرەكانیەوە، یانەی شێروانەی لە كەلاری گەرمیان یەكێك لەم یانانەی دەڤەرەكەیە كە گرنگی تایبەت بە بواری وەرزشی دەدەن لە هەردوو ئاستی كچان و كوڕان، تیپی گۆڕەپان و مەیدانی یانەكەكەش یەكێك لە تیپە هەرە بەهێزەكانی سەر ئاستی كوردستان و عێراق، ساڵانە لەگەڵ كردنەوەی خولە جۆراوجۆرەكان بەردەوام لە كێبڕكێ دابوونە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە و بەدەستهێنانی نازناوەكانی كوردستان و عێراق، یەكێك لە كچە یاریزانەبەتواناكانی یانەكەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەگەڵ یانەی شێروانە ئەویش بنار عەباس-ە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2008 كەلارە و یاریزانی تیپی گۆڕەپان و مەیدانی كچانی شێروانە ئەو هەر چەندە تەمەنی بچووكە، بەڵام چاوەڕوانی ئەنجامی گەورەی لێ دەكرێت، گۆڤاری گوڵان لە نزیكەوە چەند پرسیارێكی ئاراستەكرد، ئەویش وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
*چۆن بوو یاری گۆڕەپان و مەیدانت هەڵبژارد؟
- حەزو ئارەزوویەكی زۆرم بۆ ئەم یارییە هەبوو، دواتریش هاندانی خێزانەكەم بوو كە ئەم وەرزشە هەڵبژێرم.
*هەست ناكەی یارییەكی قورست هەڵبژاردوە؟
-نەخێر بۆ من وەرزشێكی چێژ بەخشە و ئاسودەم تێدا.
*بۆچی یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان لە ئاستی پێویستدا نییە؟
- گرینگی نەدان بەم یارییە لەلایەن لایەنی بەرپرس و لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان و نەبوونی كادری پسپۆڕ لەم بوارە وەرزشیە .
* هەست ناكەی ئەم یارییە لە ئاستی كچان پێشوازی باشی لێ نەكراوە لە شارەكان؟
- بە دڵنیایی هەموو جوولە و یاری كردنێك پێویستی بە ئاستی ڕۆشنبیری و تێگەیشتنی كۆمەڵگەوە هەیە بۆ ئەوەی ڕێژەی كچان زیاتر بێ، پێویستە خێزان و كۆمەڵگە هاوكاربن.
* ئاستی یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان چۆن دەبینی لە كوردستان؟
- لە كوردستان وەكو پێیوست گرینگی بەم یارییانە نادرێت بە تایبەت بۆ ئاستی كچانیش، كە دەتوانرێ لە ڕێگەی ئەم وەرزشەوە ئەنجامی زۆر باش بەدەست بهێنرێت.
*چی بكرێت باشە بۆ بەرەووپێشبردنی ئاستی ئەم یارییە؟
- دەبێت یاریزانی كچ هەست بە دڵنیایی بكات و متمانەی بۆ دروست بكرێت، ئەو كاتە ئەم یارییە دەچێتە قۆناغی باشتر دواتریش گرینگی زیاتر بەم یارییە بدرێت.
*بەرنامەت چیە بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە پاڵەوانێك؟
-لە داهاتوودا ببم بە یاریزانێكی باش و سەركەوتوو بتوانم ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنم.
*یانەی شێروانە چۆن هاوكاریتان دەكەن؟
- یانەكەم هاوكارێكی باشی منن بەتایبەت كاپتن سەیرانی ڕاهێنەر ماندووە لەگەڵمان.
*گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی؟
- نەبوونی متمانە لای كچان و كەس وكارییان، ئاستی ڕۆشنبیری كۆمەڵگە ئەوانە دەبنە گرفت لە بەردەم گەشەسەندنی ئەم یارییە.
* خەونی وەرزشیت چیە وەكو كچە وەرزشكارێك؟
-خەونم ئەوەیە لە داهاتوودا بتوانم ببم بە یاریزانێكی جیهانی و بەشداری ئۆڵۆمپیاد بكەم.
* حەز دەكەی هەڵبژاردەی كوردستان دابمەزرێ و تۆش یەكێك لە یاریزانەكانی بیت؟
- بەدڵنیاییەوە بەلێ ئەوە خەونی هەموو یاریزانێكی كوردە.
*ئەگەر لە كۆتایدا شتێكت ماوە ؟
- دەست خۆشی بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئەو هەمووە خزمەتە جوانە بە وەرزشی كوردی.

Top