پڕۆفیسۆری ئەلۆن بێن مایەر بۆ گوڵان: بارێكی پشێوی باڵی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كێشاوە
ئەلۆن بێن مایەر، پڕۆفیسۆرە لە سەنتەری كاروبارە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی نیویۆرك و خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا، كە لە زانكۆی ئۆكسفۆرد بە دەستی هێناوە. هەروەها شارەزا و تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە، وەك كاروباری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای بەلكان و گفتوگۆ نێودەوڵەتییەكان و چارەسەركردنی ناكۆكییەكان و ڕاوێژكاری. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پتر بە دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی غەززەوە پەیوەست بوون.
* وەك ئاشكرایە بەم دواییە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە چەندین پێشهات و پەرەسەندنی گەورەدا تێپەڕیوە، كە وەرچەرخان و گۆڕانكاریی قووڵیان دروست كردووە، كە شایستەی ئەوەن هەڵوەستیان لەسەر بكرێت و تاوتوێ بكرێن، ئێوە بەگشتی چۆن لە دۆخی ئەم ناوچەیە دەڕوانن؟
- لە ڕاستیدا ئەگەر سەیری بارودۆخەكە بكەین، ئەوا دەبینین لە وڵاتێكی وەك سووریادا هێشتا ناسەقامگیری هەیە، هێشتا لە عێراق ناكۆكی و كێشە هەیە لە نێوان كورد و حكومەتی مەركەزیدا، لە پەیوەندی بە خەرجكردنی مووچە و پرسەكانی دیكەوە، هەروەها ئاشكرایە كە دۆخێكی زۆر ئاڵۆز و توند هەیە لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەكاندا، كە بە ڕاددەیەكی زۆر مایەی نیگەرانییە و پێویستە چارەسەر بكرێن. واتە بەگشتی لە جیهانی عەرەبیدا بارگرژی هەیە، ئەوەتا لە ئەردەنیش بارگرژی هەیە، كە ڕاستەوخۆ كەوتووەتە ژێر كاریگەریی كێشەی نێوان ئیسرائیل و كەناری ڕۆژئاواوە. كەواتە كاتێك لە ناوچەكە دەڕوانین، دەبینین پشێویی زیاتر باڵی بەسەردا كێشاوە، كە دەكرێت هەندێكیان كۆنتڕۆڵ بكرێن، دەكرێت دۆخی عێراق كۆنتڕۆڵ بكرێت و هەلومەرجەكە لە سووریا گۆڕانكاریی بەسەردا بێت، بەڵام ناكۆكیی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین بە هەڵگیرساوی دەمێنێتەوە، ئەمەش پرسی هەرە بە پەلەیە كە دەبێت چارەسەر بكرێت.
* ئێوە باسی پرسی فەلەستین و ئیسرائیلتان كرد، كە دۆخێكی زۆر ناهەموار لە ئارادایە، ئایا پێتان وایە دۆخەكە بەرەو خراپتر دەچێت، یان ئەگەری ئەوە هەیە كرانەوەیەك بێتە ئاراوە؟
- ئاشكرایە كە بۆ سێ دەیە زیاترە من پێداگری لەسەر ئەوە دەكەم كە چارەسەری عەمەلی و درێژخایەن بریتییە لە دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستین، ئەویش لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەت، پێم وایە هێرشە بەرفراوانەكەی 7ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2023 و شەڕی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل، ئەوەمان پێدەڵێت كە چەند پێویستە چارەسەرێك بۆ ناكۆكیی ئیسرائیل و فەلەستین بدۆزرێتەوە، بەتایبەتی دوای 77 ساڵ لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل. كەواتە ئەم پەرەسەندنانە زیاتر پێویستیی چارەسەركردنی ئەم ناكۆكییەمان بۆ ڕوون دەكەنەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستینیش بە یەكجاری ئەم ناكۆكییە یەكلا دەكاتەوە، بەڵام لەم ڕووەوە بەرهەڵستییەكی توند هەیە لە نێو ئیسرائیل، و بەتایبەتی لە نێو حكومەتی ئیسرائیلدا، ئەمەش كێشەكەیە. پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار بریتییە لەو كاولكارییەی لە غەززە ڕووی داوە، كە ئەمە بە هیچ شێوەیەك هیچ پاساوێك هەڵناگرێت، چونكە شەڕەكەی ئیسرائیل كە ئامانج لێی سزادانی حەماس بوو- كە حەماس شایستەی سزا بوو بە هۆی ئەو هێرشانەی ئەنجامی دا-، گۆڕدراوە بۆ هێرشی تۆڵەكردنەوە، ئەمەش هیچ پاساوێك هەڵناگرێت، كە بووەتە هۆی كوشتنی نزیكەی 60،000 فەلەستینی، كە دوو لەسەر سێیان منداڵ و ئافرەتن و نزیكەی لە سەتا غەززەی وێران كردووە. ئێستاش ئیسرائیل بیر لەوە دەكاتەوە كە دانیشتووانی غەززە لە شوێنی دیكە نیشتەجێ بكات و ئەمەش مایەی قبووڵكردن نییە. هەرچۆنێك بێت لە ئێستادا دەرفەتێك هەیە بەهۆی گوشارەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، بەتایبەتی هەوڵەكانی سعودیە و فەرەنسا لە نێو نەتەوە یەكگرتووەكاندا، كە داوای چەكدانانی بزووتنەوەی حەماس و دامەزراندنی حكومەتێكی فەلەستینی لە كەناری ڕۆژئاوا و كەرتی غەززە دەكەن. پێم وایە ئەمە چارەسەرێكی باشە و لەلایەن تەواوی كۆمكاری عەرەبییەوە پشتیوانی دەكرێت، كەواتە ئەمە پەرەسەندنێكی زۆر گرنگە.
* بەڵام ئایا گۆڕانكارییەكی ستراتیژی لە بیركردنەوەی ئیسرائیلدا دروست نەبووە، بەتایبەتی دوای هێرشەكانی حەماس و ئەو شەڕەی بە دوایدا هات، كە بووەتە هۆی هەڵگرتنی هەنگاوێك بۆ ئەو چارەسەرەی ئێوە پێشنیاری دەكەن، زەحمەت و دژوار بێت؟
- كێشەكە لە ئیسرائیل ئەوەیە كە ئەوەی حكومەتی ئەو وڵاتە دەیڵێت، ئەوە جێبەجێ دەكرێت و دەگیرێتەبەر، لە كاتێكدا ئەم حكومەتە نایەوێت بە ئاراستەی ئەم چارەسەرە كار بكات. تەنانەت بگرە حكومەتی ئیسرائیل خەونی دروستكردنی ئیسرائیلی گەورەی هەیە، كە تەواوی كەرتی ڕۆژ ئاوا و غەززە و بەشێكی بچووكی سووریا و بەشێكی بچووكی لوبنان دەگرێتەوە. ئەمە خەونی حكومەتی ئێستای ئیسرائیلە، بەڵام ئومێدی ئەوە دەكرێت كە گۆڕانكاری لە حكومەتی ئیسرائیلدا دروست ببێت و ببێتە حكومەتێكی میانڕەو، كە دەرك بەوە بكات، كە جگە لە چارەسەری دوو دەوڵەت، هیچ ڕێگەچارەیەكی دیكە نییە بۆ یەكلاكردنەوەی ناكۆكیی فەلەستین و ئیسرائیل، و بگرە تەواوی ئاسایشی ئیسرائیل بەندە بەم چارەسەرەوە. ئەوە هیچ پاساوێكی نییە كە حكومەتەكەی نەتانیاهۆ بە ئیسرائیلییەكان ڕادەگەیەنێت كە بوونی دەوڵەتی فەلەستینی مایەی هەڕەشە و مەترسییەكی وجوودییە بۆ ئیسرائیل، پێم وایە ئەمە هەڵەیە و بگرە پێچەوانەی ئەمە ڕاستە. تەنیا بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین، ئیسرائیل لە ئاسایشێكی درێژخایەن بەهرەمەند دەبێت.
* بەڵام پێتان وانییە دوای ئەوەی ئیسرائیل توانی گورزی كاریگەر لە بزووتنەوەی حەماس و حزبوڵڵای لوبنانی بدات، شەڕ لە دژی ئێرانیش بەرپا بكات، حكومەتی ئەم وڵاتە هەست دەكات سەركەوتوو بووە و هەست ناكات گوشارێكی جددی لەسەرە بۆ ئەوەی هەنگاو بۆ ئاشتی بنێت؟
- بە دڵنیاییەوە ئەمە كێشەكەیە لە ئێستادا، ئیسرائیل هەست ناكات گوشاری لەسەرە، و هەر گوشارێكیش لە ئیسرائیل بكرێت، پێویستە لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە ئەم كارە بكرێت، تا ئێستاش ئیدارەی ترەمپ هیچ شتێكی لەم بارەیەوە نەكردووە، ئەمەش بە تێڕوانینی من مایەی كارەساتە، چونكە ئەگەر لە ماوەی 77 ساڵی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل بڕوانیت، ئەوا لە ئێستادا پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەكان لەوپەڕی خراپیدایە. هەروەها بیرۆكەی دووبارە داگیركردنەوەی غەززە مایەی كارەساتە. مێژووش ئەوە دەڵێت كە بەردەوامیدان بە داگیركاری هەر كارەساتی لێ كەوتووەتەوە بۆ ئیسرائیل، دواتر من پێم وایە ئیدارەی ترەمپ جەماوەرێكی زۆری هەیە لە ئیسرائیلدا و باوەڕم وایە ئەمە باشترین كاتە بۆ ئەوەی بیر لە گرتنەبەری چارەسەرێكی درێژخایەن بكرێتەوە، بەڵام دەبێت چاوەڕێ بكەین و ببینین ئایا ترەمپ هەوڵەكانی دەخاتەگەڕ بە ئاراستەی بەدیهێنانی ئەم چارەسەرە؟ لەلایەكی دیكەوە دەبێت ڕای گشتیی ئیسرائیلیش گۆڕانكاری بەسەردا بێت، چونكە ڕای گشتیی ئەم وڵاتەش پشتیوانی لە چارەسەری دوو دەوڵەت ناكات. ئەگەرچی لەگەڵ بەردەوامبوونی نەهامەتییەكانی نێو غەززە، خۆپیشاندان لە ناوخۆی ئیسرائیلدا ڕووی دا و ئاماژەیان بەوە كردووە كە ئیتر بەسە و پێویستە جەنگەكە كۆتایی پێ بێت، هیوادارم ئەم بزاوتەی نێو ئیسرائیل بەرفراوان ببێت و گوشاری زیاتر لە ناوەوەی وڵاتەكە لەسەر حكومەت دروست بكەن، بۆ ئەوەی ڕەوتی كاركردنی خۆی بگۆڕێت. هەرچەندە ئەوەی لەم ڕووەوە سەیرە، ئەوەیە كە پارتە بەرهەڵستكارەكانی نێو ئیسرائیل بێدەنگن و لەم ڕووەوە هیچیان نەكردووە. كە پێویستە یەك بگرن و یەكدەنگ بن و بە ئاشكرا ڕای بگەیەنن كە چیتر ئەم بارودۆخە خراپە قبووڵ ناكەن. كەواتە پێویستە گۆڕانكاری لە ئیدارەی ترەمپدا دروست بێت، هەروەها پێویستە ڕای گشتی بڕژێتە سەر شەقامەكان، لە هەمان كاتدا پارتەكانی بەرهەڵستكاریش پلانی كاركردنیان هەبێت، پلانێكی یەكگرتووی كاركردن بۆ گۆڕینی ئاراستەی هەلومەرجەكە.
* ئەی پێتان وانییە ئەگەری هاتنەناوەوەی سعودیە بۆ نێو ڕێككەوتنەكانی ئیبراهیمی، ئیسرائیل ناچار بكات كە پێداچوونەوە بە سیاسەت و هەڵوێستەكانیدا بكات؟
- لە ڕاستیدا من دەتوانم ئەوە بڵێم كە هیچ بەرفراوانبوونێك لەم ڕێككەوتنانەدا ناكرێت، ئەگەر چارەسەرێك بۆ كێشەی فەلەستین و ئیسرائیل نەهێنرێتە ئاراوە، سعودیەش بە ڕوونی بە ئیدارەی ترەمپی ڕاگەیاندووە كە پەیوەندییەكانیان ئاسایی ناكەنەوە لەگەڵ ئیسرائیل، ئەگەر ڕێگەیەكی ڕوون نەبێت بۆ چارەسەری ناكۆكییەكە، هەروەها ئەمە هەڵوێستی بەشەكانی دیكەی جیهانی عەرەبییە. پێشتریش وڵاتانی كۆمكاری عەرەبی (22 دەوڵەت) ڕایگەیاندووە كە ئەگەر حەماس چەك دابنێت و ئیسرائیل هەنگاو بەرەو دەوڵەتی فەلەستین هەڵبگرێت، ئەوا ئیعتیراف بە ئیسرائیل دەكەن و پەیوەندییەكانیان لەگەڵیدا ئاسایی دەكەنەوە، بەم شێوەیەش ڕێككەوتنەكانی ئیبراهیمی بەرفراوان و گشتگیر دەبن.
