سنوور جاف: زۆربەی لوتكە سەختەكانم بە جلی كوردییەوە بڕیوە، ویستومە لەو ڕێگەیەوە نیشانی بدەم كە ئافرەتی كورد چەند بەهێزە

سنوور جاف:  زۆربەی لوتكە سەختەكانم بە جلی كوردییەوە بڕیوە، ویستومە لەو ڕێگەیەوە نیشانی بدەم كە ئافرەتی كورد چەند بەهێزە

 

 

سنوور جاف خانمێكی بە ئەزموون و پڕ وزەیە و لە شاری سلێمانی ژیان دەكات، لە پاڵ ئەركی دایكایەتیدا و لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە وەك خانمێكی دەست و پەنجە ڕەنگین ستایلی ژیانی ڕۆژانەی لەگەڵ بینەرەكانیدا هاوبەش دەكات و هاوكات شاخەوانێكی بە ئەزموونە.

سنوور جاف لە ساڵی 1984 لە سلێمانی لە گەڕەكی هەوارەبەرزە لەدایك بووە و دەرچووی بەشی بەڕێوەبردن و یاسای پەیمانگەی تەكنیكی كۆیەیە، وەك خۆی باسی دەكات لەو بوارەدا كاری نەكردووە بەڵكو تێكەڵ بە بواری وەرزش و لەشجوانی و شاخەوانی بووە و ماوەی سێ ساڵە گرووپێكی شاخەوانی بە ناوی شاخەوانی بێ سنووری دامەزراندووە. لە دیدارێكدا چیرۆكی سەركەوتنی لە بوارەكانی ژیاندا بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان باس دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

«وەكو ئافرەتێك لە پاڵ كاری دەرەوە زۆر گرنگی بە ماڵ و بۆنە تایبەتەكانم دەدەم و لەگەڵ ئەندامانی خێزانەكەم ژیانێكی كوردەوارییانە بەسەر دەبەم، ئەوەی زۆر گرنگی پێ دەدەم و دەمەوێ بیانهێڵمەوە خواردنە كوردەوارییەكان و ئەو كلتوور و خانەدانییانەیە كە پێشتر لەناو كورد هەبوون، نامەوێ ون بن و ئێستاش زۆربەی كەلوپەلەكانی ماڵەكەم فافۆن و بەڕە و كەلوپەلی كوردەوارین.

هەموو كات لە ماڵ و لە گەشتەكانم بەكاریان دەهێنم و ناهێڵم ون بن، لە پاڵ هەموو ئەوانە هیچ كات ڕێگەم نەداوە كاری دەرەوە وا بكات گرنگی بە ماڵ و خێزان و دەوروبەرم نەدەم، هەمیشە بەشێكی گەورەی ژیانم بۆ خێزانەكەم تەرخانكردووە، وەك حەزێك زۆرگرنگی بە ڕازاندنەوەی ماڵ و سفرە و خوان دەدەم بە شێوازی كوردەوارییانە و نەمهێشتووە دنیای مۆدێرن ئەو جوانییانە ون بكات و بە شێوازێكی جوان تێكەڵم كردوون».

هەروەها دەڵێت: «ساڵی 2004 خوێندنم تەواو كردووە، لە ساڵی 2016 بووم بە ڕاهینەری یاری لەشجوانی و زۆمبا و ئایرۆبیك بەردەوام بووم تا ئەو كاتەی گرووپی شاخەوانیم دامەزراند، لە ٢٠٢٢ گروپێكی شاخەوانیم بە ناوی گرووپی شاخەوانی بێ سنوور دامەزراند و خۆم وەك سەرۆك و سەرپەرشتیاری ئەو گرووپە بەردەوامم، لە پاڵ ئەمەش ئەركی دایكایەتی و بەڕێوەبردنی ماڵەكەمم فەرامۆش نەكردووە و لە چێشتخانەكەم دانەبڕاوم».

ئەو خانمە سەبارەت بە هۆكاری تێكەڵبوونی بەم بوارە دەڵێت: «هۆكاری كاركردنم لەو بوارەدا جیاوازە، چونكە من زۆر نەخۆش بووم و نەخۆشی ڕەبۆم هەبوو، كاتێك لە ساڵی ٢٠١٢ چووم بۆ لای دكتۆر ئەو پێی گوتم دەبێت وەرزش بكەیت و هیچ چارەسەرێكی بۆ نەنووسیم، بۆیە كە هاتمەوە دەستم بە وەرزشكردن كرد، ئەو كات هۆڵی ژنان زۆر كەم بوو لە هۆڵێكی وەرزشی پیاوانەوە لە هۆڵی مامۆستا كەمال لە زەرگەتە دەستم پێكرد، لێرەوە ڕیزم بۆی هەیە، ڕۆژانە دووجار یاری ئاسن و لەشجوانیم دەكرد، وام لێهات نەخۆشییەكەم نەما و دەوروبەر هانیاندام بەشداری پاڵەوانێتی بكەم چونكە لە هێز و توانام دڵنیابوون، لەو ماوەیەی كە لەوێ بووم پاڵەوانێتییەك لە ڕانیە ئەنجامدرا وەك خانمێك و دایكی دوو منداڵ بەشداربووم و دوای 6 مانگ یاری كردنم لەسەر ئاستی هەرێم دووەم بووم، چەند مانگێك دوای ئەوە بەشداری پاڵەوانێتییەكی دیكەم كرد و پلەی سێیەمم بە دەستهێنا كە هەردوو پاڵەوانێتییەكە تایبەت بە هێزی جەستەی خانمان بوو».

هەروەها گوتی:«دوای ئەوە ئاواتم زیادی كرد و هەنگاوی زیاترم هاوێشت، پاشان درێژەم بەیاری كردندا و وردە وردە بەشداری هەموو خولەكانی ڕاهێنەرایەتیم كرد، بەشداری دوو خولی دادوەری ئەم وەرزشەم كرد و بووم بە ڕاهێنەر و درێژەم بە كاری ڕاهێنەرایەتیدا لە هۆڵی خۆمانەوە كەدروستمان كردبوو.

 ئامانجی كاركردنی من ئەوە بوو كە یارمەتی هەموو ئەو كەسانە بدەم كە نەخۆشن و لە ڕێگەی وەرزشەوە بەسەر نەخۆشییەكەیاندا زاڵ بن و سەركەوتوو بن، هەوڵمدا لە ڕێگەی سروشت و وەرزشی شاخەوانی و ناو هۆڵەكان بتوانم یارمەتی دەوروبەر بدەم، چونكە وەرزشی شاخەوانیش یەكێكە لەو وەرزشانەی كە لە ڕێگەیەوە دەتوانیت لە ڕووی دەروونییەوە بەسەر زۆربەی نەخۆشییەكان سەركەوتوو بیت، چونكە كاتێك دەچیتە لوتكەی شاخەكان شەڕ لەگەڵ ئیرادەی خۆت دەكەیت و هەموو هەنگاوێكی سەركەوتن زاڵبوونە بەسەر ئیرادەی بەهێزی خۆت».

سنوور جاف سەبارەت بە كاركردنی خانمان دەڵێت: «بەڕای من كاركردنی ئافرەتان و كچان لە ئێستادا و لەم دۆخەدا زۆر زەرورە، ئەویش بۆ ئەوەی بتوانن یارمەتی خێزانەكانیان بدەن، بەڵام بەمەرجێك كە لە داب و نەریت و كلتووری خۆمان دەرنەچێت و ئەو ئازادییەی كە هەیانە بە وریاییەوە بەكاربهێنن و نەبێتە هۆی شێواندنی كۆمەڵگە و لە ئەرك و مافی خۆیان لابدەن.

خۆشبەختانە زۆربەی لوتكە سەختەكانم بە جلی كوردییەوە بڕیوە و ویستومە لەو ڕێگەیەوە كلتوور و ڕەسانایەتی كوردی بپاریزم و نیشانی بدەم كە ئافرەتی كورد چەند بەهێزە».

Top