جۆرج كلونی بەشداری لە فیلمێكی نوێی سینەمایی دەكات
ئەستێرەی دیاری هۆڵیوود (جۆرج كلونی)ی تەمەن 64ساڵ لە فیلمێكی نوێی سینەمایی بەشدارە بەناوی(Jay Kelly)كە سینەماكار (نوح باومباچ) لەگەڵ نووسینی سیناریۆی فیلمەكە كاری دەرهێنانی ئەنجامداوە.
لەم فیلمە سینەماییەدا جۆرج كلونی ڕۆڵی كەسێكی ئاسایی نابینێت بەڵكو ڕۆڵی كەسایەتییەك دەگێڕێت بەناوی (جەی كێڵی) كە ئەكتەرێكی دیار و ناسراوە لە هەر شوێنێكدابێت هەوادارەكانی لەدەوری كۆدەبنەوەو وێنەی لەگەڵ تۆمار دەكەن و واژووی وەردەگرن,وە (ئادەم ساندلەر)ئەستێرەی سینەمایی بەناوی(رۆن) ڕۆڵی بەڕێوەبەری كارەكانی دەگێڕێت,هەروەها لەم فیلمەدا ژمارەیەك ئەكتەر و ئەستێرەی بەئەزموون تێیدا بەشدارن,كە ئەوانیش پێكدێن لە (لاورا دیرن-بیڵی كرودوپ-ڕایلی كیوگ-گراس ئێدواردز-ستاسی كەیچ-جیم برۆدبینت) و چەند ئەكتەرێكی دیكەی سینەمایی تێیدا بەشدارن.
فیلمەكە كۆمیدیا و درامییە باس لە گەشتێكی دووری (جەی كێڵی) لەگەڵ (رۆن)ی هاوڕێی وەكو بەڕێوەبەری كارەكانی دەكات,لەم گەشتەیاندا بۆ ئۆروپا كۆمەڵێك چیرۆكی كۆمیدی و بەسەرهات ڕووبەڕوویان دەبێتەوەو ناچار دەبن كە هەندێ بڕیاری چارەنووسساز بدەن دەربارەی ژیان و داهاتوویان.
دەرهێنەری ئەم كارە سینەماییە لە ساڵی 2023 پڕۆژە سینەماییەكەی پێشكەش بە نێتفلیكس كرد بۆ بەرهەمهێنانی كە ئەوكات جۆرج كلونی و ئادەم ساندلەر وەكو دوو ئەكتەری سەرەكی ناو فیلمەكە ڕاگەیەندرا وە ساڵی دواتر ژمارەیەك ئەكتەری دیكە هاتنە نێو پڕۆژە سینەماییەكەو فیلمەكە ڕاگەیەندرا,بڕیارە لە ڕێكەوتی 28/8/2025 فیلمی (جەی كێڵی) لە 82هەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی ڤێنیس بۆ فیلم و كاری سینەمایی نمایش بكرێت و دواتر لە هۆڵی سینەماكانی جیهان پیشان بدرێت.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی
