شۆڕشكردن لە هەرێمی كوردستان بۆ مووچە نەبوو
(*)
شكۆی میلەتی كورد زۆر لەوە گەورە ترە كە بۆ شایستە داراییەكانی ملكەچ بكات و بچێتەوە سەر بە غدا، بۆ میلەتی كورد زور شتی لەوە گرنك تر هەیە، ڕاستە مووچە پێداویستی هەموو تاكێكە و مافێكی ڕەوا و سەرەتایی هاووڵاتیانە، بەڵام گرنكتر لە مووچە قەزیەی كورد و جێبەجێكردنی ماددەی 140 ی دەستووری عێراقە، ئێمەی كورد دەبێت مافە سەرەتاییەكانی خۆمان بخەینە دوای مافە گشتییەكانی هەرێمی كوردوستان، لە كاتێكدا هەندێك لایەنی سیاسی داوای ئەوە دەكەن مووچە بچێتەوە سەر بەغدا و هەستی هاووڵاتیان بە مووچە دەجووڵینن، ئەوەش هەڵەیەكی زۆر گەورەیە و بێ ڕێزییە بەرامبەر بە خوێنی شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریخوازی كوردستان و بە فیڕۆدانی ڕەنجی سی و سێ ساڵ ئازادی و خوێنی هەزاران شەهید و ئەنفال و كیمیاباران و بێسەروشیوین كردن.
ئەوەی برا پیشمەرگەكان بە شەونخونی بە بێ نان و ئاو كردوویانە هەمووی بە فیڕۆ دەڕوات، جارێكی تر نەچینەوە ژێر دەستەی عەرەبی شۆڤین و ئەنفالچییەكان با بە دەستی خۆمان نەچینەوە ژێر دەستی عەرەب و ئەنفالچییەكان، با بە دەستی خۆمان مافە بەدەستهاتووەكان پیشیل نەكەین، وەكو پێشینان وتویانە [دارێك كرمی لە خۆی نەبێت هەزار ساڵ تەمەنی دەبێت] لە كاتێكدا بتەوێت دەستكەوتێك لە دەست بدەیت زور بە ئاسانی لە دەستی دەدەیت، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر بتەوێت مافێك بەدەست بێنیت كاتی زۆری دەوێت، كەواتە دەبیت ئێمە ئاگاداربین و هەوڵبدەین ئەوەی هەیە لە دەستی نەدەین و هەنگاو بۆ سەربەخویی هەرێمی كوردستان بائیمەش ئەوە لە بیر نەكەین هەر سێ پارچەكەی تری كوردستان چاویان لەم پارچەیەی كوردستانە، كەواتە دەبێت وەكو چاومان بی پارێزین، ئەوەشمان بیر نەچێت جاران یەك سەدام هەبوو ئێستا بە هەزاران سەدام لە ئێمە ڕاست بووەتەوە و دەبێت هەوڵی ئەوە بدەین لێی دوور بین، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئیرادەی كورد زۆر لەوە بەهێز ترە بچێتە ژێر ئاڵای وڵاتێكی تر و وتافی بۆ بكێشێت و چەپڵەی بۆ لێ بدات و هەڵپەڕێت، لەم نێوەندەدا پێویست دەكات حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵی ئەوە بدات كە ژێرخانێكی ئابووری بۆ خۆی دروست بكات، سەختە بەغدا هەر مانگە و بە ئارەزووی خۆی مووچە بنێریت، كاتێك كە مووچەی هێزە ئەمنییەكانی و برا پێشمەرگەكانی بڕی، نەك بە تەنها پارتی دەبوو هەموو لاینە سیاسییەكانی هەرێم قبوڵی نەكەن، چونكە كوردستان بە پیشمەرگەوە جوانە ئەوان سمبولی كوردستانن. نابێت لەبەر مافە سەرەتاییەكانی خۆمان كە مووچەیە لە دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان كەم بكەینەوە، هەرچەندە مووچە مافێكی سەرەتایی خۆمانە، بەڵام دەكرێ لایەنە ساسییەكانی هەرێمی كوردستان بیكەنە كارتێك لە بەرامبەر حكومەتی فیداراڵی عێراق بەكاری بهێنن و بیكەن بەخاڵی ترسناك دەبێت لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان زۆر ئاگاداری دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان بن ئەو دەستكەوتانە بە خوێنی هەزاران شەهید و ڕۆڵەی ئەم گەلە بەدەست هاتوون، لە هەر كاتیكدا كە دەڵێین دەچینەوە سەر حكومەتی عێراقی ئێمە جارێكی تر دڵی دایكی جەرگ سووتاو باوكی دڵ سووتا وخوشكی ڕەش پۆش و برا پشت شكاو منداڵی بێ باوك و بێ نازەكان جارێكی تر ئازار دەدەینەوە، با ئێمە برینەكانیان ساڕیژبكەین نەك خوێ بەبرینەكانیاندا بكەین.
دوا جار ئەگەر هەر دەستكەوتێك زیاد بوو بۆ هەریم لایەنە خۆفرۆشەكان لەپێشەوە دەست دەكات بە چەپڵەلێدان و دەڵێت ئەوە كاری من بوو، دەیانەوێت دە ستكەوتەكانی ئەو لایەنە سیاسییانە كەم بكەنەوە كە خاوەنی فكری سیاسی نەتەوەیی وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان كە خۆی بە خاوەنی قەزیە كورد دەزانێت كە خەباتی بۆ سەروەری نەتەوەی كورد و كوردستان كردووە، كەواتە خاك فرۆشتن زور ئاسانە بەڵام كڕینی یەك بست خاك زور گرانە چونكە كڕینی هەر بستێكی خاكی هەرێم كە ئازاد كراوە بە خوینی ڕۆڵەی ئەم گەلە ئازاد كراوە بۆیە بە لای پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر لە مووچە گەورە ترە و چوونەوە بۆ سەر بە غدا كەم كردنەوەی دەسەڵاتی هەرێمە.
(*)
نمە عەبدولڕەحمان
