لێدوانی ژنانی ئەفغانستان لە چوارەمین ساڵیادی گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات
تۆڕی بەشداری سیاسی ژنانی ئەفغانستان، لە بەیاننامەیەکدا، چوارەمین ساڵڕۆژی گەڕانەوەی تاڵیبانیان بۆ سەر دەسەڵات بە ڕۆژێکی ڕەش لە مێژووی ئەو وڵاتە ناوبرد و ڕایگەیاند: کە گەلی ئەفغانستان لەم ماوەیەدا ڕووبەڕووی ستەم و ترس و هەژاری و دەستدرێژی و نادادپەروەری بوونەتەوە.
هەروەها تۆڕی بەشداری سیاسی ژنانی ئەفغانستان گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاوکردەوە، کە تێیدا ژمارەیەک ژنانی ئەفغانی لە کردەوەیەکی ڕەمزیدا ناوی ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤانە دەدڕێنن کە لەسەر کاغەز لەبەردەم کامێرادا نووسیویانە.
تۆڕەکە ڕەخنەی توندی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت و بە "سازانێکی شەرمەزارکەر" لەگەڵ تاڵیبان تۆمەتبار کرد و گوتی: جیهان نەک هەر پشتیوانی لە ژنانی ئەفغانستانی نەکرد، بەڵکو خەڵکیشی کردە قوربانی لە پێناو بەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆی بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تاڵیبان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "تاڵیبان بەشێوەیەکی سیستماتیک ژنانی لە گۆڕەپانەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و پەروەردەیی دوورخستووەتەوە و بە سەپاندنی ڕەگەزپەرستی جێندەر، داهاتووی ژنانیان تاریک کردووە."
گوڵان: سەردار خەلیل
