هۆکارەکانی خنکان لە ئاودا

هۆکارەکانی خنکان لە ئاودا

هۆکارەکانی خنکان لە ئاودا

پێناسەی خنکان:
خنکان بریتییە لە پرۆسەیەک کە بەهۆی کێشەی هەناسەدان لەناو ئاودا ڕوودەدات. ئەم حاڵەتە کاتێک دروست دەبێت کە بەهۆی نوقمبوون لە ئاودا، ئۆکسجین ناگاتە سییەکان و خوێن، کە دەبێتە هۆی وەستانی کارەکانی لەش.

بەداخەوە، خنکان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن لە جیهاندا. بۆیە پێویستە خەڵک زیاتر هۆشیار و ئاگادار بن، بۆ ئەوەی تووشی ڕووداوی نەخوازراو نەبن و وانە لەو ڕووداوانە وەربگرن کە لە ڕابردوودا ڕوویانداوە. هەروەک دەزانرێت، هەموو ساڵێک لەگەڵ دەستپێکی وەرزی هاویندا و بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە، خەڵکێکی زۆر بەمەبەستی خۆفێنککردنەوە و بەسەربردنی کاتێکی خۆش، ڕوو لە ڕووبار و چەمەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن. جێگەی داخە کە ساڵانە ئامارەکانی خنکان بەهۆی پابەندنەبوونی هاووڵاتییان بە ڕێنماییەکانی سەلامەتییەوە، ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن.

هۆکارە سەرەکییەکانی خنکان لە ئاودا:

١. نەزانینی مەلەکردن: یەکێکە لە باوترین هۆکارەکان.
٢. ماندووبوونی زۆر و گرژبوونی ماسولکە: ماندووبوون لەکاتی مەلەکردندا، یان گرژبوونی کتوپڕی ماسولکەکانی قاچ، کە دەکرێت بەهۆی گەرم نەکردنی جەستە پێش مەلەکردن ڕووبدات.
٣. ترس و دڵەڕاوکێ: ترس و πανیکبوون لەکاتی چوونە نێو ئاوەوە، بەتایبەت لە منداڵاندا، دەتوانێت ببێتە هۆی لەدەستدانی کۆنترۆڵ.
٤. مەلەکردن لە ئاوی زۆر سارددا: ئاوی یەکجار سارد دەبێتە هۆی شۆکبوونی جەستە و لەدەستدانی توانای جووڵە.
٥. کەوتنەخوارەوە یان خلیسکاندن: کەوتنە ناو ئاو بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە لێواری ڕووبار و چەمەکان.
٦. پێکانی جەستەیی: بەرکەوتنی سەر یان هەر ئەندامێکی تری لەش بە تەنێکی ڕەق لە کاتی بازدانە نێو ئاوەکەوە.
٧. گاڵتە و یاریی مەترسیدار: گاڵتە و یاریی نابەرپرسانە لەنێو ئاودا لەنێوان دوو کەس یان زیاتردا.
٨. حاڵەتی تەندروستیی کتوپڕ: ڕوودانی حاڵەتێکی تەندروستی، وەک جەڵتەی دڵ، فێچوون (صرع)، یان لەهۆشچوون لەناو ئاودا.
٩. ناشارەزایی لە شوێنی مەلەکردنەکە: نەزانینی قووڵیی ئاوەکە، بوونی گێژاو، یان بوونی بەردی تیژ و قەدی دار لەژێر ئاودا.
١٠. تیژڕەوی و هێزی ئاو: بەتایبەت لە ڕووبارەکاندا، کە دەتوانێت بەهێزترین مەلەوانیش ڕابماڵێت.
١١. گوێنەدان بە هێماکانی ئاگاداری: پشتگوێخستنی ئەو تابلۆیانەی کە ئاماژە بە قەدەغەکردنی مەلەکردن یان مەترسیداربوونی شوێنەکە دەکەن.
١٢. نەزانینی شێوازی فریاگوزاری: هەوڵدانی کەسێکی ناشارەزا بۆ ڕزگارکردنی کەسێکی خنکاو، کە زۆرجار دەبێتە هۆی خنکانی هەردووکیان، وەک ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەی لە قەزای بەردەڕەش ڕوویدا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی چوار هاووڵاتی.
١٣. جیاوازیی نێوان مەلەوانگە و ڕووبار: زۆرجار ئەو کەسانەی لە مەلەوانگەدا فێری مەلە دەبن، وا دەزانن ڕووباریش بەهەمان شێوە ئاسانە، بەڵام بەهۆی تیژڕەوی و نائاساییبوونی ژینگەی ئاوەکەوە تووشی مەترسی دەبنەوە.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

چەند خاڵێکی گرنگ بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتی خنکان لە ئاودا لە هەرێمی کوردستان:

١. بەکارهێنانی ئامرازەکانی سەلامەتیی مەلەوانی، بەتایبەت بۆ منداڵان.

٢. زیادکردنی دانانی هێما لە شوێنە گەشتیارییەکان، بەتایبەت لەو شوێنانەی مەلەوانی تێدا قەدەغەیە لە لێواری ڕووبارەکان.

٣. دانانی تیمی بەرگریی شارستانی و مەلەوانی ژێرئاو (غەواس) لە لێواری شوێنە گەشتیارییەکان و شوێنە قەرەباڵغەکان، بەتایبەتی لە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینیدا.

٤. دانانی تیمی خۆبەخش بۆ ڕزگارکردنی خەڵک لە لێواری ڕووبارەکان و شوێنە گەشتیارییەکان.

٥. کردنەوەی خولی فریاگوزاریی سەرەتایی بۆ ڕزگارکردنی خەڵک لە خنکان، لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە.

٦. دڵنیابوونەوە لە بوونی تیمی ڕزگارکەری شارەزا و خاوەن ئەزموونی ئەکادیمی لە ناوچە گەشتیارییەکان، سەر ڕووبار، چەم و دەریاچەکان.

٧. دروستکردنی مەلەوانگە و کردنەوەی خولی فێربوونی مەلەوانی لەلایەن کەسانی شارەزا و ئەکادیمییەوە.

٨. هۆشیارکردنەوەی دایکان و باوکان سەبارەت بە چاودێریکردنی منداڵەکانیان و ئاگادارکردنەوەیان لە مەترسییەکانی ئاو و ئاماژەدان بەو ڕووداوە ناخۆشانەی لە ڕابردوودا ڕوویانداوە.

ئامادەکردنی:
نـورالـــدین معـــتصم اسـماعیـل

Top