هێشتا خێزان ڕێگرن لە یاری كردنی كچەكانیان

هێشتا خێزان ڕێگرن لە یاری كردنی كچەكانیان

بەهرە حامد یاریزانی تۆپی بالەی یانەی سەنحاریب

هێشتا خێزان ڕێگرن لە یاری كردنی كچەكانیان
تیپی بالەی سەنحاریبی شاری دهۆك یەكێك لەم تیپانەی پارێزگای دهۆكە كە بەردەوام لە پاڵەوانێتیەكانی كچان دەبینرێ، كارگێڕیی یانەكە گرینگی بە وەرزشیی ئافرەتان دەدات بە سەرجەم یارییە وەرزشییەكانەوە، ماوەی چەند سالێكە یانەكە بە بەردەوامی یاری بالەی بە یەكێك لە یارییە سەرەكییەكانی یانەكەی داناوە بۆ پاڵەوانێتیەكان گرێبەست لەگەڵ چەندین كچەیاریزانی بە توانا لە یانەكانی تر واژوو دەكات بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان. بۆ ئەم وەرزەی خولی بالەی نایابی یانەكانی عێراقی یانەكە دەیەوێت ژمارە یەكی یانەكان بێت، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین كچە یاریزانی ئاست بەرزی یانەكانی تر هاتونەتە ڕیزی ئەم یانەیە یەكێك لە یاریزانە بەتواناكانیش بەهرە حامد-ە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2006ی قەزای دەربەندیخانە پاشەڕۆژێكی باش چاوەڕوانیەتی لە داهاتوو، ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
*بارودۆخی یاری تۆپی بالە چۆن دەبینی بە شێوەیەكی گشتی؟
-ڕەچاو بە ساڵانی پێشووتر لە ئێستادا تا ڕادەیەك بایەخ دەدرێت بە یاری بالەی خانمان، بەڵام هێشتا وەكو پێویست نییە.
*بۆچی ساڵانە كە خول و پاڵەوانێتی دەكرێتەوە هەمان یانەكان بەشدار دەبنەوە؟
- چونكە تاوەكو ئێستا یاری بالە بە شێوەیەكی پێویست نەخراوەتە بەرچاو.
*بۆچی لە ئێستادا یاری بالە لە ئاستی پێویستدا نییە؟
- تاوەكو ئێستا خێزان هەیە ئامادەیی ئەوەیان نییە كچەكانیان بنێرنە ناو یاریگا، بەمەش دەبێتە هۆی كەمی یاریزان.
*هۆكاری چیە ئەم یارییە لە ئاستی كچان پێشوازی باشی لێنەكراوە لە شارەكانی كوردستان؟
-لە هەموو شارەكان نا، بەڵام لە زۆربەی شارەكان بێگومان بەم شێوەیە چەندین هۆكاری خێزانی و كەمی هاوكاری و چەندین گرفتی تر هەیە.
* چۆن بوو بڕیارتدا بۆ یانەیەكی شاری دهۆك یاری بكەی ؟
- چونكە یانەی سەنحاریب لە كاتێكی گونجاو گرێبەتسیان هێنایە بەردەستم و بە شایستەم زانی ئەمساڵ لە سەنحاریب بم.
* گرفتت بۆ دروست نابێ لە دەربەندیخانەوە دەچیتە دهۆك؟
- ڕاستە ڕێگایەكی دوور و ماندووكەرە، بەڵام سوباس بۆخوا تا ئێستا هیچ گرفتێكم بۆ دروست نەبووە.
*بەرنامەت چیە بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە یاریزانێكی لاو؟
- من كەسێكی بە بەرنامەم بۆ هەموو لایەنێكی ژیانم و پشت بەخوای گەورە جێبەجێیان دەكەم.
*لە دوو خول بەشداری كوردستان و عێراق كامەیان بەهێزترە؟
- عێراق بەهێزترە ، چونكە گرنگیەكی زیاتری پێ دەدرێت لە چاو كوردستان.
*گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی؟
- هێشتا خێزان ڕێگرن لە یاری كردنی كچەكانیان ئەوەش گرفتە، پێویستە ڕێژەی كردنەوەی پاڵەوانێتیەكان زیاتر بكرێ، لایەنی مادی پێویستە باشتر بكرێ بۆ یاریزان چونكە مافی خۆیانە، پێویستە یاری بالە زیاتر بەرچاو ببێ.

* خەونی وەرزشیت چیە وەكو كچە یاریزانێك؟
-جگە لەوەرزش خەونی دیكەشم هەیە، بەڵام خەونی وەرزشیم یاریكردنە بۆ تیمەكانی دەرەوەی كوردستان و عێراق وەكو كچە كوردێك ببمە شانازی وڵاتەكەم.
*جگە لە سەنحاریب گرێبەستی ترت هەبوو؟
-تەنیا ئەمساڵ و ساڵانی ڕابردووش چەند یانەیەك گرێبەستیان پێشكەش كردم، بەڵام بۆ نەڕەخسا بڕۆمە تیمێكی دەرەوە.
*خێزانەكەت تا چەند هاوكارن؟
-خێزان هەرە گرنگترین بەشی ژیانی وەرزشی منە، هۆكاری سەركەوتنەكانمن سوپاس بۆ هەبوونیان.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتاییدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئەو خەمخۆرییەی بۆ وەرزشكاران هەیەتی.

 

Top