دەزگای خێرخوازیی بارزانی خزمەتگوزارییەکی بەرفراوان بۆ زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن دابین دەکات
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و پارێزگاری هەولێر و سهركونسووڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر، ڕۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە پێشوازیكردنی زیارەتكارانی چلەی ئیمام حوسێن و ئاستی خزمەتگوزارییەكانیان بەرز دەنرخێنن.
بە ئامادەبوونی بەڕێزان موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و فەرامەرز ئەسەدی سهركونسووڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران له ههولێر و مەسعود باتێلی سەرۆكی لێژنەی باڵای پێشوازیكاران و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومی و مەدەنی، ڕۆژی پێنج شەممە ڕێكەوتی 7/8/2025 كۆنگرەیەكی میدیایی تایبەت بە هاتنی زیارەتكاران بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی ماتەمێنی چلەی ئیمام حوسێن لە پیشانگەی نێودەوڵەتی لە پاركی شەهید سامی عەبدولڕەحمان لە هەولێر بەڕێوەچوو.
سەرەتا بەڕێز فەرامەرز ئەسەدی سهركونسووڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران له ههولێر، لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكاران، وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، سوپاس و پێزانینی بۆ حكومەتی هەرێم و دەزگای خێرخوازیی بارزانی و پۆلیس و ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتییەكانی گواستنەوە و تەندروستی بۆ ئاسانكاری و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان دربڕی. وەك باسی كرد، لە 85 وڵاتەوە بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن سەردانی عێراق دەكەن و لەو ژمارەیە پێنج وڵاتیان بە ئێرانیشەوە لە ڕێگەی سنوورەكانی هەرێمی كوردستانەوە سەردانی شارە پیرۆزەكانی عێراق دەكەن و بۆ چوارەمین ساڵیشە كە دەروازەی حاجی ئۆمەران بۆ هاتوچۆیان دەستنیشان كراوە. گوتیشی: "پێش هەر كەس و لایەنێك دەبێت سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بكەین، كە میوانداریی زیارەتكاران دەكەن. ئەمڕۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەر لەم شوێنەدا(پیشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە پاركی شەهید سامی عەبدولڕەحمان) پێشوازی لە زیارەتكارانی پێنج وڵات دەكات".
سهركونسووڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران له ههولێر، لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا، سوپاس و پێزانینی تایبەتی خۆی ئاراستەی ڕێزداران جەنابی سەرۆك بارزانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد، كە "بە هەموو ئیمكاناتی حكوومەتی و حزبی" میوانداریی زیارەتكارانی ئیمام حوسێن دەكەن. ئەوەشی خستەڕوو كە ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، تێچووی گواستنەوەی زیارەتكاران (هاتن و گەڕانەویان) لە سنووری حاجی ئۆمەرانەوە لە ئەستۆ گرتووە. هەر بەو بۆنەوە سوپاسی تایبەتی جەنابیانی كرد. هاوكات ڕۆڵی بەڕێز ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ هەموو ئاسانكارییەكانی سەفەری زیارەتكاران بەرز نرخاند و سوپاسی كردن.
وەك سهركونسووڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران له ههولێر باسی كرد، تا كاتی لێدوانەكەی، زیاتر لە 65,000 زیارەتكار لە سنووری حاجی ئۆمەرانەوە هاتووەنەتە هەرێمی كوردستان و جەختی لەوەش كردەوە، كە تا ئێستا ڕووبەڕووی هیچ كێشە و گرفتێك نەبوونەتەوە. مزگێنیی ئەوەشی بە زیارەتكاران دا، كە پاسەكانی هەرێمی كوردستان كە هەڵگری زیارەتكارانن لە نزیكی كەربەلا شوێنێكیان بۆ دەستنیشان كراوە، بۆ ئەوەی لە كاتی گەڕانەوە تووشی سەرگەردانی نەبن.
دواتر بەڕێز ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، باسی ئەوەی كرد، كە بۆ ساڵی چوارەمە كە زیارەتكاران لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە دێنە هەولێری پایتەخت و لە ساڵانی ڕابردوو ئەزموونی باش وەرگیراوە و، ئەمساڵ بە شێوەیەكی زۆر باشتر خزمەتی ئەو زیارەتكارانە دەكرێت، كە لە هەولێرەوە سەردانی شارە پیرۆزەكانی عێراق دەكەن. هاوكات گوتی: "ئێمە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و لەسەر هەموو ئاستەكان، بەتایبەتی لە ژێر ڕاسپاردە و ڕێنماییەكانی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی كە هەر لە سەرەتای ئەم پرۆسەیەدا ئەمری فەرموو كە، دەبێت بە هەر جۆرێك بێت، خزمەتێكی باش پێشكەشی زیارەتكارانی خۆشەویست بكرێت. ساڵانەش ئەو پرۆسەیە بە پشتیوانییەكانی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی و جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێزدار مەسرور بارزانی، لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان و هەروەها پشتیوانییە بەردەوامەكانی جەنابی وەزیری ناوخۆ و تیمی وەزارەتی ناوخۆ، هۆكارێكی ئەساسین كە ئێمە بتوانین بە باشترین شێوە لە خزمەتی ئەو خۆشەویست و ئازیزانەدا بین".
پارێزگاری هەولێر، ئاماژەی بەوەش كرد، كە پرۆسەی پێشوازی لە زیارەتكاران بە سەرپەرشتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەڕێوە دەچێت و ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە خزمەتی ئەو خۆشەویست و ئازیزانەدا دەبن. گوتیشی: "دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وەك هەمیشە لە هەرێمی كوردستاندا ناسنامەی دیوی مرۆیی خەڵك و خاكی هەرێمی كوردستان نیشان دەدات، لەو پرۆسەیەشدا جارێكی دیكە رۆڵێكی زۆر گرینگیان هەیە و ئێمە پشتیوانییان دەكەین و دەستخۆشییان لێدەكەین و هاوبەشییان لەگەڵ دەكەین، لە بەر ئەوەی ئەو كارانە بە شێوەیەكی باش بەڕێوە بچن".
پارێزگاری هەولێر، لە كۆتایی وتەكانیدا نزاكار بوو، "خوای گەورە دوعا و نزا و عیبادەتەكانی زیارەتكاران قبووڵ بكات و بە سەلامەتی بۆ شوێنی خۆیان بگەڕێنەوە".
دواتر بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پاش بەخێرهاتنی ئامادەبووان، گوتی: " خۆشحاڵین كە ئەمڕۆ وەكو دەزگای خێرخوازیی بارزانی, ئەركێكی دیكەی خۆمان بەجێدێنین. هەر لە ڕۆژی دامەزراندنی ئەك دەزگایەوە لەژێر فەرمایشتەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی، ئێمە ڕاسپێردراوین كە لە بۆنە ئایینییەكان و لە بۆنە نیشتمانییەكان وجوودێكی باشمان هەبێت و بە هەموو شێوەیەك خزمەتگوزارێ پێشكەش بكەین". گوتیشی: "ئێمە ئەو ڕۆژانەمان لەبیرە كە خەلاكی ئێمە بە هۆی ئەو كارەساتانەی كە تووشی بووە، ڕوویان لە وڵاتی ئێرانی جیران كردووە، جگە لە دەوڵەت، خەڵكەكەش بەو پەڕی میهرەبانییەوە پێشوازییان لێكردووین. ئەمڕۆ سوپاسگوزارین لە خوای گەورە، كە ئەو دەرفەت و توانایەی پێداین، كە بەشێك لە ئەركەكانی خۆمان بەجێ بێنین".
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وێڕای بەرزنرخاندنی هەموو هەماهەنگییەك لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان، خۆشحاڵی خۆی لەوە دەربڕی كە بە پشتیوانیی سەرمایەدار و بازرگانانی بەخشەر كە هەموو كات پاڵپشتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بوون، توانیویانە بە دەستێكی پڕەوە لە خزمەتی زیارەتكاراندا بن. لە كۆتایی وتەكانیشیدا نزاكار بوو ئەو زیارەتكارە بەڕێزانە ئەدای دینیی خۆیان بەجێ بێنن و خوای گەورە نزا و عیبادەتەكانیان قبووڵ بكات"
لە بەشی كۆتایی كۆنگرە میدیاییەكەدا، بەڕێز مەسعود باتێلی سەرۆكی لێژنەی باڵای پێشوازیكاران، لە وەڵامی پرسیاری میدیكاراندا، ئاماژەی بەوە كرد، كە تا ئێستا 65,000 زیارەتكار لە سنووری دەروازەی حاجی ئەمەرانەوە هاتوچۆیان كردووە، كە سەردانی شوێنە پیرۆزەكانی كەربەلا و نەجەف دەكەن، كە هەموویان زیارەتكاری ئێرانی نەبوون و نزیكەی 20%یان لە وڵاتانی دیكەوە هاتوون. ئەوەشی خستەڕوو تا ڕێكەوتی 19\8\2025 هاتن و گەڕانەوەی زیارەتكاران بەردەوام دەبێت.
هەر لە چوارچێوەی پێشوازیکردن لە زیارەتکاران بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن لە شارە پیرۆزەكانی كەربەلا و نەجەف، دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئێوارەخوانێکی بۆ زیاتر لە 3000 زیارەتکار ئامادە کرد.
بەڕێز ئیسماعیل عەبدولعەزیز، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و سەرپەرشتی تیمەکانی دەزگا بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکاران، ڕوونی کردەوە کە ئەم خزمەتگوزارییانە لە چوارچێوەی پڕۆگرامێکی تایبەتدا جێبەجێ دەکرێن. هەر لەو بارەیەوە گوتی: "ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕێکەوتی 7/8/2025، کۆمەڵێک لە بەرپرسانی پایەبەرز سەردانی شوێنی حەوانەی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن لە پیشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێریان کرد. كە بریتی بوون لە (بەڕێزان موسا ئەحمەد - سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئومێد خۆشناو - پارێزگاری هەولێر، فەرامەرز ئەسەدی - سەرکونسووڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر، مەسعود باتێلی - سەرۆکی لێژنەی باڵای پێشوازیکاران و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومی و مەدەنی) و دوای تەواوبوونی سەردانی هەموو بەشەکانی خزمەتگوزارییەكانی جۆراوجۆر لە شوێنی حەوانەوەی زیارەتكاران، لە ئێوارەخوانێكێ تایبەتدا بەشدار بوون، کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ زیاتر لە 3000 زیارەتکاری بەڕێز ئامادەى کردبوو. ئەم ئێوارەخوانە نیشانەی پێشوازی و ڕێزلێنانی خەڵکی کوردستان لە میوانە بەڕێزەکان بوو".
سەبارەت بە جۆرێ خزمەتگوزارییەکانیش گوتی: "دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتێ هەرێمی كوردستان و بە پاڵپشتیی بەخشەرانی بەڕێز، خزمەتگوزاریی جۆراوجۆری بۆ زیارەتكاران دابین کردووە، کە خواردن و خواردنەوە، شوێنی پشوودان، چارەسەری پزیشکی و فریاگوزاری و ئاسانكاری و ڕێکخستنی گەشتەکانی زیارەتكاران دەگرێتەوە. ئەم دەستپێشخەرییەش لە چوارچێوەی بەردەوامبوونی سیاسەتی پاڵپشتی لە زیارەتکاران و میوانانی ئایینیدا هاتووە، کە نیشانەی باوەڕی قووڵی خەڵکی کوردستانە بە پێكەوەژیان و رێزگرتن لە بیروڕای ئایین و ئایینزاكان".
