پڕۆفیسۆر د. عومەر ئیبراهیم عەزیز، نووسەر و مامۆستای زانكۆ: گرنگیدان بە زمانی كوردی كارێكی بە كۆمەڵە و دەبێت هەموو لایەنە پەیوەندارەكان هەماهەنگ بن تا بەهێز بمێنێتەوە

پڕۆفیسۆر د. عومەر ئیبراهیم عەزیز، نووسەر و مامۆستای زانكۆ:  گرنگیدان بە زمانی كوردی كارێكی بە كۆمەڵە و دەبێت هەموو لایەنە پەیوەندارەكان هەماهەنگ بن تا بەهێز بمێنێتەوە

 

  بۆ ئەوەی بایەخ بە زمانی كوردی بدرێت، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای پڕۆگرامەكان، پڕۆگرامەكانیش سەرەتا لە باخچەی منداڵانەوە دەست پێدەكات. لە باخچەی منداڵان پڕۆگرامیان زۆربەی بە یارییە، بۆیە دەبێت ئەو بابەتانەی كەوا فێری منداڵەكانی دەكەین، بە یاریكردن بێت، دەبێت سروود و هەڵبەست و گۆرانی بە زمانی كوردیی ڕەوان و پاراو پێشكەشیان بكرێت. ئەو مامۆستایانەشی ئەو بابەتە دەڵێنەوە، دەبێت زۆر شارەزا و بەتوانا بن لە زمانی كوردی، پێش ئەوەش دەبێت بگەڕێینەوە سەر تەمەنی شیرەخۆرە، ئەو دەمەی هەر لەدایكبوونیەوە تا تەمەنی سێ ساڵە دایك و باوكە ڕۆڵی یەكەم دەبینن. لەو تەمەنەوە تا هەرزەكاری هەر هەڵەیەكی زمانەوانی بكرێت، دەبێت ڕاستەوخۆ بەڕاستی بۆیان ڕاست بكرێتەوە. دوای دایك و باوك ئینجا خوشك و براكان و لە هەندێك خێزانی گەورە، داپیرە و باپیرەش ئەم ڕۆڵە دەبینن. كاتێك منداڵ دەگاتە سەرووی تەمەنی سێ ساڵی لە باخچەی منداڵان دەبێت ئەو مامۆستایانە بە جوانی ئامادەكراو بن، پڕۆگرامەكەشیان دەبێت لە كاتی كۆلێژی پەروەردە بەشی پەروەردەی بنەڕەتی پوخت و ڕێكوپێك بن، لە قۆناغی بنەڕەتییش ئەوەی گرنگە پڕۆگرامی ئەلف و بێی كوردییەكەی باڵداری شاعیر دێت، كە بەداخەوە ئێستا گۆڕاوە و ئەو ڕۆڵە جارانەی نەماوە كە مامۆستا ئیبراهیم ئەمین باڵدار ئێمە لەسەری فێری كوردی بووین. بەڕاستی دەبێت ئەو پیت و بڕگە و وشە و ئەو ڕستانە كە لە پۆلی یەك دەخوێندرێن، مامۆستایەكی شارەزا و لێهاتوو و بەتوانا بیڵێتەوە. بە دانانی ئەم بناغەیە بۆ پۆلەكانی دیكە تا پۆلی نۆ و دوازدەش ڕۆڵی خۆی دەبێت. قۆناغەكانی دیكەش كە پێی دەوترێت ئامادەیی لە پۆلی 10 و 11 و 12 دەبێت گرنگی بە ڕێزمان و ئەدەب و داڕشتن و خوێندنەوە و ڕێنووس بدرێت. لەبیرمە ئێمە لە شەستەكان هەموو بابەتێك كە دەمانخوێند لە ئەلف و بێی كوردیی مامۆستا ئەمین باڵدار، دوو ڕۆژی دووەم ڕێنووسیان پێدەكردین. خوێندنی زمان دەبێت لە پڕۆگرامەكانی یەكەم زیاد بكرێت، چونكە زمانی دایكە و یەكەمە. دەبێت گرنگی بە كتێبخانە (پەرتووكخانە) لە هەر قوتابخانە و خوێندنگایەك بدرێت. دەبێت مامۆستایانی زمانی كوردی بە لانی كەم هەفتانە دوو كاتژمێر قوتابیان ببەنە كتێبخانە و شتیان پێ بخوێننەوە، لە چیرۆك و هەڵبەست و پەخشان تاوەكو هۆنراوە، هەر شتێك لەو بابەتانە پێیان دەخوێننەوە، دەبێت خۆشیان پێیان بڵێنەوە و پێشكەشیان بكەن بە نۆرە و بە شێوەی گرووپ، بۆ ئەوەی زمانیان پاراو بێت. دەبێت پێداچوونەوە و گوڵبژێری پەرتووكەكانی زمان و ئەدەبی كوردی بۆ هەموو پۆلەكان بكرێت. دەبێت هەڵەكانی زمانەوانی و ڕێزمانی ڕاست بكرێنەوە و بە شێوەیەكی جوان ئامادە بكرێنەوە، هەروەها خولەكانی هاوینە بۆ بەهێزكردن و ڕاهێنانی مامۆستایان بكرێتەوە لەسەر نوێترین شێواز، ئێستا زمان، زمانی زیرەكیی دەستكردە، بۆیە دەبێت بەڕاستی لەگەڵ تەكنەلۆژیای سەردەم بتوانن بابەتەكانی زمان و ئەدەبی كوردی پێشكەش بكەن. ئەگەر ئێمە بەو شێوەیە گرنگیمان بە پڕۆگرامەكان دا و بە شێوەیەكی جوان ئامادەمان كرد و چاپەكە چاپێكی ڕەنگاوڕەنگی ڕێكوپێكی بێ هەڵە بوو، مامۆستای بۆ ئامادە كرا، ئەو كات تەنیا خاڵێكی دیكە دەمێنێتەوە، ئەویش قوتابخانە و ژینگەی خوێندنە كە زۆر گرنگە بۆ فێربوونی زمان. دەبێت هەموو پێداویستییەكانی زمانی خۆزێتی فەراهەم كرابێت، بیانبەنە لای هەندێك لە خێزانەكان، ئەوانەی كە زمانیان پاراوە، هاوكات قوتابی ببرێتە لای یەكێتیی نووسەران و وەزارەتی ڕۆشنبیری و ئەكادیمیای كوردی، بۆ ئەوەی بەڕاستی ئەمانە سەرەتا و بناغەیەكی گرنگی زمانی كوردین.

لایەنێكی دیكەی پەیوەندیدار بە گرنگی بە زمانی كوردی، بابەتی نووسینی سەر تابلۆكانە، كە بە شێوەیەك تێك دراوە، كاتێك دەیخوێنیتەوە، وا نازانی لە كوردستانیت. سەیرە زۆر لە تابلۆكان یەكەم جار بە ئینگلیزی و دووەم جار بە عەرەبی نووسراون و سێیەم بە زمانی كوردی، لە كاتێكدا ڕاست دەبێت بە پێچەوانە بێت، واتە كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی، ئەمە بەڕاستی كارەساتێكی گەورەیە و ڕاستكردنەوەی ئەم كارەساتەش ئەركی لایەنی پەیوەندیدارە كە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی و پارێزگارەكان و سەرۆكی ئیدارە سەربەخۆكانە. جگە لەوە دەبێت بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیری و ئەكادیمیای كوردی و زانكۆكان بێت، نەك هەر لەسەر نووسینەكان، بەڵكو لەسەر ناوەكانیش، ناوی كەسایەتی و نووسەر و شاعیر و شوێنە بەناوبانگەكان و ئەو هەموو ناوە جوانەی كوردی بێت. پێویستە لیژنەیەكی پسپۆڕ هەبێت، پرس و ڕایان پێبكەن و ناوە ناوە پێداچوونەوە بكەن بۆ ئەو تابلۆیانەی لە دووكانەكان و شوێنە گشتییەكان نووسراون و سزای داراییش بۆ ئەوانە دەربكرێت كە پابەندی ڕێنماییەكان نین. یەكێك لە كێشەكانی دیكەی كۆمپانیا و شوێنە بازرگانی و گەشتیارییەكان و تەنانەت دەستی كار، بوونی ژمارەیەكی زۆری كرێكارانی بیانییە كە بەداخەوە زۆریان زمانی كوردی نازانن و هەشیانە نایانەوێت بەو زمانە قسە بكەن، ئەمەش چارەسەری هەیە و دەبێت كاركردن لەو شوێنانە مەرجی زمانی بۆ دابنرێت، بە هاوشێوەی وڵاتانی دیكە. با لە سەنتەرەكانی زمان خولی زمانیان بۆ بكرێتەوە. دەتوانرێت بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەو سەنتەرانە لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردە خولیان بۆ بكەنەوە. گرنگیدان بە زمانی كوردی كارێكی بە كۆمەڵە و دەبێت هەمووان بە تاك و خێزان و كۆمەڵگە و وەزارەت و دامەزراوە گشتی و تایبەتەكان ڕۆڵی خۆیان بگێڕن. بۆیە سەد ساڵ لەوەوپێش حاجی قادری كۆیی گوتی: «لەفزی كوردی بڵاو نەبوو، گرد بوو، وا لە مابەینی ئێمە تێچوو». كەواتە دەبێت خۆمان خەم لە خۆمان و لە زمانەكەمان بخۆین بۆ ئەوەی زمانی كوردییش وەكو زمانانی دیكە بە زیندوویی و بە پێشكەوتوویی بمێنێتەوە.

 

Top