هه‌رێم و حكومه‌تى ناوه‌ندى: هه‌ڵسه‌نگاندنێكى سایكۆلۆژیانه
ئه‌لفرێد ئه‌دلێر ( 1870-1937) زاناى بوارى ده‌روونناسى، كه یه‌كێك بووه له شوێنكه‌وتوانى زیگمۆند فرۆیدى مه‌زن، كه دواتر به یه‌كجارى له قوتابخانه‌كه‌ى لایدا و قوتابخانه‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆى بۆ خۆى دامه‌زراند. ئه‌دلێر، له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌زموونى ژیانى تایبه‌ت و زانستیى خۆى، له بوارى ده‌روونناسیدا زۆر داهێنانى كرد و چه‌ندین چه‌مكى هێنایه نێو ئه‌و زانسته، كه تا ئێستاش زۆر زانا په‌یره‌وى ده‌كه‌ن و بوونه‌ته به‌شێك له مێژووى پڕ شانازیى زانستى ده‌روونناسى.
چه‌مكى به‌رژه‌وه‌ندیى كۆمه‌ڵایه‌تى یه‌كێكه له چه‌مكه‌كانى كه ئه‌دلێر، دایهێناویه‌تى و ئاماژه به‌وه ده‌كات كه تاك حه‌ز و ئاره‌زووى هاوكاریكردنى كه‌س یان كه‌سانێكى هه‌بێ و پاڵنه‌ره‌كه‌شى له‌به‌رچاوگرتنى به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌كان بێ، و له‌گه‌ڵیشیدا پاراستنى په‌یوه‌ندییه هاوبه‌شه‌كانى بێ له نێوان هه‌موو تاكه‌كانى جیهاندا، و به بۆچوونى ئه‌دلێر ئه‌و جۆر بیركردنه‌وه‌یه و له‌به‌رچاوگرتنى یه‌كێكه له پاڵنه‌ره‌كانى به‌هێزى مرۆڤ و بنه‌ماى به‌شێك له ره‌فتار و كرداره‌كانى.
ئه‌دلێر ئه‌و چه‌مكه‌ى بۆ مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ریى ئه‌و نه‌خۆشانه‌ى كه بۆ مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ركردنى نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌كانى خۆیان سه‌ردانى ده‌كردن به‌كارده‌هێنا، و هه‌وڵى ئه‌وه‌ى ده‌دا كه ئه‌وان تێبگه‌ینێتن كه ئه‌و- واته مرۆڤ، بوونه‌وه‌رێكى گرنگه و نرخ و به‌هاى خۆى هه‌یه، و هه‌روه‌ها هه‌وڵى ده‌دا ئه‌وان له به‌ها و نرخى كه‌سانیتریش
تێبگه‌ینێتن.
* * * *
ئه‌گه‌ر سه‌یرێكى دۆخى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى ناوه‌ندى بكه‌ین، هاوكێشه‌یه‌كمان بۆ ده‌رده‌كه‌وێ كه نزیكه له‌و چه‌مكه‌ى ئه‌دلێر دایهێناوه بۆ چاره‌سه‌رى نه‌خۆشه‌كان.
حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان واى بۆ ده‌چێ كه به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌كان و ئارامى و ئاسووده‌یى مرۆڤه‌كان له‌سه‌روى هه‌موو شتێك دێت، و ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌بێت هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كیتر هیچ نرخ و به‌هایه‌كى نیه، و هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌یه كه بۆ چاره‌سه‌ركردنى گرفته‌كانى به به‌رده‌وامى له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر هێڵ بووه.
به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌و قسه‌یه ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانى هه‌رێم بووه له هه‌ر بارودۆخێك و رووداوێك، چ ئێستا و چ رابردوو، و به‌تایبه‌ت له دواى ئه‌نجامدانى ریفراندۆمه‌كه‌ى هه‌رێم بۆ سه‌ربه‌خۆیى، هه‌ندێ لایه‌ن له به‌غدا به هه‌موو هێز و توانایه‌كه‌وه و به هاوكاریى لۆجستیى هه‌ندێ وڵاتى ناوچه‌كه، هێڕشێكى بێ به‌زه‌ییانه و دڕندانه‌ى كرده سه‌ر هه‌رێمى كوردستان و زۆر تاوانى دژى ئه‌و خه‌ڵك و پێشمه‌رگه‌یانه‌ى ساڵانێك بوو له‌دژى تاریكپه‌رستانى داعش ده‌جه‌نگان، ئه‌نجامى دان، و ئه‌وان مه‌به‌ستیان ئه‌وه بوو كه ئه‌زموونى هه‌رێمى كوردستان به یه‌كجاره‌كى له‌نێو به‌رن، به‌ڵام پێشمه‌رگه به قاره‌مانێتى خۆى له داستانه‌كانى پردێ و سحێلا ئه‌و خه‌ونه‌یانى له‌گۆڕنا.
ئا له‌و كاته ته‌نگانه‌یه‌شدا، هه‌رێم ده‌ستپێشخه‌رى كرد و بۆ پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌كانى هاوبه‌ش و به‌تایبه‌ت پاراستنى گیانى هاونیشتمانیان، سه‌ردانى به‌غداى كرد، چونكه به بڕواى هه‌رێم پاراستنى ئارامى و ئاسووده‌یى ده‌روونیى هاوڵاتیان له هه‌ر شتێكی‌تر گرنگتره و له پێشه‌وه‌ى هه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كى دیكه دێتن. ئه‌م ره‌فتار و كرداره‌ى كورده، كه له ماوه‌ى سه‌د ساڵى رابردووى بوونى خۆى له‌نێو عێراقدا په‌یره‌وى كردووه و هه‌میشه گفتگۆ و دیالۆگى به هه‌وێنى چاره‌سه‌ریى زۆرێك له گرفت و ناكۆكییه‌كان زانیوه، و له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه بۆ پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌كان و هاوڵاتیانى پشتى به وڵاتانى رۆژئاواش به‌ستووه، به ئۆمێدى ئه‌وه‌ى كه ئه‌م وڵاتانه خۆیان به هه‌ڵگرى بیرۆكه‌ى پشتیوانى له به‌ها جیهانى و گشتییه‌كان ده‌زانن، و ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌و وڵاتانه تێبگه‌ینرێن كه كوردستانیان نه‌ته‌وه‌یه‌كن حه‌ز ده‌كه‌ن به پێى بنه‌ماكانى دیمۆكراسى و جیهانى هه‌نگاو بنێن و خۆى له‌و ره‌فتار و كردارانه به‌دووربگرن كه ئاسایشى ناوچه‌یى و جیهانى ده‌خه‌نه مه‌ترسیه‌وه.
* * *
هه‌رچه‌نده كه به‌غدا هه‌ندێ جار و بۆ ماوه‌یه‌ك ئه‌و هه‌وڵ و ره‌فتارانه‌ى كوردستانیان له‌به‌رچاو ده‌گرێ، به‌ڵام دواجار و وه‌ك هه‌ر جار و له‌ژێر كاریگه‌رى هه‌ندێ كه‌س و لایه‌ن و وڵاته‌وه، جارێكی‌تر به‌ڵێنه‌كانى له‌یاد ده‌كات، و رێكه‌وتنه‌كان پێشێل ده‌كرێن، و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خۆى ده‌خاته سه‌رووى به‌رژه‌وه‌ندییه گشتى و هاوبه‌شه‌كان، و په‌یوه‌ندییه‌كانى خۆى و هه‌رێم جارێكی‌تر تووشى ئاڵۆزى و شله‌ژان ده‌كاته‌وه، كه زیانمه‌ندى یه‌كه‌م و دوایینى ئه‌و تێكچوونه‌ش هه‌ر هاونیشتمانیانن، نموونه‌ى ئه‌و ره‌فتاره سیاسیه‌ش بڕیاره‌كه‌ى ئه‌م دواییه‌ى دادگه‌ى فیدڕالى بوو كه له دژى قوتى خه‌لك و ناردنى 200 مه‌لیاره‌كه درا، و ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌و واقیعه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه مێنتالیته ( و ئه‌قلیه‌تى) په‌راوێز خستنى كوردستانیان له ناخ و سایكۆلۆژییاى سیاسى عێراقیه‌كان چه‌سپاوه و ماوه، و بوار نادات كه به شێوازێكیترى جیاواز بڕیار بدات و بیر له تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و به‌رامبه‌ر شكاندن نه‌كاته‌وه.
و ئه‌وه‌ى سه‌یره ئێمه‌ین كه له دۆخێكى وه‌ها دا په‌رش و بڵاوین، و له جیاتى ئه‌وه‌ى هه‌موومان وه‌ك په‌پووله له ده‌ورى مۆمێكى كوردستان و كه‌سێكى خاوه‌ن ئه‌زموون كۆ ببینه‌وه و ناكۆكییه‌كان وه‌لا بنێین، تا پاپۆڕه‌كه‌ى كوردستان له شه‌پۆڵه كۆشنده‌كانى ده‌ریاى عێراق و ناوچه‌كه پارێزراو بێت، و هه‌موومان خاوه‌ن یه‌ك هه‌ڵوێست و بڕیارى یه‌كلاكه‌ره‌وه بین، و هاوشێوه‌ى ئه‌وانه‌ى كه له دژى كوردستانیان یه‌كده‌نگن و ناكۆكییه‌كانیان وه‌لا ده‌نێن، ئێمه‌ش بیر له‌و خوێن و گیان و ره‌نج و ماندووبوونه بكه‌ین كه ئه‌و كوردستانه له سایه‌ى هاتووه‌ته دى. ئه‌گه‌ر وا نه‌كه‌ین ده‌بێ هێشتان چاوه‌روانى بڕیارى هاوشێوه بین له دژى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى كوردستانیان به گشتى و به بێ جیاوازیى حزبایه‌تى و سیاسى، وه‌ك چون پێشتریش روویانداوه، و ئه‌و كات په‌شیمانى دادمان نادات. و بۆ ئه‌و هه‌ڵوێسته یه‌كگرتووه و له سایه‌ى سه‌ركرده‌یه‌كى خه‌مخۆرى كوردستان و دڵسۆزى كورد هیچكات له ئێستا زووتر نیه، و به رۆحێكى برایانه و دوور له خۆپه‌رێستى و رق و كین، بۆ یه‌كترى سازش بكه‌ین، چونكه مه‌ترسییه‌كان هه‌ڕه‌شه‌مان لێده‌كه‌ن، وه‌ك زاناى گه‌وره، چارلز داروین، بۆى ده‌چێ ده‌بێ ئێمه‌ش خۆمان بۆ ئه‌و دۆخه ئاماده بكه‌ین و "له‌گه‌ڵى بگۆنجێین" تا له " ململانێیه‌كانى ژیان" له نێو نه‌چین.
*پرۆفیسۆرى یاریده‌ده‌ر/ زانكۆى زاخۆ

د. نه‌سره‌دین ئیبراهیم گولى*