پەروەردەكاران بژاردەكانیان بۆ پشووی هاوینەی قوتابیان دەخەنەڕوو
لە ماوەی ڕابردوودا هەڵسەنگاندنی قوتابیان بە هەموو قۆناغەكانیەوە ئەنجام درا و لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە یەك ملیۆن قوتابی لە پشووی هاوینەدان، پەروەردەكاران لەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان، باشترین بژاردە و ڕێنمایی تایبەتیان بۆ پشووی هاوین و سوودوەرگرتنی قوتابی لە پشووەكە بە شێوەیەكی باش و تەندروست بۆ بەخێوكاران دەخەنەڕوو.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
ساڵانە لەگەڵ كۆتایی هاتنی پرۆسەی خوێندن و دەستپێكردنی پشووی هاوین چەندین خولی جۆراوجۆر وەك خولەكانی بەهێزكردن و تەواوكردنی پرۆگرامەكانی خوێندن بۆ قوتابیان لە بەرانبەر وەرگرتنی بڕە پارەیەك دەكرێتەوە، لە خولەكاندا وانەی جۆراوجۆر دەخوێندرێت و ژمارەیەكی زۆریش لە قوتابیان ڕوو لەو ناوەندانە دەكەن، پسپۆڕانی بواری پەروەردە و خوێندنیش بەربڵاویی خولەكانی بەهێزكردن و چاولێكەریی فێرخوازان بۆ بەشداریكردنێكی فراوان لەو خولانەدا، بە هۆكارێك دەزانن بۆ گرنگینەدان بە خوێندنی قوتابخانە و دابەزاندنی ئاستی فێربوون و فێركردن بەشێوەیەكی بەرچاو لە قوتابخانەكاندا.
دەروونناسان و شارەزایانی بواری پەروەردە، جەخت لەوە دەكەنەوە، دەبێت بەخێوكاران پلانێكیان هەبێت بۆ منداڵەكانیان سەبارەت بە چۆنیەتی بەسەربردنی پشووی هاوینە و فێریان بكەن، چۆن پلان بۆ كاتەكانیان دابنێن و هەموو كاتەكانیان بە خەو و بە بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەسەر نەبەن، بە شێوەیەك كە هیچ سوودی نەبێت و تەنیا بۆ كوشتنی كات بێت.
بارزان سەباح مامۆستای زانكۆیە و سەرەتا باس لەوە دەكات كە «پشووی هاوین دەرفەتێكی گرنگە بۆ منداڵان بە مەبەستی فێربوون و پەرەپێدانی كەسایەتییان. دایك و باوكان دەتوانن لە چەندین بژاردەی جیاواز سوود وەربگرن بۆ بەسەربردنی كاتێكی بەسوود و خۆش بۆ مندالەكانیان.
بەشداریكردن لە چالاكییە دەرەكییەكان و سەردانی سرووشت و پاركەكان، یەكێك لە باشترین هەڵبژاردەكانە. مندالان دەتوانن لە هەوای پاك و سروشتی جوان كەیف وەربگرن، هەروەها دەربارەی ژینگە و ئاژەڵان فێری شتی نوێ ببن. گەشتی كورت بۆ شوێنە گەشتیاری و مێژووییەكان، زانیاری و ئەزموونی نوێ وەردەگرن.
بەشداریكردنی منداڵان لە فێرگەی هاوینە یاخود قوتابخانەی هاوینە لە بوارەكانی وەرزش، هونەر، زمان، و زانست ئەمەش كارامەییەكان و بەهرەكانی منداڵان پەرەپێدەدات. منداڵان لەم جۆرە خولانە بە دەرفەتی دۆستایەتی نوێ و فێربوونی شتی تازە ئاشنا دەبن. دەتوانم بڵێم لە چالاكییەكانی ماڵەوە وەكو خوێندنەوەی كتێب، یارییە تەكنەلۆژییە پەروەردەییەكان، و پڕۆژەی هونەری لە ماڵەوە و فێربوونی كۆمەڵێك كارامەیی نوێ، دەتوانن هزری منداڵ چالاك بهێڵنەوە.
لە كۆتاییدا، باشترین بژاردەی پشووی هاوین ئەوەیە كە تێكەڵەیەك بێت لە خوێندنەوە، چالاكی جەستەیی، هونەر، و كاتی خێزانی. هەر منداڵێك بەپێی حەزەكانی خۆی پێویستی بە بژاردەی تایبەت هەیە، بۆیە گرنگە دایبابان گوێ لە منداڵەكانیان بگرن و بەپێی ئارەزووەكانیان پلان دابنێن و هاوسەنگی لە نێوان چالاكییە پلانكراوەكان ڕابگرن، چونكە كاتی ئازاد زۆر گرنگە بۆ گەشەی دەروونی تەندروست».
دوریا شێروانی مامۆستای قۆناغی بنەڕەتییە و ڕای وایە: «یاریی ئەلیكترۆنی، شاشەی تیڤییەكان، ئامێری ئەلیكترۆنی، ئەمڕۆ بەشێكی گەورەی ژیانمانی داگیر كردووە، بەتایبەت منداڵەكانمان وێڕای ئەوەی سوودێكی بەرچاویان هەیە، بە جۆرێك دوورترین ڕێگایان نزیك كردووەتەوە و شاراوەترین زانیارییان بۆ ئاشكرا كردووین، بەڵام بەدەر نییە لە كاریگەریی نەرێنی و گەیشتووەتە ڕاددەیەك لای منداڵان كە ڕێژەی ئۆتیزمی لەنێو منداڵان بە شێوەیەكی مەترسیدار بەرز كردووەتەوە». گوتیشی: «بۆ ئەوەی ئێمە كارئاسانی بكەین بۆ پاراستی منداڵەكانمان لە مەترسییەكانی شاشەكان پێویستە میكانیزمگەلێك بگرینەبەر، لەوانە بەشدارییان پێ بكەین لە خولە جیاوازەكانی هاوینە، گەشت و گەڕان بە نێو سرووشتدا، هاندانیان بۆ یارییە نائەلیكترۆنییەكان بە دابینكردنی یاریی جیاواز و نوێ و سەرنجڕاكێش بۆ منداڵەكانمان، بەڵام بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە هەنگاو بە هەنگاو كاری لەسەر بكەین، بەتایبەت لەگەڵ ئەو منداڵانەی كە ڕاهاتوون، یان خووگرتوون بە یاریی ئەلیكترۆنی، چونكە لەناكاو قەدەغەكردنی دەبێتە هۆی ئەوەی كاریگەریی نەرێنی و مەترسیدار لەسەر منداڵەكە دروست بكات».
ئاراس حەسەن، بەڕێوەبەری قوتابخانەی (ئاڵتون ستی)ـە لە هەولێر و باسی ئەوە دەكات كە «پڕكردنەوەی كاتەكانی منداڵ یەكێكە لە كارە گرنگەكانی دایك و باوكان و پێویستە بە گرنگییەوە بڕیاری لێ بدەن، پشووی هاوینی قوتابیان كاتێكی ئێجگار زۆرە بۆ منداڵان و تێیدا دەتوانن سوودێكی زۆری لێ ببینن، بەتایبەت ئەگەر بە جوانی كاری لەسەر بكەن و بڕیاری لێ بدەن، نەك بەشێوە تەقلیدییەكە كە ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەستپێكردنی پشووی قوتابخانە، منداڵ بنێردرێنە خولەكانی بەهێزكردن بۆ پڕۆگرامەكانی خوێندن و ژینگەی ئەو منداڵە وای لێبێت هەست بە پشوو و جیاوازی نەكات لە نێوان پشووی هاوین و كاتەكانی دەوامی قوتابخانە، ئەمەش كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر منداڵەكە، هەرچەندە دەرینەبڕێت،بەڵام فشاری زۆری دەروونی لەسەر دروست دەكات».
هەروەها گوتی: «یەكێك لە ڕێگە گونجاوەكان بۆ پڕكردنەوەی كاتەكانی پشووی هاوین، پشوودانێكی تەواوی قوتابییە بۆ ماوەیەك كە كەمتر نەبێت لە دوو هەفتە و دواتر دەتواندرێت بنێردرێنە ئەو خولانە تاوەكو پەرە بە بەهرەكانیان بدەن، یان هونەرێك فێربكرێن، وەك فێربوونی زمانەكان، مەلەوانی، تۆپی پێ، موزیك، یان هەر خولێكی تر كە ڕۆژانە نەبێت بە لای زۆری هەفتەی سێ ڕۆژ بێت، كە منداڵ تێیدا وزەی بەكاربهێنێت و چێژی لێ ببینێت و جیاواز بێت لەو ژینگەی كە بە درێژایی كاتی قوتابخانە تێیدا بووە، پێویستە لە هاویناندا بتوانێت منداڵی خۆی بەسەرببات نەك تەنیا هەر خوێندن و خوێندن، چونكە هەر خوێندن و خوێندن وا دەكات قوتابخانە و خوێندن ببنە دێوەزمە لای منداڵان. ئەوكات هەم لە ڕووی دەروونییەوە ئارام دەبێت و هەم سوود وەردەگرێت و هەم دووركەوتنەوەی لە ژینگەی قوتابخانە وای لێدەكات كە تامەزرۆ بێت بۆ كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان و لە ساڵی داهاتووی خوێندندا زیاتر بەرەوپێش دەچێت».
عیسا بۆتانی، نووسەری پەروەردەییە و لەمبارەیەوە دەڵێت:» كاتێك قسە لەسەر پشووی هاوینەی قوتابیان دەكەین دەبێت واتای وشەكە لەبەر چاو بگرین. ئامانج و مەبەست و بیرۆكە لە داخستنی دەرگای قوتابخانەكان لە وەرزی هاوین دوای تەواوبوونی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی وەرزی دووەم و مانەوەی قوتابیان لە ماڵەوە وەرگرتنی پشووە كە بەدرێژایی ساڵێكی خوێندن قوتابیان پەیوەست بوون بە ئەنجامدانی ئەرك و خوێندن و هاموشۆی قوتابخانە.
ماوەی پشوو خۆشترین كاتە بۆ قوتابیان كە هیچ یەكێك لەوان خوازیاری ئەوە نین لەو ماوەی پشووی هاوینەدا هاوشێوەی قوتابخانە بخرێتەوە بەر خوێندن، ئەوان زیاتر ئارەزووی بەسەربردنی كاتێكی خۆش و گەشت و یاریكردنن كە ئەمە مافێكی ڕەوای خۆیانە، لەگەڵ ئەوەشدا ماڵباتەكانیان دەتوانن لە ڕێگەی ڕەخساندنی هەلێكی گونجاو یارمەتیان بدەن بۆ دەستنیشان كردنی ئەو یاری و خولیایەیان كە پەرە بە توانا و بەهرەكانیان بدات».
گوتیشی: «هەمووان دەزانن كە منداڵێتی قۆناغی جێگیربوونی یادەوەری جوان و دڵخۆشكەرە كە بە درێژایی تەمەن لەگەڵیاندا دەمێنێتەوە، جاری وا هەیە كارەكتەری فیلم كارتۆنێك بەقەدەر مامۆستا و باوانەكانیان كاریگەری لەسەر دروستبوونی كەسایەتییان دەبێت و دەبێتە بەشێك لە یادەوەرییەكانی تەمەنیان، ڕاستە لە ئێستادا سەرچاوەكانی پیشاندان و بەرهەمهێنانی هونەری بۆ منداڵان زۆرن و جیاوازن، بەڵام هەمیشە مرۆڤەكان بەلایانەوە پەسند ترە دەرمان لە دەرمانخانە بكڕن نەوەك لە ماركێت. لە ڕێگەی ئەو نموونەیە دەمانەوێت بڵێین كە پێویستە كەناڵی پەروەردەیی لە وەزارەتی پەروەردە ئەگەر توانای بەرهەمهێنانیشی نەبێت ئەوا كار بۆ بە كوردیكردنی چەند فیلم كارتۆن و گۆرانی و پڕۆگرامێكی سەرنجڕاكێش و زانستی بە تایبەت بۆ وەرزی هاوین بكات. هەمیشە ئەو پرسیارە لە مێشكماندا دەزرینگێتەوە بۆچی تاكو ئێستا هیچ بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنی بەقەدەر (ئیفتەح یا سمسم و مەدینەتولقەواعید و مدینەتولزاد و ... هتد) نەیتوانی ناوی خۆی لەزەین وهۆشی نەوەكاندا جێگیر بكات، هیوا دەخوازین كە وەزارەتی پەروەردە لەلایەن خۆیەوە كارێكی پیرۆز و هاوشێوەی ئەوە بكات.
جگە لەوەش هیچ قوتابییەك نییە خولیا و ئارەزوو و بەهرەیەكی نەبێت، كە ئەو ماوەی پشووە دەرەفەتێكە هەم پەرەیان پێ بدات و هەم ببێتە ماوەیەكی چێژبەخش بۆیان. بەشداریكردنیان لە خێوەتگا و خولەكانی وێنەكێشان و خۆشنووسی و ... هتد، هەموویان گرنگن و نكۆڵی لە سوودەكانیان ناكرێت، بەڵام لە ئێستادا هیچ دەرفەتێكی بەشداریكردن لەو خولانە بێ بەرامبەر نییە و هەموو لەلایەن كەرتی تایبەت و وەكو لایەنێكی بازرگانی بەڕێوە دەچن و سەیر دەكرێن، لە كاتێكدا هەموو ماڵباتەكان دۆخی ئابوورییان لەو ئاستەدا نییە تاوەكو منداڵەكانیان لەو خولانە ناونووس بكەن، بەڵام دەتوانن لە ماڵ هاوكاری منداڵەكانیان بن تاكو ئەو ماوەی پشووە بەو شتانە بەسەر ببەن كە كەڵكی بۆیان هەبێت، پێویستە ئەو كاتانەی كە منداڵەكانیان هەست بە بێزاری و بێتاقەتی دەكەن هانیان بدەن بۆ یارییە هزرییەكانی وەكو (شەترەنج) و هەروەها لە خوێندنەوەی چیرۆك و ئەو گۆڤارانەی لەگەڵ تەمەنیان دەگونجێت ڕابهێندرێن».
