پڕۆفیسۆر برایان تریپ بۆ گوڵان: هێشتا دوورین لەوەی بتوانین دەماغێكی دیجیتاڵیی هاوشان و هاوشێوەی دەماغی مرۆڤ دروست بكەین
ئاشكرایە كە نموونەكانی ئەوەی پێی دەگوترێت «بایەلۆجیی دەمارەخانەكان و فێربوونی قووڵ» لە پەیوەندییەكی قووڵ و بەرەوپێشچووندان، ئامانجی هەردووكیشیان ئەوەیە كە لە ئیدراكی مرۆیی تێبگەین و لاسایی بكەنەوە. بایەلۆجیی دەمارەخانەكان سەرنجەكانی چڕ دەكاتەوە لەسەر بونیادی دەماغی مرۆیی و ئەو ئەركانەی ئەنجامی دەدات، لەگەڵ جەختكردنەوە لەسەر چۆنیەتی بەشداریی دەمارەخانەكان لە بواری ئیدراك و فێربوون و بڕیاردان و فێربوونی قووڵ، كە لقێكە لە زیرەكیی دەستكرد و لەم پرۆسە بایەلۆجییانەوە وەرگیراون. تۆڕە دەمارەخانە دروستكراوەكان چەند پەیكەربەندییەكی فرەچینین بۆ پرۆسێسكردنی داتاكان و فێربوونی شێوازە ئاڵۆزەكان، لەم ڕووەوە، برایان تریپ كە پڕۆفیسۆرە لە زانستی تۆڕەكانی دەمارەخانەكان لە زانكۆی واترلۆ، نموونەكانی كۆمپیوتەر بەكار دەهێنێت، بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە لەبارەی ئەوەی چۆن دەماغ پرۆسێسی داتا و زانیارییەكان دەكات و، نموونەكانی دەمارخانە و فێربوونی قووڵ بەكار دەهێنێت، بۆ دیراسەتكردنی پرۆسەی بینین و جووڵە. هەروەها بایەخ دەدات بە جێبەجێكردنی ئەم نموونانە لەو ئەركە قورسانەی كە ڕۆبۆتەكان ئەنجامی دەدەن، ئەویش لە پێناو بەدەستهێنانی تێگەیشتنێكی باشتر لە چۆنیەتیی مامەڵەكردنی دەماغی مرۆیی لەگەڵ جیهانە ماددییەكەدا. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا، كە تەوەرەكانی پەیوەست بوون بەو بەرەوپێشچوونانەی لە بواری ئەوەی پێی دەگوترێت «زانستی دەمارخانەی تیۆری»، و ئایا ئەمە چ پەیوەندییەكی هەیە بە زانستەكانی دیكەوە، بەتایبەتی دەروونناسی و، ئایا تا چەند دەكرێت لە بوارە سەربازییەكاندا بەكار بهێنرێت بە شێوەیەك كە زیانی بۆ مرۆڤەكان هەبێت.
* وەك كەسێكی تایبەتمەند لە بواری ئەوەی پێی دەگوترێت «زانستی دەمارەخانەی تیۆری»، كە توێژینەوە دەكات لەسەر چالاكیی دەماغ، كە زۆرێك لە زانستەكانی وەك دەرونناسی و زانستی ئیدراك و بیركاری و فیزیا و زانستی كۆمپیوتەر دەبڕێت، چۆن لە بەرەوپێشچوونی ئەم زانستە دەڕوانن لە دە ساڵی داهاتوودا؟
- لە ڕابردوودا زانستی دەمارەخانەی تیۆری خۆی سەرقاڵ كردبوو بە ڕاڤە و لێكدانەوەی كۆمەڵێك لەو دیاردانەی كە لە ئاستێكی بچووك و بەرتەسكدا لە ئارادا بوون، بەڵام پێم وایە لە داهاتوودا بە ئاراستەیەك بەرەوپێش دەچێت، كە برەو بە مۆدێلێكی گەورەتری ئەم زانستە بدات، بە چەشنێك كە داتای زیاتر لەخۆ بگرێت و ئەركی ئاڵۆزتریش ئەنجام بدات.
* پرسیاری دووەم پەیوەستە بەوەی ئایا چ پەیوەندییەك لە نێوان زانستی دەمارەخانەی تیۆری و ڕۆبۆت و زیرەكیی دەستكرددا هەیە، بەتایبەتی كە ئێستا باس لەوە دەكرێت كە ئیدی ڕۆژگاری ئەوەیە كە زیرەكیی دەستكرد ڕۆبچێتە نێو هەموو بەشەكانی ژیان، ئایا ئەم پەیوەندی و كارلێكە چ دەرئەنجامێكی لێ دەكەوێتەوە؟
- لە ڕاستیدا چەندین پەیوەندی و ڕایەڵە هەن، بۆ نموونە دەكرێت زانستی ڕۆبۆتەكان شێوازەكانی زیرەكیی دەستكرد بەكار بهێنن، بە چەشنێك كە بتوانن لە كۆتاییدا ئەو بۆشایی و كەلێنە پڕ بكەنەوە كە لە ئارادایە لە بواری ئەو زیرەكیی دەستكردەی كە هاوشێوەی دەماغ، ئەمەش دیدگایەك بە سیستمی دەستكرد دەبەخشێت، كە پەیوەندیی بە گرووپێكی دیاریكراوی هەستەوەرەكانەوە هەیە. بۆ نموونە زۆرێك لە بیرۆكە سەرەكییەكانی بواری زیرەكیی دەستكرد (برەوپێدان و بەهێزكردن، تۆڕەكانی دەمارخانەكان، سەرنجدانەكان) لە دەماغەوە وەرگیراون، زۆرجار ئەمەش لەو كەسانەوە دەستی پێكردووە كە هەوڵیان داوە، لاساییكردنەوەی كاری دەماغ بكەن، مەبەستم پیادەكردنی زانستی دەمارەخانەی تیۆرییە.
* چ پەیوەندییەك بەدی دەكەن لە نێوان زانستی دەمارخانەی تیۆری بە زانستی دەروونناسی، یان زانستی ئیدراكەوە، بەتایبەتی كە ئێستا بە هۆی بەرەوپێشچوونی ئەم دوو بوارەوە چەندین دەرفەت و ئاڵنگاری دروست بوون و هاتوونەتە ئاراوە، ئێوە چۆن لەم پرسە دەڕوانن؟
- لە ڕاستیدا ئەوەی دەكرێت لەم ڕووەوە بگوترێت، ئەوەیە كە نموونەكانی كۆمپیوتەر بە دیاریكراوی بەكار دەهێنرێن لە بواری زانستی ئیدراكدا، هەروەها هەندێ لە شێوازەكانی ئیدراك كەمتر زەمینەیەكی سایكۆلۆژییان هەیە لە بواری زانستی دەمارەخانەی تیۆریدا، واتە كەمتر لەوەی هەندێ كەس پێشبینی دەكەن، بەڵام دەكرێت هەندێك لە نموونەكان لە هەردوو بوارەكەدا بەكار بهێنرێن.
* ئەگەر بێینە سەر دەرئەنجام و دەرهاویشتەكانی بەكارهێنانی زانستی دەمارەخانەی تیۆری، ئایا پێتان وایە هیچ مەترسییەك هەبێت لەم ڕووەوە كە بتوانین ئاماژەیان پێ بكەین و كار بۆ ڕێگریكردن، یان كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی بكەین، بەتایبەتی مەترسیی ئەوەی لە بواری سانسۆركردن، یان تەكنەلۆژیای سەربازیدا بەكار بهێنرێن؟
- لە ڕاستیدا من پێم وانییە ئەو مەترسییانەی لە زانستی دەمارەخانەی تیۆرییەوە سەرچاوە دەگرن، زۆر زیاتر و گەورەتر بن لەو مەترسییانەی دەكرێت لە ئەنجامی بەرەوپێشچوون و جێبەجێكردنی زیرەكیی دەستكردەوە بێنە ئاراوە و دروست بن، هەرچۆنێك بێت ئومێد و هیوای من ئەوەیە ئەگەر هاتوو لە داهاتوودا نموونە و شێوازەكانی زیرەكیی دەستكرد بە چەشن و ڕاددەیەكی گەورەتری زانستی دەمارەخانەیان بەكارهێنا، ئەوا كەمتر لە ئاست ڕەفتارەكانیدا تووشی سەرسوڕمان و سەرسامی ببین، ئەگەرچی دەبێت ئەوەش بڵێم كە من لەم ڕووەوە دڵنیا نیم.
* با بە دیاریكراوتر پرسیار بكەین، لە ئێستادا ئەگەری ئەوە هەیە ئەو ئامێرانە، یان مۆدێلانە دروست بكرێن و بهێنرێنە ئاراوە بە چەشنێك پێشكەوتوو و ئاڵۆز بن، كە بتوانن ئەرك و وەزیفەكانی دەماغ ئەدا بكەن و ئەنجامی بدەن. ئایا پێتان وانییە ئەگەر ئەمە هاتە ئاراوە، ئەوا پرس و بابەتی ئەخلاقی بورووژێنێت، واتە ئەو كاتە ژیانی ئەخلاقی و مرۆیی چی بەسەر دێت؟
- ڕەنگە ئەوەی ئێوە ئاماژەی پێ دەكەن لە قۆناغێك لە قۆناغەكاندا بێتە ئاراوە و ڕوو بدات، وردتر بڵێین ڕەنگە لە داهاتوودا ڕووبەڕووی ڕۆژگارێكی دژوار ببینەوە كاتێك دەتوانین بە شێوە و بە ڕاددەیەكی باش لاسایی ئەركەكانی دەماغ بكەینەوە، واتە ڕەنگە ئێمە بتوانین لە ڕێگەی دروستكردنی ئەو مۆدێلانەی كە توانای لاساییكردنەوەی ئەركەكانی دەماغیان هەیە، كار بكەین لە پێناو دەوڵەمەندكردنی ئەزموونی زاتی و خودی خۆماندا، بەڵام پێم وا نییە ئەمە بە چەشنێك بێت كە ببێتە هۆی ئەوەی ئەم ئەزموونە ئەرێنی بێت، یان مانادار بێت.
* ئایا پێتان وایە بەرەوپێشچوون و ڕەوتی پەرەسەندنی زیرەكیی دەستكرد و زانستی دەمارەخانەی تیۆری بە ئاراستە و ئاقارێكدا بڕۆن، كە بگاتە ئەو ڕاددەیەی كە «دووانەیەكی دیجیتاڵی» بۆ دەماغی مرۆیی دروست ببێت و بێتەئاراوە؟ ئایا ئەگەر ئەمە هاتە ئاراوە ژیان چی بەسەر دێت؟
- من پێم وایە ئێمە دوورین لەوەی بەم ڕۆژگارە بگەین و ڕەنگە نەتوانم لە ئێستادا ئەوە دەستنیشان بكەم كە ئایا ئاستەنگ و بەربەستە سەرەكییەكە چی بێت لە گەیشتن بە پێشكەوتنێكی لەم چەشنە، بەڵام یەكێك لە كێشەكان لەم ڕووەوە بریتی دەبێت لەوەی كە ڕوون نییە چۆن دەتوانین لە ئێستادا لە دەماغێكی مرۆییەوە هێندە زانیاریی ورد كۆبكەینەوە، كە بەس بێت بۆ ئەوەی بتوانین بە وردی ئەركەكانی كۆپی و دووبارە بكەینەوە. ڕەنگە لە باشترین حاڵەتدا بتوانین هەوڵی ئەوە بدەین، كە تێكڕای پێوەرەكان بگونجێنین لەگەڵ داتا بەردەستەكاندا، یان چاوەڕێ بكەین كە دەماغەكە، شی ببێتەوە بۆ ئەوەی ورد ورد و بە تەنكی پارچە بكرێت، بۆ ئەوەی زانیاریی وردی پەیوەندیداری لێ كۆ بكرێتەوە، بەڵام ئەمەش ئەگەرێكی دوورە و بەدەستهێنانی دژوارە.
