ئالنگارییەكانی ئێستای بەردەم زمانی كوردی

ئالنگارییەكانی ئێستای بەردەم زمانی كوردی

ئەمڕۆ 28ی 7ی 2025 ، بە ئامادەبوونی د.سالار عوسمان بەپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، سی و یەكەمین ئەڵقەی بازنەی گفتوگۆ بە ناونیشانی " ئالنگارییەكان ئێستای بەردەم زمانی كوردی" لە هۆڵی بەشی رۆشنبیری و ڕاگەیاندن بەرێوەچوو.
لەم گفتوگۆیەدا كە بەڕێزان " د.سالار عوسمان، د.عەبدولسەلام نەجمەدین، بورهان ئەرگوشی ، دلێر محەمەد، د.ئەرخەوان عوبێد، ئەمین حاجی زەڵمی، كارزان عەبدولهادی، كازم مەغدید، تاریق كاریزی و هەر یەك لە موئەیەد تەیب و نەوزاد هروی بە- سكایب، هەروەها ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ – شڤان حەمدی، پ.د.نەزاكەت حسێن، د.جەلال ئەحمەد ، فەرهاد محەمەد" ئامادەبوون.
لەدەسپێكدا ئەو ڕاپۆرتە مەیدانیە لەسەر سكرین نمایشكرا كە لە تەواوی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان ئامادەكرابوو ، تیێدا ڕابۆچوونی چەندین كەسانی پسۆر لە زمان و هەروەها هاوڵاتیان و كاسبكاران وەرگیرابوو، كە رەخنەیەكی زۆر گیرابوو سەبارەت بەوەی كە لە ئێستادا خەریكە ئالنگاری زۆر مەترسیدار ڕووبەڕووی زمانی كوردی دەبێتەوە، بەتایبەتی كە سەرنج دەدرێت بەشێكی تاپلۆی شوێنە گشتی و گەشتیارییەكان بەزمانی كوردی نەنووسراوە یان ئەگەر هاوشانی زمانی دیكە بە زمانی كوریش نووسرابێت ئەوا بایەخی سەرەكی بەزمانی كوردی نەدراوە.
دوای نمایشكردنی ئەم ڕاپۆرتە، ئامادەبووان زۆر بە تیروتەسەلی لەسەر ئەو ئالنگارییانەی ئێستا ڕووبەرووی زمانی كوردی دەبنەوە گفتوگۆیان كردو، راشكاوانە جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرنامە و پلانی ستراتیژی بۆ پاراستنی زمانی كوردی و وەك زمانی سەرەكی هەرێمی كوردستان دابڕێژێت،ـ سەبارەت بەو ئالنگاریانەشی كە لەناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان ڕووبەرووی زمانی كوردی دەبێتەوە ، پێشنیار بۆ حكومەتی هەرێم خرایە ڕوو بەوەی دەبێت بەرنامە و پلانی ستراتیژی بۆ خوێندنی كوردی لەو ناوچانە هەبێت و گرنگە حكومەتی كوردستان دەستپێشخەری ئەوە بكات كە قوتابخانەی نموونەی لە كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان تایبەت بە خوێندنی كوردی بكاتەوە.
سەبارەت بەناوخۆی هەرێمی كوردستانیش جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە دەبێت، لەقوتابخانە ئەهلی و نیودەوڵەتیەكانی هەرێم ، ریوشوێنی پێویست دابنرێت بۆ ئەوەی هاوشانی زمانی ئینگلیزی بایەخ بە زمانی كوردی بدرێت، هەروەها جەخت لەوە كرایەوە دەبێت وەزارەتە پەیوەندارەكانیش ریوشوێنی پێویست و توند بگرنە بەر ، وەك دانانی مەرجی " فیربونی زمانی كوردی" بۆ ئەو كارگوزەرانەی لە شوێنە گشتی و گەشتیارییەكان كاردەكەن، هەروەها دەبێت مەرجی ئەوە دابنرێت لە ئاهەنگی شەوانەی كافیریا و هۆتێلەكاندا بایەخێكی هێجگار زۆر بە میوزیك و گۆرانی كوردی بدرێت و ، لە كافتریا و چێشتخانەكانیش بەتایبەتی لە بەیانیاندا رێگە نەدرێت میوزیك و گۆرانی كوردی فەرامۆش بكرێت.
شایەنی باسە لە رۆژی 4ی 8ی 2025 راپۆرتێكی تیروتەسەل سەبارەت بە ئالنگارییەكانی ئێستا و میكانیزمی لابردنی ئەو ئەلنگارییانە لەسەر زمانی كوردی لە گۆڤاری گوڵان بڵاو دەكرێتەوە.

Top