خۆپیشاندانی ئازادیخوازانی ئێران لە ئەوروپا لە دژی سزای لەسێدارەدان بەردەوامە
لەگەڵ توندبوونەوەی شەپۆلی سەرکوت و ئێعدام لە ئێران، هاووڵاتییانی ئازادیخواز لە دوو شاری یۆتۆبۆری (سوید) و فرانکفۆرت (ئەڵمانیا)ی ئەورووپا، جارێکی دیکە بۆ پشتیوانی لە گەلی ئێران و زیندانیانی سیاسی کۆبوونەوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئێرانییەکانی دانیشتووی شاری یۆتۆبۆری جارێکی دیکە ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە سەرکوتکردنی سیستماتیکی زیندانیانی سیاسی لە ئێران.
هەروەها ئەو گردبوونەوەیە بۆ یادی حەمید مورادی چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی سنە کە لە کاتی بەرەنگاربوونەوەی ئاگر لە چیای ئەبیدەر گیانی لەدەست دا، بەڕێوەچوو و بەشداربووان وێنەی ناوبراویان بۆ یادەوەری هەڵگرت.
لە شاری فرانکفۆرت ئامادەبووان دروشمی دژی سزای لەسێدارەدانیان وتەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای لەسێدارەدان و ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی لە ئێران کرد.
گوڵان: سەردار خەلیل
