“حکومەتی فیدراڵی” یان “حکومەتی مەرکەزی”؟ هەڵەیەکی کوشندە لە گوتاری سیاسی کوردیدا.
ئایا کارەسات نییە ئەندام پەرلەمانێک، کە نوێنەری گەلە لە باڵاترین دەزگای یاسادانان، حکومەتی عێراق بە “مەرکەزی” ناوببات لەبری “فیدراڵی”؟ ئەم دوو چەمکە لە ڕووی یاسایی و سیاسییەوە هێندە لە یەکتر دوورن، وەک ئەوە وایە بە ئاو بڵێیت ئاگر و بە ئاگر بڵێیت ئاو. جەختکردن لەسەر پەرلەمانتاران لەبەر ئەوەیە کە ئەوان لە ناوەندی بڕیار و تەشریعەوە نزیکن، نەک سیاسەتمەدارێکی ئاسایی کە ڕەنگە ئاگاداری وردەکاریی چەمکەکان نەبێت.
بۆ تێگەیشتنێکی باشتر لەم جیاوازییە بنەڕەتییە، با لە ڕێگەی دوو نموونەی سادەی هاوبەشییەوە شیکاری بکەین.
جۆری یەکەم: (نموونەی سیستمی مەرکەزی)
وای دابنێ تۆ و هاوڕێیەکت بڕیار دەدەن پڕۆژەیەک ئەنجام بدەن. تۆ سەرمایەی سەرەکی دابین دەکەیت و دەبیتە بەڕێوەبەری گشتی. پاشان بە هاوڕێکەت دەڵێیت “من بەرپرسی سەرەکیم لە هەموو بڕیارەکان، بەڵام تۆ دەتوانیت بەرپرسیارێتی بەشی بازاڕگەری وەربگریت.”
لەم دۆخەدا، دەسەڵات بەخشراوە، نەک دابەشکراوە، تۆ دەسەڵاتت “بەخشیوە” بە هاوڕێکەت.
دەسەڵاتەکە مەرجدارە، هەر کاتێک بتەوێت، دەتوانیت ئەو دەسەڵاتەی لێ بسەنیتەوە یان گۆڕانکاری تێدا بکەیت.
سەروەریی لای یەک لایەنە، هاوڕێکەت ناتوانێت بڵێت “ئەمە مافی منە”، چونکە دەسەڵاتەکەی لە تۆوە وەرگرتووە و تۆ “ناوەند”ی بڕیاریت.
ئەمە وێنای حکومەتی مەرکەزییە. حکومەتی پایتەخت دەسەڵاتەکان “دەبەخشێت” بە پارێزگا و یەکە ئیدارییەکان، بەڵام لە بنەڕەتدا خاوەنی هەموو دەسەڵاتەکانە و دەتوانێت هەر کاتێک بیەوێت لێیان بسەنێتەوە.
جۆری دووەم: (نموونەی سیستمی فیدراڵی)
ئێستا وای دابنێ تۆ و هاوڕێکەت پێش دەستپێکردنی پڕۆژەکە، گرێبەستێکی نووسراو (هاوشێوەی دەستوور) واژۆ دەکەن. لە گرێبەستەکەدا بە ڕوونی ئەرک و دەسەڵاتەکان دابەش کراون:
تۆ، بەرپرسی لە کڕین، فرۆشتن و دارایی (هاوتای کاروباری دەرەوە و بەرگری).
هاوڕێکەت، بەرپرسە لە دیزاین و بەرهەمهێنان (هاوتای پەروەردە، تەندروستی و کاروباری ناوخۆی هەرێم).
لەم دۆخەدا، دەسەڵات دابەشکراوە، نەک بەخشراو، سەرچاوەی دەسەڵاتی هەردووکتان گرێبەستەکەیە (دەستوور). تۆ ناتوانیت بە هاوڕێکەت بڵێیت “من دەسەڵاتی دیزاینت لێ دەسەنمەوە”، چونکە ئەو مافە لە گرێبەستەکەدا بۆی دیاریکراوە و پارێزراوە.
هیچ کامتان “سەرۆک”ی ئەوی تر نین. “ناوەندێک” بوونی نییە، بەڵکو “هاوبەشییەک” لەسەر بنەمای یاسا هەیە.
ئەمە کرۆکی سیستمی فیدراڵییە. حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمەکان دوو ئاستی حکومڕانین کە دەسەڵاتەکانیان لە دەستوورەوە سەرچاوە دەگرێت. دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ لە ماددەی (١)دا بە ڕوونی دان بەوەدا دەنێت کە “کۆماری عێراق، دەوڵەتێکی فیدراڵی، سەربەخۆ و خاوەن سەروەریی تەواوە و سیستمی حوکمڕانی تێیدا کۆماریی، پەرلەمانیی، دیموکراتییە”. هەروەها ماددەکانی ١١٧ و ١٢١ دان بە دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستاندا دەنێن.
کەواتە، بۆچی بەکارهێنانی “حکومەتی ناوەند” هەڵەیەکی ستراتیژییە؟
یەکەم: شێواندنی چەمکی یاسایی, بەکارهێنانی وشەی “ناوەند” ئەو وێنایە دروست دەکات کە دەسەڵات لە یەک خاڵەوە سەرچاوە دەگرێت و دەبەخشرێت، ئەمەش پێچەوانەی بنەمای فیدراڵییەتە، کە لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات بنیات نراوە.
دووەم: لاوازکردنی پێگەی هەرێم، کاتێک نوێنەرێکی کورد دەڵێت “حکومەتی ناوەند”، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دان بەوەدا دەنێت، کە دەسەڵاتەکانی هەرێم “بەخشراون” نەک “دەستوورین”. ئەمەش لە کاتی دانوستانەکاندا پێگەی هەرێم لاواز دەکات.
سێیەم: پاساودان بە پێشێلکارییەکان، ناونانی حکومەتی فیدراڵی بە “ناوەند” پاساو دەداتە ئەو لایەنانەی کە دەیانەوێت دەسەڵاتەکان لە پایتەخت قۆرخ بکەن و مافە دەستوورییەکانی هەرێمەکان پێشێل بکەن.
بەکارهێنانی زاراوەی “حکومەتی فیدراڵی” تەنها وردبینییەکی زمانەوانی نییە، بەڵکو داننانە بەو هاوبەشییە دەستوورییەی کە عێراقی لەسەر بنیات نراوە. لەسەر نوێنەران و سیاسەتمەدارانی کورد پێویستە کە بە وردی ئەم زاراوانە بەکاربهێنن، چونکە وشەکان تەنها گوزارشت نین، بەڵکو چوارچێوەی سیاسی و یاسایی دیاری دەکەن. کاتێک دەڵێیت “حکومەتی فیدراڵی”، تۆ جەخت لەسەر ماف و هاوبەشی دەکەیتەوە، بەڵام کاتێک دەڵێیت “حکومەتی ناوەند”، تۆ دان بە باڵادەستیی لایەنێک و لاوازیی لایەنەکەی تردا دەنێیت.
تێبینی: کە یاسا دانەر یاساناس نەبوو هەمیشە بۆشای یاسایی دروست دەبێت.

لافاو عوسمان