گرنگیی پلاندانانی ڕۆژانە و ڕۆڵی لە سەرکەوتنی مرۆڤ

گرنگیی پلاندانانی ڕۆژانە و ڕۆڵی لە سەرکەوتنی مرۆڤ

تا ئێستا هەستت کردووە کاتت نییە بۆ ئەوەی هەموو ئەرکەکانی ڕۆژانەت ئەنجام بدەیت؟ یان ڕەنگە زۆرجار بیرت لەوە کردبێتەوە کە چۆن دەتوانیت زۆرترین سوود لە کاتەکانت وەربگریت؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە لە چەمکێکی سادەدایە ئەویش پلاندانانی ڕۆژانەیە.

پلاندانانی ڕۆژانە ڕێگە بە مرۆڤ دەدات زۆرترین سوود لە شەو و ڕۆژی خۆی وەربگرێت. بە پلاندانانی دروست، کات بەفیڕۆدان کەم دەبێتەوە، سترێس و دڵەڕاوکی کەم دەبێت و مرۆڤ دەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەرتر ئەولەویەتەکان جێبەجێ بکات.

سوودەکانی پلاندانانی ڕۆژانە بریتین لە:

• زیادکردنی فۆکەس و بەرهەمهێنان

• باشتر ئیدارەدانی کات

• کەمبوونەوەی دڵەڕاوکێ کەبە هۆی بیرکردنی ئەرکەکان دروست دەبێت

• باشترکردنی هاوسەنگی کار و ژیانی تایبەت

• زیادکردنی متمانە بەخۆبوون لە ڕێگەی تەواوکردنی ئەرکەکانەوە.

 

هەنگاوەکانی پلاندانانی ڕۆژانەی کاریگەر

1. دانانی ئامانجی ڕۆژانە:

هەر ڕۆژێک بە نووسینی ٣ بۆ ٥ ئامانجی سەرەکی دەست پێ بکە. ئەم ئامانجانە دەبێ دیاریکراو و پێوانەکراو و واقیعی بن.

2. ئەولەویەتدان بە ئەرکەکان:

سوود لە شێوازەکانی وەک ماتریکسی ئایزنهاوەر[1] وەربگرە کە کارەکان دابەشی سەر ٤ جۆر دەکات، بۆ ئەوەی بزانیت کام ئەرک پێویستە سەرەتا ئەنجام بدرێت.

3. تەرخانکردنی کات بۆ هەر چالاکییەک:

چوارچێوەیەکی کاتیی دیاریکراو بۆ هەر ئەرکێک دابنێ. بەکارهێنانی تەکنیکی پۆمۆدۆرۆ (٢٥ خولەک فۆکەس (تەرکیز)، ٥ خولەک پشوو) دەتوانێت یارمەتیدەر بێت.

4. پێشبینیکردنی بەربەستەکان:

لەوانەیە لە کاتی شەوانەڕۆژدا ڕووداوی چاوەڕواننەکراو ڕووبدات. تەرخانکردنی کاتە نەرم و نیانەکان لە پلاندانانەکەتدا یارمەتیدەرە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە.

5. پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی پلان لە کاتی شەو:

لە کۆتایی هەر ڕۆژێکدا پێداچوونەوە بە پلانەکەتدا بکە، بزانە کام ئەرکەکان تەواو بوون و بۆچی هەندێکیان دواخراون، ئەم هەڵسەنگاندنە یارمەتیدەر دەبێت بۆ باشترکردنی پلاندانان بۆ ڕۆژی دواتر.

 

هەندێک ئامرازی بەسوود بۆ پلاندانانی ڕۆژانە

دەتوانیت ئامرازە سادەکانی وەک دەفتەر، ئەپی دیجیتاڵی وەک Todoist، Trello و Google Calendar بەکاربهێنیت بۆ پلاندانان (هەڵبژاردنی ئەو ئامرازانەی سەرەوە بەندە بە شێوازی کارکردن و سەلیقەی خۆتەوە).

 

ڕۆڵی خووەکان لە سەرکەوتنی ڕۆژانەدا

سەرکەوتن لە ئەنجامی دووبارەبوونەوەی خوو و عادەتە ئەرێنییەکانە بە تێپەڕبوونی کاتە، ئەگەر پلاندانانی ڕۆژانە وەکو خوویەکی بەردەوام لێبێت، دەتوانێ ڕێگە خۆش بکات بۆ گەیشتن بە ئامانجە درێژخایەنەکان، دروستکردنی ڕۆتینی بەیانیان وەکو مێدیتەیشن، وەرزشکردن، یان نووسینی ئامانجەکان دەتوانێ یارمەتیت بدات کە بە درێژایی ڕۆژەکە تەرکیز و وزەت هەبێت.

 

ئەنجام

پلاندانانی ڕۆژانە  نە تەنها ڕێگەیەکی ئاسانە بۆ ئەنجامدانی کارەکان، بەڵکو پردێکە بۆ سەرکەوتنی درێژخایەن، بە پابەندبوون بە جێبەجێکردنی ئەم پلانانە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک، هەر کەسێک دەتوانێت ڕێڕەوی گەشەپێدانی کەسی و پیشەیی خۆی ڕوونتر و ئاسانتر بکات.

پلاندانان یارمەتیت دەدات کارەکان بە کوالیتی باشتر و لە ماوەیەکی کەمتردا ئەنجام بدەیت. ئەگەر گرنگی بە سەرکەوتن و ئیدارەدانی کات و ئارامی دەروونی دەدەیت، ئەمڕۆ دەست پێبکە، دەفتەری پلاندانانی خۆت بکەرەوە و گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە ژیانتدا ئەنجام بدە.



[1] Eisenhower Matrix: تەکنیکێکی ئیدارەدانی کاتە کە کارەکان دابەشی سەر چوار بەش دەکات کە بریتین لە کارەکانی بەپەلە (فوری) و گرنگ، ئەو کارانەی کە بە پەلە نین بەڵام گرنگن و ئەو کارانەی کە بە پەلەن بەڵام گرنگ نین و چوارەم ئەو کارانە کە نە بە پەلەن و نە گرنگن

Top