تەقینەوەیەک لە ناوەندی مەشق و ڕاهێنانی پۆلیسی ئەمریکا ڕوویدا و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا
سەرچاوەکان هەواڵی تەقینەوەیەکیان لە ناوەندێکی مەشقی پۆلیس لە شاری لۆس ئەنجلۆسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕاگەیاند و باس لەوە دەکەن کە لە ڕووداوەکەدا سێ کەس گیانیان لەدەستداوە.
فۆکس نیوز بڵاویکردەوە، تەقینەوەکە لە سەنتەری مەشق و ڕاهێنانی « بایسکلۆز » لە ڕۆژهەڵاتی لۆس ئەنجلۆس ڕوویداوە.
وتەبێژی بەشی پۆلیسی لۆس ئەنجلۆس پشتڕاستی کردەوە کە تەقینەوەکە ڕوویداوە، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکەی بەردەوامە.
دوای تەقینەوەکە، ناوچەکە بە تەواوی لەلایەن پۆلیسەوە گەمارۆدرا و هێزەکانی فیدراڵی لەنێویاندا FBI و تیمەکانی لێکۆڵینەوە لە تەقەمەنی پۆلیس ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کران.
پام باندی، داواکاری گشتی ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕووداوەکە "ترسناک" بووە و لانیکەم سێ کەس کوژراون.
گوڵان: سەردار خەلیل
