یەکڕیزی.. تاکە ڕێگا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئالنگارییەکان
ئەوەی بۆ هەمووان ڕوونە، هەمیشە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانەی کوردیان بەسەردا دابەش بووە، جیاوازییان لە نێوانماندا نەکردووە، ئەوەتا کاتێک مووچە نانێرن، بۆ هەمووان وەک یەکە و ئێستاش کاتێک بە درۆن ژێرخانی ئابووری و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج، بە هەمان شێوە جیاوازی ناکەن جارێک لە کۆرمۆر و جارێکیش لە خورمەڵە، هاوکات لەبەر ئەوەی ناوچەکە بە ئاراستەی گۆڕانکاریی گەورەیە، بۆیە یەکهەڵوێستیی نێوان هێزە سیاسییەکان پێویستییەکی حەتمییە.
ئەوەتا لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی نێوان عێراق و ئێران لە ساڵی ١٩٨٨ رژێمی بەعس هەموو توانا سەربازییەکانی بۆ لەناوبردنی گەلی کورد ئاراستەی کوردستان کرد، لە بەرامبەردا هێزە سیاسییەکانی کوردستان وەک ئامادەکارییەک بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو مەترسیانەی بڕیاری راگەیاندنی بەرەی کوردستانیان دا، کە هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ سەرکەوتنی ڕاپەرینە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١ کە توانرا رژێمی بەعس لە تەواوی کوردستان پاشەکشە پێبکات و دواتر هەرێمی کوردستان بوو بە دیفاکتۆ، ئەمەش ئەو راستییەی دووپات کردەوە کە سەرباری دوورخستنەوەی مەترسییەکان لەسەر گەلی کورد، هاوکات ئەم یەکڕیزییە هۆکارێک بوو بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی بۆ دامەزراندنی ناوچەی دژەفڕین و پاراستنی کوردستان لە هێرشەکانی رژێمی بەعس و وڵاتانی هەرێمی.
لە سەروبەندی ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەی ئازادیی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ جارێکی تر یەکڕیزیی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان بووە پێویستییەکی حەتمی، ئەوکات بە سەرپەرشتیی (سەرۆک بارزانی) و بە هاوکاریی خوالێخۆشبوو (مام جەلال) توانرا جگە لە کۆکردنەوەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستان، بە بەرنامە و پلانێکی یەکگرتوو و گشتگیر ئامادەکاری بکرێت بۆ پێشهاتەکانی دوای رووخانی رژێمی بەعس، بە شێوەیەک توانرا کۆنترۆڵی گشت ناوچە دابڕاوەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و کارکردن بۆ گەشەسەندنی هەرێم و چەسپاندنی زۆرینەی مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری هەمیشەیی عێراق و بەشدارییەکی کارا لە ناوەندی دەسەڵات لە بەغدا بکرێت، کە هۆکارێک بوو بۆ گەشانەوەی هەرێمی کوردستان لە گشت بوارەکاندا.
هاوکات لە سەروبەندی هێرشەکانی داعش بۆ سەر عێراق و ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و بڕینی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان و ڕادەستکردنی پێشکەوتووترین چەکەکانی ئەمەریکا بەم رێکخراوە تیرۆرستییە، کە مەبەستی سەرەکی کۆتاییهێنان بوو بە هەرێمی کوردستان، بەڵام بە یەکهەڵوێستی و یەکڕیزیی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و بەخشینی سەدان شەهید، توانرا ئەم مەترسییە لە کوردستان دوور بخرێتەوە، بە شێوەیەک ناوی پێشمەرگە بە هەموو جیهان گەیشت وەک هێڵی یەکەمی پاراستنی جیهان لە گەورەترین دەوڵەتی تیرۆریستیی جیهانی و توانرا هەرێمی کوردستان لەم مەترسییە بپارێزرێت.
لە ئێستاشدا هەمان سیناریۆ خەریکە لەلایەن عێراقەوە بەرامبەر هەرێمی کوردستان دووبارە دەبێتەوە، ئەوەتا لەگەڵ نزیکبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە لە عێراق، دەسەڵاتدارانی بەغدا هەموو هەوڵێکیان چڕکردووەتەوە بۆ لەناوبردنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان، کە خۆی دەبینێتەوە لە ئاستەنگ خستنە بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و بڕینی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان و هاوکات چڕکردنەوەی هێرشە درۆنییەکان لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان و خنکاندنی سەرچاوە ئابوورییەکانی هەرێم لە رێگریکرن لە چوونی بەرهەمەکانی کوردستان بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق، هەموو ئەمانەش پێمان دەڵێن بۆ تێپەڕاندنی ئەم ئالنگاریانە و ئامادەبوون بۆ گۆڕانکارییەکانی داهاتوو، یەکڕیزی تاکە ڕێگایە لە بەردەم هێزە سیاسییەکانی کوردستاندا.

محەمەد عەلی