من ناوەستم پلانی بەشداری كردنی پاڵەوانێتیەكی جیهانیم هەیە
هەژار جەباریاریزانی فڕۆكەوانی یانەی ئاسمانی هەولێر و هەڵبژاردەی عێراق
من ناوەستم پلانی بەشداری كردنی پاڵەوانێتیەكی جیهانیم هەیە
هەولێری پایتەختی كوردستان یەكێك لەو شارانەی كوردستانە كەوا گرنگی زۆر بە یارییەكانی فڕینی فڕۆكەوانی پاراگلایدەر دەدەن، لەم شارە دوو یانەی فڕۆكەوانی و زیاتر لە سەد یاریزان هەیە لەم یارییە جیهانییە، یەكێك لە یاریزان و ڕاهێنەرە بەتواناكانی شاری هەولێریش مامۆستا هەژار جەبارە ئەو لە ئێستادا یەكێك لە باشترینەكانی جیهان و 158خاڵی جیهانییە جگە لە یانەی ئاسمانی هەولێر بۆ هەڵبژاردەی عێراقیش یاری دەكات ناوبراو لە ساڵی 2016وە دەستی بەم وەرزشە كردوە و ئێستاش پێشەنگی ئەم یارییەیە، ئەم ڕاهێنەرە كوردە خولیایەكی زۆری بۆ فڕین هەیە و بەردەوام لە خزمەتی ئەم یارییە، ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 1990 شاری هەڵەبجە و دانیشتووی شاری هەولێرە و دەرچووی كۆلێژی پەروەردەی جەستەیی و و زانستە وەرزشییەكانە، گۆڤاری گوڵان لە نزیكەوە چەند پرسیارێكی ئاراستەكرد، ئەویش وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
*ئاستی ئەم یارییە چ قۆناغێكی تێپەڕاندوە لە شارەكانی كوردستان.
-ئەوەی ڕاستی بێت ئەم دوو ساڵەی دوایی ئەم وەرزشە زۆر فراوان بووە بە زوویی گەشەی سەند بەتایبەت لە كوردستان ئەمەش پەیوەندی بە بابەتی جوگرافیا و هەڵكەوتەی ناوچەكەهەیە، چونكە كوردستان شاخ و گردی زۆرە و گونجاوە بۆ ئەم وەرزشە.
*ماوەیەكی زۆرە چاوەكان لەسەر تۆن وەكو نوێنەری كوردستان لەم یارییە بە نیازی چی بكەی؟
-بۆ دووهۆكار دەگەرێنمەوە یەكەمیان بۆ ماوەی سێ ساڵە لەسەر ئاستی عێراقی بەشداری پاڵەوانێتیە نێودەوڵەتیەكان دەكەم لە دەرەوەی عێراق تا ئێستا ڕەنكینی جیهانم لە یەكەم نەهاتۆتە خوارەوە، دووەمیان لە بوارەكەی خۆم تەواو گەیشتومەتە ئەو پلەیە كە ببمە ڕكابەری فرۆكەوانە جیهانییەكان و لە ئێستادا گەیشتن بەو ئاستە قورسە.
* زۆرجار لەم یارییە سەركێشی دەكەی هۆكاری چیە؟
-وەرزشێكەخودی خۆی سەركێشییە و ئەوەی گرنگە كە خەڵك بیزانێت ئەوەیە هەتا بەرزیت زیاتر بێت ئەوا سەلامەتیت زیاترە، هەر بۆیە شوێنە بەرزەكانهەڵدەبژێرین بەڕاستی لەزەت بەخشێكی نەبڕاوەی هەیە فڕین لە شوێنە بەرزەكان.
*زۆر جار باسی گرفت دەكەن، گرفتەكانتان چین؟
-نەبوونی پاڵپشتی گەورەترین كێشەی ئێمەیە، من فڕۆكەوانێكم لە سەر ئەستۆی خۆم كەلوپەل دەكڕم لەسەر پشووی خۆم ڕاهێنان دەكەم، فڕین و سەفەر دەكەم، پێشبڕكێ ئەنجام دەدەم ئەوە ئەوپەڕی بێ باكی و خەم ساردی بەرپرسانی وەرزشییە لە پێش هەموویانەوە یانەكەی خۆم و بەرپرسانی وەرزشی شارەكەم، تاكو ئێستا هیچ وەرزشێك نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی ئێستای ئێمە، لە رێگەی وەرزشەكەی خۆمەوە توانیومە ببمە یەكێك لە 100 پایلۆتەكەی جیهان، بەڵام كەس ناڵێ دەست خۆش.
*بۆچی بەناوی عێراق بەشداری كێبڕكێیەكان دەكەی لەكاتێك لەسەر گیرفانی خۆت بەشداری؟
-ئەمە ئەو خاڵەیە كە هەموو تاكێكی كوردی نیگەران كردوە، پاڵەوانێتی جیهانی هەندێك یاسای هەیە و نابێت بشكێنرێت، بۆ پاڵەوانێتیەكە دەبێت فڕۆكەوان بە ناسنامەی وولاتەكەی بەشداربێت، وە لایسێنزی وڵاتەكەی هەبێت ئەو وڵاتە بەفەرمی ناساند بۆ فڕۆكەوانەكە بكات ئەوكات دەتوانێ بەشداربێ، بە ناوی كوردستان ناتوانم بەشداری هیچ پاڵەوانیتێك بكەم ئەگەر لە ناو كوردستانیش ئەنجام بدرێت.
*زۆرجار وەكو سەرپەرشتیار هەندێك جاریش یاریزان دەتبینین ئەوە چی دەگەینێ؟
-لە ساڵی 2016ەوە لەناو ئەم وەرزشەم، 1000كاتژمێر ڕاهێنانم هەیە ، 79فڕۆكەوان لەسەر دەستی من فێری ئەو یارییە بووە ، وەكو یاریزانیش دەردەكەوم ئەوەش حەزی خۆمە بۆ یارییەكە بۆ ئەوەی دانەبڕێم.
*بڕیارتان نەداوە تیپێك بۆ كوردستان دروست بكەن؟
- من لە وڵاتی كازاغستان بوو تیمێكی دورست كرد بە ناوی كوردستان توانیم ئیرانیەك و هیندییەك لەگەڵ ئەستوانییەك قەناعەت پێ بهێنم لە ژێرناوی كوردستان بەشداریم پێكردن و پلەی چوارەمم بەدەستهێنا لەسەر ئاستی 16وڵات، لە كوردستانیش من فڕۆكەوانی یانەی ئاسمانی هەولێرم ناتوانم لە دەرەوەی ئەوان تیپ دروست بكەم.
*چ هەستێكت هەبوو كە كوردێك لە كازاخستان پلەی یەكەمی جیهانت بەدەستهێنا؟
-ئەو پاڵەوانێتیە 22 وڵات بەشدار بوو كە كۆمەلێك وڵات لە ڕیزی پێشەوەی جیهانن، خۆشبەختانە توانیم پلەی یەكەم بەدەست بهێنم ببمە خاوەنی مەدالیای ئاڵتون.
*پلانی داهاتووت چیە وەكو كوردێك لەم یارییە؟
-من ناوەستم پلانی بەشداری كردنی پاڵەوانێتیەكی جیهانیم هەیە لە مانگی هەشت لە نێو باشترین هەشت فڕۆكەوانی جیهانی بەشدار دەبم، بە مووچەی مامۆستایەتی بەشداری 19پاڵەوانێتی نێودەوڵەتیم كردوە بەبێ هیچ سەپۆرتێك.
*ئامانجت چیە لەم یارییە؟
-ببەمە پاڵەوانی جیهان لە سەر ئاستی رەنگینی جیهانی كە ئێستا 78ی هەموو جیهانە.
*ئەگەر شتێكت ماوە؟
-داواكارم لەبەرپرسانی وەرزشی هەولێر هیوادارم ئاورێك لەم وەرزشە بدەنەوە دەستی هاوكاری بۆ درێژ بكەن تەنیا گرنگی بە وەرزشەكانی تر مەدەن لەم یارییە دەتوانین ئەنجامی گەورە بۆ كوردستان بەدەست بهێنین، سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵانی هەمیشە خەمخۆڕ.
