ئیڤان مامەند حەسەن: بەرەو پێشچوون و گەشانەوەی ئافرەت پەیوەستە بە بیركردنەوەی ئەرێنییانەی خۆی
ئیڤان مامەند حەسەن خانمە گەنجێكی چالاك و پڕ بەهرەی شاری هەولێرە و لە پاڵ كاری دەرەوە و ئەركی دایكایەتیدا، لە چەندین بواردا بەهرە و تواناكانی یەكخستووە و لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە كاری جوان پێشكەش دەكات، ئەو لە ساڵی ١٩٨٩ لە شاری كۆیە لە دایكبووە پاشان نیشتەجێی شاری سلێمانی بووە، دواتر سەفەری دەرەوەی وڵاتی كردووە و بڕوانامەی دبلۆمی باڵای لە ئەستەنبول لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەی تەندروستی هەیە، هەروەها بەكالۆریۆسی لە زانستی وەرگێڕان هەیە و جگە لە زمانی دایك زمانەكانی عەرەبی و توركی و ئەڵمانی دەزانێت. لە گفتوگۆیەكدا ئەزموونی كارەكانی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان باس دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
«كاری من لە ڕابردوودا لە دامەزراوە تەندروستییە جیهانییەكان لە بواری بەڕێوەبردن و وەرگێڕانی پزیشكی بوو، لە ئێستاشدا لە هەولێر دەژیم و وێڕای چالاكی كۆمەڵایەتی و نووسین و بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی كۆمەڵایەتی، خەریكی هونەری چێشتلێنان و دیزایین و دروومان و وێنەكێشانم، لە ئێستادا منداڵەكانم بچووكن و مۆڵەتی دایكایەتیم وەرگرتووە و لە ماڵەوەم، دەمەوێت لەو ڕێگەیەوە دووبارە هێز و توانای ژنانەی خۆم نیشان بدەم، كە لە یەك كاتدا دەتوانین لە دەرەوە ڕۆڵمان هەبێت و لە ماڵ و ماڵداریش سەركردەبین».
سەبارەت بە هاتنە ناو دنیای سۆشیال میدیاش دەڵێت: «من مەبەستێكی دیاریكراوم نییە، تەنیا وەكو خۆشی و نیشاندانی گەورەیی ژن و ماڵ و خێزان هاتمە ناو دنیای سۆشیال میدیا، من بەدەر لە سۆشیال میدیا بەردەوام حەز و خولیای دروستكردنی خواردن و كاری جیاوازم هەیە، لەبەر ئەوەی پێشووتر كار و دەوامم هەبوو، ئێستاش بە هۆی منداڵەكانمەوە لە ماڵەوەم، ئیدی بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە زیاتر موماڕەسەی حەزەكانم دەكەم و بەم شێوەیەش چێژی لێ دەبینم. بڵاوكردنەوەیشی لە سۆشیال میدیا تەنیا بۆ دەرخستنی خولیا و بەهرەكانمە و دەمەوێت گەورەیی ژن نیشان بدەم، كە لە یەك كاتدا دەتوانێت كۆمەڵێك كار ئەنجام بدات و ماڵەكەی بكاتە كونجێك لە بەهەشت.
دەمەوێت بە هەمووان بڵێم كە ژن لە یەك كاتدا دەتوانێت كاربكات و ماڵەكەی بەڕێوەببات و منداڵەكانیشی پەروەردە بكات، نەریتێكی ناشیرین لای هەندێك ژن درووست بووە، كە پێیانوایە ئەركی ژن تەنیا نان درووستكردن و منداڵ بەخێوكردنە، من دەمەوێ ئەوە ڕاستبكەمەوە، ژن دەبێت پێش بونیاتنانی هەر شتێك خودی خۆی بونیات بنێت، ئینجا ماڵ بونیات بنێت، كە ئەوانەی كرد، زۆر ئاسان دەگاتە هیوا و ئامانجەكانی».
ئیڤان مامەند لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا كاركردن بۆ ئافرەتێك بەم شێوەیە و ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان كار و هاوسەرداری و دایكایەتی كارێكی سەخت نییە؟ دەڵێت: «لە ڕاستیدا نەك هەر سەخت نییە، بەڵكو زۆر چێژبەخش و ئاسانە، وەكو گوتم ژن ئەگەر بیەوێت قودرەتی كاری گەورە و مەزنی هەیە، بە جۆرێك دەتوانێت داهێنانیش بكات، ڕاستە ماندوو دەبێت بە جەستە، بەڵام مێشك و دەروونی ئارامە، دوورە لە نەخۆشی و خەمۆكی و هەڵچوون. بۆیە هانی ژنان دەدەم بە دونیای نوێ هەڵنەخەڵتێن بەڵكو ژنێتی و دابونەریتی خۆیان بپارێزن».
گوتیشی: «گرنگ و پێویستە كچان و ئافرەتان ئیش بكەن و خاوەنكار و داهاتی خۆیان بن، زۆریش پێویستە، ئەگەرچی من بۆ داهات ئەوە ناكەم، چونكە سوپاس بۆ خوا هەم گوزەرانمان باشە و هەمیش كاری خۆمم هەیە، دەكرێ بیری لێبكەمەوە ئەمەش وەكو كارو بازرگانی سەیر بكەم، هەر چەند تا ئێستا ئەوەم نەكردووە و داواشم لێكراوە بۆ كار و ڕیكڵام، بەڵام من بە هەموو شێوەیەك ڕەتمكردۆتەوە. گرنگە ژنان لە پاڵ پیاوان هاوسەنگی ڕابگرن و خاوەنكاری خۆیان بن و لە هەمانكاتیشدا كار نەكاتە سەر گرنگی خێزان و پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی هاوسەر و منداڵەكانی».
سەبارەت بە پڕۆژەی داهاتووی بۆ كارەكانی دەڵێت: «لە ڕاستیدا من پسپۆڕیم لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەی تەندروستی و ئایتی هەیە، من لە دەرەوە ژیاوم و خوێندنیشم بە زمانی توركی بووە، بۆیە ئێستا داهاتووم مەحكومە بەوەی هەر لەو پسپۆڕییە بەردەوام بم، پلانێكم لەو بارەیەوە هەیە و دەمەوێت جێبەجێی بكەم، بەڵام منداڵەكانم هێشتا بچووكن بۆیە ناچارم جارێ دوایی بخەم.
دەمەوێت لە كۆتاییدا ئەوە بڵێم هەموو بەرەو پێشچوون و گەشانەوەیەكی ژن پەیوەستە بە بیركردنەوەی ئەرێنیانەی خۆی، ئینجا پاڵپشت و پشتیوانی هاوسەر و باوك و برایەكانی، بۆیە دەمەوێت لێرەوە سوپاسی هاوسەرەكەم بكەم كە بێ سنوور پشتیوان و هاوكارمە، هەمیشە هاندەرمە لەوەی دەمەوێت ئەنجامی بدەم بگرە بیرۆكەی زۆر باش و بە جێی پێداوم، من دەمەوێت ئەوەی دەیكەم لەگەڵ ئەودا هاوبەشی بكەم».
