سارا باقی مەحموود: چاكبوونەوەی نەخۆشێك و دڵخۆشی چەندان كەس گەورەترین دەستكەوتە دەروونم ئاسوودە دەكات

سارا باقی مەحموود:  چاكبوونەوەی نەخۆشێك و دڵخۆشی چەندان كەس گەورەترین دەستكەوتە دەروونم ئاسوودە دەكات

 

 

سارا باقی مەحموود خانمێكی پڕ ئەزموون و چالاكی شاری سلێمانییە و لە ڕێگەی پەیجەكانی سۆشیال میدیاوە ڕۆژانە ڕێنمایی تەندروستی و شێوازی ژیان كردنی خۆی پۆست دەكات. سارا دانیشتووی شاری سلێمانییە و لە نەخۆشخانەی پێنجوین وەكو یاریدەدەری پزیشكی كار دەكات. دەرچووی زانكۆی سلێمانییە و بەكالۆریۆسی لە زانستی كۆمپیوتەر هەیە و هاوكات بڕوانامەی یاریدەدەری پزیشكی هەیە، هەروەها خاوەنی بڕوانامەی كەنەدیی و بڕوانامەی دیبلۆمی ئەمریكییە لە بواری ڕاهێنەری پزیشكی لە بواری شێرپەنجەی مەمك و فریاگوزارییە سەرەتاییەكان. بەمجۆرە ئەزموونی كارەكانی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەكات.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

« یەكەم ئەزموونی ئیش كردنم لە كاتی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو وەك ئافرەتێك لە نەخۆشخانەی پێنجوین بەرپرسی بەشی IT بووم كە تایبەت بوو بە كارتی ئەلیكترۆنی. لە هەموو ئیشەكانمدا هەموو كات هەوڵی ئەوەمداوە هەم لە بوارە پزیشكییەكەدا و هەم لە ژیانی گشتیدا یارمەتی كەسانی دەور و بەری خۆم بدەم، بە حوكمی ئەوەی كەسێكی كۆمەڵایەتییم هەمیشە گیانی هاوكاریم بۆ هاووڵاتییان هەیە، چونكە پێم وایە دەبێت بە شێوەیەك دەربكەویت كە نەخۆشەكانمان متمانە و ئاسوودەیی و میهرەبانی لە چاوەكانمان ببینن، چونكە ئێمە نازناوی فریشتەی سپیمان پێدراوە. بەهۆی ئەوەی بەردەوام لەگەڵ نەخۆش و كەسی نەخۆشەكەدایت لەم ئەركەدا پێویستە كەسێكی كۆمەڵایەتی بیت و بتوانیت تێكەڵی خەڵك بیت و قسەیان لەگەڵدا بكەیت، كەسێكی گۆشەگیر ناتوانێت بە باشی خزمەتی نەخۆش بكات، هەروەها نەخۆشیش ئاسوودە نابێت لەگەڵیدا و بەباشی لێی تێ ناگات.

زۆر گرنگە لە كارەكانماندا وردبین بین و بە وردیی و ڕێكوپێكی كارەكان ئەنجام بدەین و بچووكترین تێبینی بە گەورە سەیر بكەین، چونكە مامەڵە لەگەڵ جەستە و دەروونی نەخۆشدا دەكەین، هەر هەڵەیەك ئەگەر بچووكیش بێت دەتوانێت گەورەترین زیان لە نەخۆشەكە بدات، بۆیە جددی بوون و وردبینی لە كارەكەدا زۆر گرنگە، لەگەڵ هەر ماندوو بوونێكدا دەتوانین چەندین ئەزموون وەربگرین لە كارەكە و بە هۆیەوە فێری ئارامگرتن و ڕەفتاری جوان و یارمەتیدانی خەڵكی ببین، هەروەها بینینی چاكبوونەوەی نەخۆشێك و دڵخۆشی چەندان كەس گەورەترین دەستكەوتە دڵخۆشم دەكات و دەروونم ئاسوودە دەكات».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا ئامۆژگاریت بۆ ئافرەتان چییە لە بارەی گرنگیدان بە باری تەندروستی خۆیان؟ دەڵێت: «ئامۆژگاریم بۆ خانمان ئەوەیە ئاگاداری تەندرستی خۆیان بن تا دەتوانن ئاگاداری ستایلی خواردن و خەویان بن، بۆ ئەوەی ڕووخسارێكی تازە و زیندوو بەدەست بهێنن نابێت كەمتر لە 8 كاتژمێر بخەون.

• ڕۆژانە نزیكەی 2 لیتر ئاو بخۆنەوە.

• بۆ پاراستنی تەندروستی قژ، پێویستە بەكارهێنانی وشككەرەوەی قژ كەم بكرێتەوە.

• كەمكردنەوەی خواردنی قاوە و چا كە دەبێتە هۆی پەڵەی ڕووخسار و زەردبوونی ددانەكان.

• بەكارهێنانی زەیتی ئەرگان و زەیتی زەیتون بۆ ئەوەی نینۆكەكان تەندروست بن.

• بۆ ڕێكخستنی مووی برۆ، پێویستە هەفتانە سێ جار زەیتی جەرجیر و زەیتی گوێزی هیندی و زەیتی زەیتون بەكاربهێنرێت.

• لەبەركردنی جلوبەرگی كەتان بۆ پاراستنی بەكتریا سوودبەخشەكانی پێست».

سارا باقی لە كۆتایی قسەكانیدا دەڵێت: «هیوادارم ئافرەتان پشت بەخۆیان ببەستن زۆر بەهێز لەسەر پێی خۆیان بوەستن، هەمیشە لە گەڕاندا بن لەناو دونیای سۆشیال میدیا بۆ وەرگرتنی بیرۆكەی ئیش كردن و دەرخستنی تواناكانیان، لێرەوە سوپاسی خێزانەكەم و هاوسەرم و هەموو ئەو كەسانە دەكەم كە بۆ تەنیا جارێكیش لە پشتم بوون، پشتگیر و هاوكارم بوون هیوادارم ڕۆژێك بتوانم ئەو چاكەیەیان بدەمەوە و لێرەوە پێیان دەڵێم زۆر سوپاس بۆ بوونتان لە ژیانم زۆر سوپاسی ئێوەی بەڕێز دەكەم كە كاتتان بۆ من تەرخان كرد.

هیواخوازم بتوانم ببم بە فریادڕەس بۆ تاكەكانی كۆمەڵگە و زۆرترین سوودم هەبێت و هاوكاری هەموو نەخۆشێك بم، ئەوانەی پێویستییان پێم هەبێت بتوانم هاوكارییان بم، هەوڵ دەدەم بە هەموو هێز و توانامەوە لەسەر قاچی خۆم بوەستم و بۆ هاوكاریكردنی كەسانی نەخۆش ببم بە ئافرەتێكی بەهێزی كۆمەڵگە».

Top