د. سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان:   دەبێت جیاوازەكانی یەكتری قبووڵ بكەین و پێكەوە كێشەكانی وڵات چارەسەر بكەین

د. سالار عوسمان  بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان:     دەبێت جیاوازەكانی یەكتری قبووڵ بكەین و پێكەوە كێشەكانی وڵات چارەسەر بكەین

 

 

د. سالار عوسمان، ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرپەرشتیاری بازنەی گفتوگۆیە، لە گفتوگۆی ئەمجارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا بە ناونیشانی «پەرەپێدانی پڕۆژەكانی ڕێگاوبان و چارەسەركردنی گرفتەكانی هاتووچۆ»، لە پەیڤێكدا زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی بەشداربووانی كرد و جەختی لەوە كردەوە كە دەبێت، پێكەوە شان بدەینە بەر بەرپرسیارێتی، گرفتەكان دەستنیشان بكەین و هەموومان پێكەوە بە جیاوازییەكانمانەوە چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە.

 

لە دەستپێكی پەیڤەكەیدا، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، تیشكی خستە سەر ئەوەی كە «بازنەی گفتوگۆ ئۆرگانێكی سەربەخۆی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنە و لە كانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٠٣ دامەزراوە». گوتیشی: «ئامانج لە دامەزراندنی ئەم ئۆرگانە ئەوە بووە كە ببێتە سەكۆیەكی كراوە، بۆ كۆكردنەوەی جیاوازییەكان، گەڕان بە دوای دەستنیشانكردنی گرفتەكان و گفتوگۆكردنی هاوبەش، بۆ ئەوەی پێشنیاز و ڕاسپاردەی گونجاو بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان بەرز بكەینەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان.»

سەبارەت بە گرنگیی گفتوگۆی ڕاشكاوانەش، جارێكی دیكە جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە «بەداخەوە ئێستا لە كوردستان بە هۆی كۆمەڵێك فاكتەرەوە، گفتوگۆیەكی ڕاشكاوانە كە هەموو بیروبۆچوونە جیاوازەكان پێكەوە كۆبكاتەوە، بەڕێوە ناچێت». هەر لەو بارەیەوە گوتی: «بۆیە ئێمە هەوڵمان داوە لەم پلاتفۆرمە كراوەیەدا مانگانە گفتوگۆیەكی تەندروست و ڕاشكاوانە و شەفافانە لەسەر یەكێك لە پرسەكانی ئەم نیشتمانە، پەیوەست بە گوزەرانی هاووڵاتییان و ئاستی دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان، ئەنجام بدەین. ئامانجمان لە هەموو ئەو گفتوگۆیانەی تا ئێستا بەڕێوەچوون، جەختكردنەوە بووە لەسەر ئەوەی كە ڕاستییەكان چۆنن، تەنانەت ئەگەر زۆر تاڵیش بن، دەبێت لەسەر ئەم پلاتفۆرمە وەك خۆی بخرێنە ڕوو. قەناعەتی ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان، وایە كە تەواوی بیركردنەوە لای ئێمە نییە، بەڵكو بەشێكی لای پسپۆڕان و ئەكادیمیستان و خەڵكانی نیشتمانپەروەری ئەم نیشتمانەیە. ئێمە ئەو تێگەیشتنەمان هەیە كە دەبێت جیاوازییەكان یەكتری تەواو بكەن، جا چ سیاسی بن، یان ئایینی و نەتەوەیی، دەبێت قبووڵیان بكەین و پێكەوە شان بدەینە بەر بەرپرسیارێتی، گرفتەكان دەستنیشان بكەین و هەموومان پێكەوە بە جیاوازییەكانمانەوە چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە».

سەبارەت بە كار و بەرهەمەكانی بازنەی گفتوگۆ لە ماوەی ٣٠ مانگی ڕابردوودا، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، تیشكی خستە سەر كارەكان و گوتی: «ئەم گفتوگۆیەی ئەمڕۆ سییەمین ئەڵقەی بازنەی گفتوگۆیە. بۆ هەر ئەڵقەیەك، بازنەی گفتوگۆ ڕاپۆرتی مەیدانیی لە سەرتاسەری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان ئەنجام داوە و تیایدا ڕاوبۆچوونی پسپۆڕان و تایبەتمەندانی ئەو بوارەی پەیوەندیدار بووە بە ناونیشانی گفتوگۆكە وەرگیراوە. بۆ بەشێك لە گفتوگۆكان ڕاپرسیی ئۆنڵاینمان ئەنجام داوە و بە هەزاران هاووڵاتی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بەشدارییان تێدا كردووە. بە كورتی، لە ماوەی ٣٠ مانگی ڕابردوودا، ٣٠ پۆل لە ئەكادیمیست، سیاسەتمەدار، نوێنەری لایەنە جیاوازەكانی عێراق و كوردستان، وەزیر و بەرپرسانی حكومەتی هەرێم و عێراق و كوردانی پارچەكانی دیكەی كوردستان بەشدارییان كردووە. هەروەها ٣٠ پۆلی دیكە لە پسپۆڕ و تایبەتمەند و ئەكادیمیست لە ڕێگەی ڕاپۆرتە مەیدانییەكانەوە بەشداریی كارایان لە بازنەی گفتوگۆدا كردووە».

دەربارەی شێوازی مامەڵەكردنی بازنەی گفتوگۆ لەگەڵ بەرهەمەكانیش ئاماژەی بەوە كرد، «ئامانجی بازنەی گفتوگۆ ئەوە بووە كە زۆر ڕاشكاوانە ئەو ڕاستییە بسەلمێنێت كە جیاوازییەكان، جا چ سیاسی، ئایینی، یان نەتەوەیی بن، سەرچاوەی هێزی ئەم گەل و نیشتمانەیە، نەك لاوازیی. هەر بۆیە ئەو قسانەی لێرە دەكرێن، پاشان دەكرێنە دەق، دەقەكە دەنێردرێتەوە بۆ ئامادەبووان و هەریەكەیان ئازادە لە دەستكاریكردنی، دوای پەسەندكردنیشی، مانگانە وەك ڕاپۆرتێكی تێروتەسەل لە گۆڤاری گوڵان بڵاو دەكرێتەوە. هەروەها هەر شەش ئەڵقەی گفتوگۆ پێكەوە دەكرێتە كتێبێك بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی و لە ڕێوڕەسمێكی شایستەدا، كە تیایدا پانێڵێكیش بەڕێوە دەچێت، ڕێز لە بەشداربووانی گفتوگۆكان دەگیرێت و كتێبەكانیش دابەش دەكرێن».

لە كۆتایی پەیڤەكەیدا، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەڵوەستەیەكی لەسەر ناونیشانی گفتوگۆی ئەمجارە كرد و گوتی: «ئەو ناونیشانەی بازنەی گفتوگۆ بۆ ئەم ئەڵقەیە دیاری كردووە، بابەتێكی زۆر گرنگە كە بریتییە لە ((پەرەپێدانی پڕۆژەكانی ڕێگاوبان و چارەسەركردنی گرفتەكانی هاتووچۆ)). سەبارەت بە پڕۆژەكانی ڕێگاوبان، لە تەواوی كابینەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتیش لە كابینەی نۆیەمدا هەنگاوی زۆر باش نراوە و لە چەندین شوێن پڕۆژەی زۆر گەورە ئەنجام دراون، كە جێگەی دەستخۆشین. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە كە كەموكورتییمان نییە، یان كێشەمان نییە. ڕاشكاوانە دەڵێین: كێشە و كەموكورتیی زۆرمان ماوە و دەبێت ئەم پلاتفۆرمە ئازادە ببێتە شوێنی باسكردنیان».

سەبارەت بە گرفت و ڕووداوەكانی هاتوچۆش گوتی: «ئەمەیان بەڕاستی یەكێكە لە كێشە دیارەكان و ڕۆژانە خەڵكی كوردستان دەبنە قوربانی. ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كەرتی هاتوچۆ هێشتا وەك پێویست ڕێك نەخراوە، ئەمەش بەشێكی پەیوەندیی بە پەروەردە و هۆشیارییەوە هەیە، بەشێكی دیكەشی بە سەرپێچیكردنی یاساكانەوە. بۆیە گرنگە لەم گفتوگۆیەدا هەموو گرفتەكان وەك خۆیان دەستنیشان بكرێن و پێكەوە پێشنیاز و ڕاسپاردەی گونجاو بخەینە ڕوو، تاكوو ببینە هاوكارێكی باش بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان لەپێناو دەركردنی بڕیاری دروست بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.»

 لە دوماهی پەیڤەكەیدا زۆر راشكاوانە ئەوەی دووپات كردەوە كە «ئەم نیشتمانە ئەو چوارچێوە پیرۆزەیە كە هەموومان بە جیاوازییە سیاسی و ئایینی و نەتەوەییەكانمانەوە پێكەوە كۆ دەكاتەوە و بەرپرسیارێتیی هاوبەش دەخاتە سەر شانی هەموومان. بۆیە دەبێت پێكەوە شان بدەینە بەری و هاوكار بین لە چارەسەركردنی كێشەكانماندا».

 

Top