مادلین:ئاساییە كەسوكارم گلەییان لە جلوبەرگم هەبێت

مادلین:ئاساییە كەسوكارم گلەییان لە جلوبەرگم هەبێت

هونەرمەندان و ئەستێرەكانیش وەك هەر كەسێكی دیكەی ئاسایی حەز و ئارەزوویان لە شتی سەیر و سەرنجڕاكێشە، زۆر جار ئەم حەزەشیان دەبێتە مایەی سەرسوڕمانی كەسانی ئاسایی، یان ئەوانەی هەواداری دەنگ و كارە هونەرییەكانیانن.

«مادلین مەتەر»ی گۆرانیبێژ و ئەكتەری شۆخوشەنگ و سەرنجڕاكێشی لوبنانی، زۆر حەز لە زانینی نوێترین هەواڵی جلوبەرگ و مۆدێلەكان دەكات، بەتایبەتی ئەوەی لە خانە ناودارەكانی پاریس دەردەچن، بەڵام لەوە سەیرتر ئەوەیە كە خۆشەویستییەكی بێسنووری بۆ كڕینی نوێترین جۆری (بۆن)ـەكان هەیە، بەتایبەتی لە ماركە ناودارەكان، ئەگەر نرخیشیان زۆر گران بێت ئەو باكی نییە و خۆی بێبەش ناكات لە كڕینیان، لەم بارەیەوە مادلین دەڵێت: «هەموو هونەرمەندێك بەتایبەتی ئافرەتە هونەرمەندەكان، پێویستیان بەوەیە لە ڕووی دەركەوتن و پۆشینی جلوبەرگەوە بێوێنە بن، چونكە جگە لە سازكردنی كۆنسێرت و ئاهەنگ، ئێمە بەردەوام لە بۆنە و فێستیڤاڵەكاندا بەشداری دەكەین و دەردەكەوین، پێویستە دەركەوتنمان تا ڕادەیەك جیاواز بێت لە خەڵكی ئاسایی، چونكە ئێستا میدیاكان گرنگییەكی زۆر بە دەركەوتنی هونەرمەند دەدەن و بچووكترین هەڵە، یان دەرنەكەوتن، بە جوانی دەیقۆزنەوە بۆ ئەوەی بیكەن بە بابەتی ڕۆژ»، مادلین زیاتر دەڵێت: «جگە لە جلوبەرگ من عاشقێكی سەرشێتی بۆنم، هەر بۆنێك كە دەرچوو، من هەوڵ دەدەم دەستم بكەوێت، بۆیە ئێستا بە سەدان شووشەی بۆنم كۆ كردووەتەوە، بەتایبەتی بۆنی فەرەنسی».

لەلایەكی دیكەوە دەربارەی ڕەخنەی كەسوكاری لە ستایلی جلوبەرگەكان، مادلین دەڵێ: ئاساییە خێزانەكەی ڕەخنەی لێبگرن لەسەر ئەو جلوبەرگانەی لەبەری دەكات، جا چ لە شوێنە گشتییەكان یان گەشتیارییەكان بێت.

مادلین لەو بارەوە دەڵێت: «من لەم جۆرە هەڵوێستانە دەگەم، بەڵام هەندێك جار ناچارم، هەروەها هێشتا لە تەمەنێكدام كە بتوانم جلوبەرگی لەو شێوەیە لەبەر بكەم كە خۆم پەسەندی دەكەم، هیچ شەرمێكیش لەوەدا نییە و هەڵوێستەكانی خێزانەكەم بە كارێكی ئاسایی دەزانم دەربارەی ئەم بابەتە.

Top