ئەو كچانەی خێزانەكانیان پشتگیرییان دەكەن كەمتر ئازار دەكێشن

ئەو كچانەی خێزانەكانیان پشتگیرییان دەكەن كەمتر ئازار دەكێشن

 

چالاكانی بواری مافی ئافرەت جەخت لەوە دەكەنەوە، پاڵپشتی خێزان بۆ منداڵەكانیان بە تایبەت بۆ كچان گەورەترین سەرمایەیە و وادەكات كچ باوەڕی زیاتری بەخۆی و بە تواناكانی هەبێت، پێشنیاریش دەكەن، باوان لە بری ڕێگرییەكانیان لە ئەكتیڤبوونی كچیان، بەرچاوڕوونییان پێ بدەن و، هەوڵ بدەن پشتیوانییان لێ بكەن، بۆ ئەوەی بتوانن داهاتوویەكی درەوشاوە و گەش بۆ خۆیان درۆست بكەن و خاوەن داهاتی خۆیان بن. یەكێك لەو ئافرەتانەی كە بەردەوام لە ڕەوتی پێشكەوتنیدا لەلایەن باوانیەوە بەربەست و كۆسپی گەورەی بۆ دروست كراوە، باسی چۆنیەتی زاڵبوون بەسەر كێشەكانی ژیانی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

هاوژین عەلی ئافرەتێكی تەمەن 37 ساڵە، وێڕای ئەوەی لەلایەن كەسوكارەكەی بەربەست و كۆسپی گەورەی بۆ دروست كراوە، توانیویەتی پەیمانگەی پزیشكی تەواو بكات و، چاوەڕوانی دامەزرانی حكوومیشی نەكردووە، لە ئێستادا نۆرینگەی پزیشكیی لە ناو ماڵەكەی خۆیدا بە وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی كردووەتەوە. ئەو خاتوونە بەمجۆرە باسی بەسەرهاتی ژیانی خۆی دەكات: «كاتێك كچ بووم، باوكم و براكانم ڕێگەیان نەدەدام بچمە دەرەوە، تەنانەت بە زۆر و پێداگریی داپیرەم باوكم ڕازی بوو درێژە بە خوێندن بدەم و ڕۆژانەش تەنیا لە ماڵەوە بۆ قوتابخانە و لە قوتابخانەوە بۆ ماڵەوە، كە دەشچوونە میوانی منیان نەدەبرد، كە میوانیشمان دەهات، بۆم نەبوو بیانبینم، وەكو هەر كچێك نەمدەتوانی جلوبەرگ بە دڵی خۆم لەبەر بكەم، داوای هەر جلێكم بكردبا، دەیانگوت وەكی مێردت كرد، بە دڵی خۆت جلكەكانت بپۆشە، ئەگەر داوای سەردان و سەیرانم بكردبا، دەیانگوت كەی هاوسەرگیریت كرد، لەگەڵ ئەو بە كەیفی خۆت بگەڕێ و بسووڕێ، تەنانەت كاتێك خوێندنم تەواو كرد، ڕێگەیان نەدام فۆڕمی دامەزراندن پڕ بكەمەوە و پێیان گوتم كچی ئێمە نابی بچێتە فەرمانگەكان، كەی مێردت كرد بۆ خۆت دەوام بكە و ئیش بكە، ئیدی منیش وردە وردە لەوە ڕاهاتم كە خەون و خولیاكانم بەو كەسەی كە لە داهاتوودا دەبێتە هاوسەرم ببەستمەوە، هەر بە خەیاڵ خۆشییەكانی ژیانمم لەگەڵ ئەودا دابەش دەكرد، وەهایان لێكردبووم، وابیر بكەمەوە كەوا هاوسەر واتا فانۆسی سیحراوی عەلائەدین و هەموو خەون و خۆزگەكانم جێبەجێ دەكات، تا ئەو ئاستەی وام لێهات هەر كەسێك بێتە داوام، ڕازی بم و لەو بەندیخانەیەی ماڵی باوكم ڕزگارم بێت، دواجار خزمی دراوسێیەكمان بە شێوەی عەشایەری هاتە داوام و دوای ئەوەی كەسوكارم ڕازی بوون، منیش بێ یەك و دوو ڕازی بووم، هەر زوو لە ماوەی دەزگیرانی ئەو كوڕەم زۆر خۆشویست و ئومێدێكی زۆرم بە ژیانی هاوبەشیمان هەبوو، بەڵام ئەو هەر لە هەفتەی یەكەم دەستی لەسەر بەرز كردمەوە، پیاوێكی زمان شڕ بوو، بە ڕاست و چەپ ئیهانەی دەكردم، جنێوی بە خۆم و كەسوكاریشم دەدا، ئیهانەكانی ئازاری دەروونیی زۆریان دەدام و كاریگەریی زۆری لە سەرم هەبوو، هۆكارەكەشی ئەوە بوو ئیهانەكان لەلایەن ئەو كەسەوە بوو، كە لە گیانی خۆمم خۆشتر دەویست، كەچی ئەو سووكایەتی پێ دەكردم.»

هەروەها دەڵێت: «لە بیرمە جارێكیان بۆ دایكمم باس كرد، كە ئەو پیاوە چەندە خراپە و تەنانەت بیرم لەوە كردۆتەوە بۆ باوكم باسی بكەم، بڵام دایكم نەیهێشت قسەكانم تەواو بكەم، گوتی: ئەگەر ئیشێكی وا بكەیت، باوكت كەپووی هەردووكمان دەبڕێت. هاوسەرەكەشم كە دەیبینی چەندە داماو و بێ پشت و پەنام زیاتر ئیستیغلالی دەكردم. ساڵان هات و تێپەڕی بەو قەدەرەم ڕازی بووم و هەمیشە بە خۆمم دەگوت كە باوكی خۆم زوڵمم لێ بكات و لە منداڵییەوە تاوەكو ئەمڕۆ وەكو ئینسان ڕەفتاری لەگەڵ نەكردووم، بۆچی نابێت بێگانەیەك زوڵمم لێ بكات؟ ئێستاش دایكی سێ منداڵی وردیلە و جوانم ئەگەرچی ژیان لە دۆزەخێكدا دەكەم، بەڵام بە بوونی منداڵەكانم دڵخۆشم و تا لە ژیاندا مابم، رێگە نادەم چارەنووسی منداڵەكانم لە چارەنووسی من بچێت.» گوتیشی: دایكی من ئافرەتێكی بێ دەسەڵات بوو، تەسلیمی یاسای پیاوسالاری ببوو، بەڵام من بۆ منداڵەكانم دەبمە قەڵغان و دونیای ئەوان بە خۆشەویستی و متمانەوە دەنەخشێنم، ئەمڕۆكەش دوای ئەو هەموو ڕووبەڕووبوونەوەیە لە ماڵەكەی خۆمدا نۆرینگەیەكی بچووكی پزیشكیم كردووەتەوە، بۆ ئەوەی خۆم و منداڵەكانم موحتاجی دەستی كەس نەبین. هیواداریشم بە تێپەڕبوونی كات، باوكی منداڵەكانیش ویژدانی بجووڵێت و بەخۆیدا بچێتەوە.»

 

Top