نانسی عەجرەم:هەست بە نیگەرانیی بەردەوام دەكەم بەرامبەر بە داهاتوو
نانسی عەجرەم یەكێكە لە هونەرمەندە سەركەوتووەكان، یەكێكە لەو هونەرمەندانەی متمانەی بەخۆی هەیە، ئەو پێیوایە بەهێزكردن بریتییە لە گەشەكردن.
دەربارەی گرنگی ئەوەی ئافرەت بەهێز و خاوەن پێگە بێت نانسی دەڵێت: «ئافرەت خاوەن پێگەیە، كەسێكە كە خۆی بە باشی دەناسێت، متمانەی بە خۆی هەیە، دەزانێت چی لە ژیان دەوێت و هەوڵ بۆ چی دەدات، بڕیارەكانی زۆربەی كات دروستن بەهۆی ئەو ئەزموونەی كە بە درێژایی ساڵان بەدەستی هێناوە، ئەو ئافرەتێكی ڕاستەقینە و ڕاستگۆیە و ناتوانێت ڕاستگۆ بێت ئەگەر بەهێز نەبێت، بێ گوێدانە ئەوەی كە خەڵك حەزیان لە ڕاستگۆییەكەی بێت یان نا».
دواتر تیشك دەخاتە سەر ئەو شتانەی لێیان دەترسێت و دەڵێت: «من كەسێكی ئەرێنیم، بەڵام هەست بە نیگەرانیی بەردەوام دەكەم بەرامبەر بە داهاتوو، هەمیشە بیر دەكەمەوە « سبەی چۆن دەبێت؟» هەروەها لە نەخۆشی دەترسم و هەندێك جار بیرۆكەی ناخۆش زاڵ دەبن بەسەرمدا، بۆیە هەوڵ دەدەم بە خێرایی خۆمی لێ دەرباز بكەم و بگەڕێمەوە بۆ سرووشتی خۆم».
نانسی بەو شێوەیە وەسفی خۆی دەكات، دەڵێت: «من ئافرەتێكی جوانم، بەهێزم، سۆزدارم، میهرەبانم، زیرەكم، و باوەڕدارم، متمانەم بە خۆم و بە تواناكانم هەیە، و باوەڕم وایە هەموو ئەوەی بەدەستم هێناوە ڕێكەوت نەبووە، بەڵكو بە هەوڵ و كۆششی خۆم بووە».
