مامۆستا پێشەنگ و پەروەردەکار

مامۆستا پێشەنگ و پەروەردەکار

(ئینگلیز) دەڵێ"پێشەنگی باش چاكترین ئامۆژگارییە".
ئاشكرایە لەلای هەموومان پەروەردە بریتیە لە بنیاتنان و خاڵی دەستپێك لە دروست كردن و بنیاتنانی نەوەكان و پێكهێنانی كەسایەتی بۆیان. ئەوەش لە ڕێگای كەسانی پێشەنگ لە پەروەردە دێتەدی سەرقافلەیان مامۆستا. هەمیشە مامۆستایان لە سەردەمانی زوو بگرە تا ئێستاش پێشەنگ و نموونەی هەرە بەرزبوونە بۆ قوتابییەكانیان و جێگای ڕێزو ستایش كردن بوونە.
هەمیشە مامۆستا كاریگەری گەورە لە سەر ناخی قوتابی جێ دەهێڵی دەبیتە نموونەیەكی ئەرێنی و بەرز لە پێش قوتابییەكانی، ئەوەش هەروا بە خۆڕا و خۆڕسك نییە، بەڵكو دەبێ مامۆستا لە گوفتار و كردار و هەڵسوكەوت و ڕەوشتی و ڕەفتاری ڕۆژانەی نموونەی هەرە جوان و دانسقە و سەرنج ڕاكێش بێت بۆ قوتابیەكانی، چونكە ڕەنگدانەوەی كەسایەتی و ئادكاری مامۆستا لە سەر قوتابیەكانی ڕەنگ دەداتەوە بە ئەرێنی كە مامۆستا نموونەی جوانی پێشەنگی ئەرێنی بوو ، ئەوا ڕاستەوخۆ كۆمەڵێ بەهاو پڕەنسیپی جوان و گرنگ لە هەڵسوكەوت و كەسایەتی قوتابی چەكەرە و نەش ونما دەكات وەكو دەستپاكی و كۆشش و هەوڵدان و ڕاستگۆیی و ڕێك و پێكی ئیشی بەردەوام .....، هەموو ئەوانە وا لە قوتابی دەكات كەسایەتیەكی بەهێز و تۆكمەی لێ دروست ببێت، هەمیشە پڕەنسیپە نەگۆڕەكان مایەی قسە لە سەركردن و سازش نین. ئەوەش دیسان لەو مامۆستایانەوە وەردەگیرێ و دەگوازێتەوە بۆ قوتابییەكان ئەو مامۆستایانەی هەمیشە بەرێزەوە كردار و گوفتاریان یەكە، چونكە پێشەنگ بوون بە قسە و گوفتار نییە، بەڵكو بە كردار و ڕەفتار و هەڵسوكەوتە.
گرنگە مامۆستایان بەردەوام بایەخ بە ڕێكپۆشی جلوبەرگ و خاوێنی و گونجان بدەن كە ئەوەش متمانە و دڵنیایی لای خۆیان و قوتابیەكانیش دروست دەكات. هەروەها پێویستە مامۆستا لە بابەت و پسپۆڕی خۆیان زۆر سەركەوتوو لێزان و شارەزا بن و بابەتەكان بە ئاسانی و بێ گرفت بتوانن باسی بكەن لە پێش قوتابیەكان نەبێتە ئاستەنگ.
خاڵێكی تری گرنگ لە سەر پێشەنگ بوونی مامۆستا ئەوەیە مامۆستا پابەند بێت بەكاتی دەوام و وانەكان بێ دواكەوتن لە بەشە وانەكانیان، چونكە ئەوەش كاریگەری ئەرێنی و هەستیار جێ دەهێلێ بۆ قوتابیان وایان لێ دەكات ئەوانیش پابەند بن بە بەشەوانەكانیان و دوا نەكەون.
لە بیرمان نەچێت گوفتار و ڕەفتاری مامۆستا لە پۆل و قوتابخانە و هەمیشە خاڵی وەرچەرخانە لە پێشەنگ بوونی، چونكە دەبێ بەوپەڕی ڕێز و نەرم و نیانی و پەروەردەیی هەڵسوكەوت بكات لەگەڵ قوتابیەكانی، دووربكەوێتەوە لە ناوهێنانیان بە ناو و ناتۆرە و ناوی خوازراو و ڕووشكێن و داهێزراو، هەمیشە هۆكارێكی هاندەر و پاڵنەرێكی باش و ئەرێنی بێت بۆ قوتابیەكانی و بەچاوی باوكانە و دایكانە و خوشك و برایانە تەماشایان بكات. شاخێك بێت لە پشوو درێژی و ئارامی و ڕاستگۆیی و لێبوردەیی و بەخشندەیی و پەروەردەیی بێت.
قوتابی هەست بە ئارامی و ئاسودەیی تەواو بكات هەردەم قوتابیان حەز بە وانە و بابەتی مامۆستاكەیان بكەن و جۆش و خرۆشی و پەیوەست بوونێك هەبێت لە بابەتەكانی. هەموو ئەوانە و چەندەهای تریش كە باسمان نەكردوون لەم وتارە هۆكارن بۆ ئەوەی مامۆستا ببێتە پەروەردەكارێكی پێشەنگ و پێشەنگێكی ئەرێنی و سوود بەخش.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top