خاوەنكار نەغەدە ئەحمەد مەحموود لاوە: باوكم زۆر پشتگیری كردووم دانانی دوكانەكەشم هەر پێشنیاری باوكم بوو
نەغەدە ئەحمەد مەحموود لاوە، خانمە گەنجێكی دانیشتووی شاری سلێمانییە و لە نێو دوكانەكەی خۆیدا سەرقاڵی دوورمان و دیزایین كردنی جلوبەرگی ئافرەتان و منداڵانە، ئەویش وەك زۆرینەی خانمانی خاوەنكار بۆ ناساندنی بەرهەم و كارە دەستییەكانی سوودی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بینیوە و لە ڕێگەی پەیجەكانی سۆشیال میدیاوە برەوی بە كارەكانی داوە. نەغەدە ئەحمەد ساڵی ١٩٧٩لە شاری سلێمانی گەڕەكی توی مەلیك لەدایك بووە، شانبەشانی كارەكانی وەك بەرگدوورێك بەردەوام خولی فێركاری بۆ فێرخوازانی بە هەردوو شێوەی ڕاستەوخۆ و ئۆنڵاین دەكاتەوە. وردەكاری كارەكەی بەمجۆرە بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان باس دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
«هەر لە تەمەنی منداڵیمەوە خولیا و ئارەزووم بۆ بەرگدووری و دیزایین و ئیشی دەست هەبوو، بە حوكمی ئەوەی هەندێك لە كەسوكار و ناسیاوەكانم كاری دوورمانیان دەكرد و شارەزاییان لەو كارەدا هەبوو، منیش لەوانەوە زانیاریم وەرگرت و فێری كارەكە بووم، ساڵی ٢٠٠٧ تاوەكو ساڵی ٢٠١١ لە وڵاتی توركیا نیشتەجێ بووم، لەوێش هەر بە دوورمانەوە سەرقاڵ بووم، دوای گەڕانەوەم لە سلێمانی دوكانم دانا سوپاس بۆ خوای گەورە ئینجا بۆ كەسوكارم، یەكەم هاندەر و پاڵپشتیكارم خێزانەكەم بوون، ئەوان پاڵپشتییەكی زۆریان كردم و هەمیشە وەك شاخێك لە پشتم بوون، یەكەم شت كە دامنا بۆ خستنەڕووی كار و بەرهەمەكانم تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بوو، بە خۆشحاڵییەوە خەڵك لە كارەكانم زۆر ڕازی بوون، دوای ئەو پێشوازییەی بینەرەكانم بڕیارمدا كە لە ئەپەكانی دیكەی سۆشیاڵ میدیا بەردەوام بم».
ئەو خاوەنكارە سەبارەت بە ئامانجی كاركردنیشی دەڵێت:
«ئامانجی سەرەكی من ڕازی كردنی خوای پەروەردگارە، ئینجا سوود گەیاندن بەو كەسانەی كە لە ئەكاونتەكانم بینەری كارەكانمن، ئەوانەی كە بەردەوام بە وتە جوانەكانیان هێزیان پێ بەخشیووم و پاڵپشتیان كردووم، زیاتریش ئەو كەسانە كەسانی دەرەوەی شار بوون، كە دەستیان بە من ناگات و زۆریش ڕێز لە ماندووبوونی كارەكانم دەگرن».
سەبارەت بە ئامانجی لە كاركردن و دەركەوتنی دەڵێت: «ئامانجی سەرەكی من ئەوەیە كە لە داهاتوودا بتوانم خولی فێركاری بۆ خانمان لە هەموو شار و شارۆچكەیەك بێ بەرامبەر بكەمەوە، هەرچەندە هەتا ئیستا نەمتوانیوە و ئەو دەرفەتەم بۆ نەڕەخساوە ئەو كارە ئەنجام بدەم». گوتیشی: «پیشەی بەرگدووری پاكترین و جوانترین ئیشە بۆ خانمان، چونكە خانمان لە ماڵەكانی خۆیاندا دەتوانن بژێوی ژیانی خۆیان دابین بكەن و دەست لە هیچ كەسێك پان نەكەنەوە و لەسەر قاچی خۆیان بوەستن و متمانەیان بە توانا و لێهاتوویی خۆیان هەبێت، منیش وەك مامۆستایەكی بە ئەزموون هاوكارییان دەكەم هەتا بە ئامانجەكەیان بگەن.
پشت بەخوای گەورە بە هیوام لە داهاتوودا كارگەیەكی گەورەی دوورمان بە بڕاندی خۆم دابمەزرێنم، دەرفەتی كاریش بۆ چەند خانمێكی لێهاتوو بڕەخسێنم، دەتوانین بە كاری هەرەوەزی ئەو جلانەی كە دەیدوورین بە كەمترین كات و كەمترین نرخ بە كڕیارەكانمان بفرۆشین».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا خێزانەكەت تاچەند پاڵپشت و هاوكارت بوون؟ ئایا هیچ ڕێگری لە دەركەوتنت هەبوو؟ ئەو گوتی: «سوپاس بۆخوا تا ئێستا خانەوادەكەم ڕێگر نەبوون لە دەركەوتن و ناوبانگم، بگرە زۆر یارمەتیشیان داوم و لە پشتیشم بوون، بەتایبەتی باوكم زۆر پشتگیری كردووم دانانی دوكانەكەشم هەر پێشنیاری باوكم بووە و تەنانەت بۆ گەورە كردنی ئیشەكەشم باوكم و براكانم هاوكارمن و بەردەوام بۆ پێشكەوتن هانم دەدەن».
نەغەدە ئەحمەد لە كۆتایی قسەكانیدا گوتی: «زۆر گرنگە ئافرەت خاوەنكار و پیشەی خۆی بێت، چونكە ڕۆژ بە ڕۆژ ژیان لەسەر هەر تاكێكی خێزان قورستر دەبێت، هەر خانمێك ئەو داهاتەی كە دەستی دەكەوێت بەشی خۆی دەكات و دەشتوانێت لە داهاتەكەی هاوكاری خێزانەكەی بكات، گرنگترین بەشی ژیانی ئینسان ئەوەیە لە ئێستادا كە قەیران و نەبوونی و بێ مووچەییشە باشترین كار ئەوەیە لەسەر قاچی خۆت بووەستیت چاو لە دەستی هیچ كەسێك نەبیت و دوای كار و كاسبییەكی حەڵاڵ بكەویت، تاوەكو ژیانی ماڵ منداڵتی پێ بەڕێ بكەیت، بە بۆچوونی من جوانترین پیشە لە ئیستادا بۆ خانمان بەرگدوورییە، ئێمە بەردەوام خولی ئۆنڵاينمان هەیە و خانمان دەتوانن لە ماڵەكەی خۆیاندا بەژدار بن، هاوكات پەیجەكەی من پڕاو پڕە لە زانیاری بۆ ئەو خانمانەی كە لە ماڵەوەن و ناتوانن بێنە دەرەوە و بەژداری خولەكان بن».
