ئازادیی ڕادەربڕین و ڕەوایەتییەكەی

ئازادیی ڕادەربڕین و ڕەوایەتییەكەی

 

 

لە ڕاستیدا پێناسەیەكی دیاریكراو بۆ ئازادیی ڕادەربڕین نییە، هەندێك لە یاساناسان پێیان وایە كە بریتییە لە دەربڕینی بیرۆكە ناوەكییەكانی مرۆڤ، جا بە وتە بێت، یان كردار، یان وتاردان، یان نووسین و بڵاوكردنەوە، یان بە وێنە و نیگار، بەبێ ملكەچبوون بۆ چاودێرییەكی توندی حكوومی، هەندێكی دیكە پێیان وایە بریتییە لە توانای دروستكردنی ڕایەكی دیاریكراو و دەربڕینی بەبێ ترس، دوودڵی، ڕوپامایی، پاشكۆیەتی، یان لاساییكردنەوە.

بە ڕای خۆم، پێم وایە ئەم ئازادییە لە بنەڕەتدا ئازادیی مرۆڤە لە دەربڕینی ئەوەی بیری لێ دەكاتەوە، بەبێ ئەوەی بكەوێتە بەر ڕێكاری ستەمكارانە، ئەمەش ئازادیی بەدواداچوونی هەواڵ و بڵاوكردنەوەی بە شێوەی نووسراو، زارەكی، یان چاپكراو دەگرێتەوە، بەبێ پابەندبوون بە سنووری جوگرافیی دیاریكراوەوە، سەرەڕای نووسین و دانان و ئەنجامدانی گفتوگۆ و سازكردنی كۆڕ و سیمینار، لێرەدا پێویستە جەخت لەوە بكەینەوە كە ئازادیی ڕا لە وڵاتانی ئیسلامیدا، پاڵپشتییە شەرعییەكەی لە قورئانی پیرۆزدا دەدۆزێتەوە، لە فەرموودەی خوای گەورە: «وَلْتَكُن مِّنكُمْ أُمَّةٌ يَدْعُونَ إِلَى الْخَيْرِ وَيَأْمُرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وَيَنْهَوْنَ عَنِ الْمُنكَرِ» واتە: با لە ئێوە كۆمەڵێك هەبن بانگەواز بۆ چاكە بكەن و فەرمان بە چاكە بكەن و ڕێگری لە خراپە بكەن.

لە ڕاستیدا ئازادیی دەربڕین بنەمایەكی جەوهەری و سەرەكییە لە سیستمی دیموكراسیدا، كە دەبێت لەسەر بنەمای پابەندبوون و ددانپێدانان بەوەدا دامەزرابێت كە تاكەكانی كۆمەڵگە توانای هەڵبژاردنی ئەو ڕایەیان هەیە كە باوەڕیان بە ڕاستییەكەی هەیە و، ئەوەی كە ئازادیی دەربڕین ئاوێنەیەكە بۆ دۆزینەوەی ڕاستی و هەڵسەنگاندنی كارەكانی دەسەڵاتی حوكمڕان، چ بە ئەرێنی و چ بە نەرێنی.

داواكاری بۆ پاراستنی مافەكانی مرۆڤ بەگشتی و «ئازادیی ڕا» بەتایبەتی، دوای جەنگی دووەمی جیهانی دەركەوت، كاتێك بووە یەكێك لە گرنگترین ئەو پرسانەی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا خراونەتە ڕوو، بەتایبەتی دوای دامەزراندنی نەتەوە یەكگرتووەكان و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لەلایەن زۆربەی گەلان و بنیادنانی وڵاتەكانیان و دەركەوتنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، كە تایبەتمەندن بە مافەكانی مرۆڤ و ئەركی سەرشانیان لە بەڵێندان و ئیمزاكردنی ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان و دامەزراندنی میكانیزمی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ماف و ئازادییەكانی مرۆڤە.

لە دوای دەرچوونی جاڕنامەی گەردوونیی مافەكانی مرۆڤ و هەردوو پەیماننامە نێودەوڵەتییەكەی مافە مەدەنی و سیاسییەكان، ئیتر ئازادیی ڕا و دەربڕینی تەنیا وەك مافی تیۆری نەمانەوە، بەڵكو بوونە مافی بەرجەستە، ڕەوا و پارێزراو، ماددەی (١٩)ی جاڕنامەی گەردوونیی مافەكانی مرۆڤ جەختی لەوە كردووەتەوە كە (هەموو كەسێك مافی ئازادیی ڕا و دەربڕینی هەیە و، ئەم مافە ئازادیی هەڵگرتنی بیروڕا بەبێ هیچ دەستتێوەردانێك و وەرگرتنی هەواڵ و بیرۆكە و گواستنەوە و بڵاوكردنەوەی بە هەر هۆكارێك بێت، بەبێ پابەندبوون بە سنوورە جوگرافییەكانەوە، دەگرێتەوە). هەروەها ماددەی (١٩)ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەكان جەخت لە مافی مرۆڤ دەكاتەوە لە هەڵگرتنی بیروڕا بەبێ بێزاركردن و، ئەوەی كە مرۆڤ مافی ئازادیی دەربڕینی هەیە لە بەدەستهێنانی زانیاری و بیرۆكە و وەرگرتنیان و گواستنەوەیان بۆ ئەوانی دیكە، بەبێ گوێدانە سنوورەكان، جا چ بە شێوەی نووسراو بێت، یان چاپكراو، یان لە چوارچێوەیەكی هونەریدا، یان هەر هۆكارێكی دیكە كە هەڵی دەبژێرێت.

لەسەر بنەمای ئەم ڕێككەوتننامانە، زۆربەی وڵاتە دیموكراتییەكان ئازادیی مرۆڤ و مافی دەربڕینیان لە دەستوور و یاساكانیاندا ڕێك خستووە، بەمەش ئەم مافانە بوونەتە مافی پارێزراوی دەستووری و ناتوانرێت پێشێل بكرێن، یان دەستدرێژییان بكرێتە سەر.

بەڵام ئەمە بە واتای پەیڕەوكردنی ئازادیی دەربڕین بە شێوەیەكی ڕەها نایەت، چونكە پێوەرگەلێك هەن كە ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان جەختیان لێ كردووەتەوە، بڕگەی (٣)ی ماددەی (١٩)ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی تایبەت بە مافە مەدەنی و سیاسییەكان باس لەوە دەكات، كە پەیڕەوكردنی مافی دەربڕین، ئەرك و بەرپرسیارێتی و كۆتوبەندی یاسایی لەگەڵدایە، لەپێناو ڕێزگرتن لە ماف و ناوبانگی ئەوانی دیكە، هەروەها بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، سیستمی گشتی، تەندروستیی گشتی، یان ئادابی گشتی، لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بكەین كە هەندێك لەو ڕژێمانەی بانگەشەی دیموكراسی دەكەن، ئەو كۆتوبەندە پێویستانەی سەر پەیڕەوكردنی مافی دەربڕین بە شێوەیەك دادەنێن كە پێچەوانەی ئامانج و مەبەستەكانی ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكانە و، هەوڵ دەدەن بە شێوەیەك پەیڕەوی بكەن، یان بیانقۆزنەوە، كە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی خۆیان بكات.

پێویستە ئاماژە بەوەش بكەین كە گرنگترین دیاردەكانی ئازادیی ڕادەربڕین لەم خاڵانەی خوارەوەدا بەرجەستە دەبن:

1- ئازادیی چاپ و بڵاوكردنەوە: پەیڕەوكردنی ئەم ئازادییە كە ئازادیی چاپكردنی كتێب، گۆڤار، ڕۆژنامەكان و دامەزراندنی كەناڵە تەلەفزیۆنی و ڕادیۆییەكان دەگرێتەوە، یەكێكە لە بنەما سیاسییەكانی سیستمە دیموكراتییەكان، پەیڕەوكردنی ئەم ئازادییە توانست بە نووسەران، ڕۆشنبیران و چالاكانی حزبی دەدات بۆ بڵاوكردنەوەی دید و بۆچوونەكانیان لە لایەنە جیاجیاكانی ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسیدا، هەروەها دروستكردنی ڕای گشتی لە كۆمەڵگەدا و، بانگەوازكردن بۆ یەكخستنی ڕیزەكان و، فشاركردن لەپێناو ڕاستكردنەوە و هەڵسەنگاندنی سیاسەتی سیستمی حوكمڕان، ئەم ئازادییە یەكێكە لە یەكەمین ئەو مافانەی كە پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان داوایان كردووە و هانی وڵاتانیان داوە بۆ مسۆگەری پەیڕەوكردنی، بەو پێیەی یەكێكە لە بنەما و بەهاكانی پەیڕەوكردنی دیموكراسی.

2- ئازادیی بڵاوكردنەوەی ئەلیكترۆنی: لە ئەنجامی پەرەسەندنی بەردەوامی هۆكارەكانی پەیوەندی و بڵاوبوونەوەی تۆڕی ئینتەرنێتی جیهانی و، بەدوایدا دەركەوتنی چەندین تۆڕی كۆمەڵایەتیی وەك: فەیسبووك، تویتەر، یوتیوب و.. هتد، مسۆگەركردنی پەیڕەوكردنی ئەم ئازادییە بووەتە پێویستییەكی ژیان، چونكە ڕووبەرێكی فراوان بۆ تاكەكانی كۆمەڵگە دەڕەخسێنێت بۆ بڵاوكردنەوەی زانیاری و مسۆگەركردنی گەیشتنی بە خوێنەران و كارلێككردن لەگەڵیدا، چ بە ئەرێنی و چ بە نەرێنی.

3- مافی بەدەستهێنانی زانیاری: ئەم مافە بە دەروازەیەكی سەرەكی بۆ پەیڕەوكردنی مافی ڕادەربڕین دادەنرێت، چونكە ئاسانكردنی پرۆسەی بەدەستهێنانی زانیارییە جۆراوجۆرە سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتییەكان و ئازادیی ئاڵوگۆڕكردنیان، دەبێتە هۆی گەڵاڵەبوونی ڕای گشتی، بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی پێویست لە مانگرتن و خۆپیشاندانەكان و بەشداریكردن لە هەڵمەتەكانی بەرگریكردن لە مافەكانی مرۆڤ و پشتگیریكردنی خاوەن مافە پێشێلكراوەكان و بەرگریكردن لێیان.

لە كۆتاییدا، پێویستە جەخت لەوە بكرێتەوە كە پەیڕەوكردنی ئازادیی ڕا و دەربڕینی، بنچینەی سیستمی دیموكراتییە و بە مافێكی جەوهەری لە مافەكانی دیكەی مرۆڤ دادەنرێت، ئەوەی ڕەوایەتیی ئەم مافە پشتڕاست دەكاتەوە، ئەوەیە كە پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەم مافە دەبەستێتەوە بە ئامانجەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە لە پاراستنی ئاسایش و ئاشتیی نێودەوڵەتیدا، ئەمەش جیهانیبوون و گرنگیی ئەم مافە دووپات دەكاتەوە، بۆیە پێویستە لەسەر سیستمە تۆتالیتارەكان و بانگەشەكارانیی دیموكراسی كە مسۆگەركردنی پەیڕەوكردنی ئەم مافە لە ئەستۆ بگرن و، ئاگاداری پرسەكانی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ بن و دەستبەرداری بن، هەروەها ڕێكاری بنەڕەتی بگرنەبەر بۆ مسۆگەركردنی پەیڕەوكردنی و دروستكردنی هاوسەنگییەكی دادپەروەرانە لە نێوان ماف و ئازادییەكانی تاك و پەیڕەوكردنی دەسەڵاتەكانی سیستمی حوكمڕانیدا.

Top