ساحل کرماشانی بۆ گوڵان:ئه‌گه‌ر بیر له‌ پاره‌ په‌یداكردن نه‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌وا هونه‌ر زۆر ئاسانه‌

ساحل کرماشانی بۆ گوڵان:ئه‌گه‌ر بیر له‌ پاره‌ په‌یداكردن نه‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌وا هونه‌ر زۆر ئاسانه‌

ساحل كرماشانی گۆرانیبێژێكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە و جگە لەوەی گۆرانی دەچڕێت، شاعیرە و لەو ماوەیەدا لەگەڵ «هەڵكەوت زاهیر»ی هونەرمەند، خەریكی ئامادەكردنی بەرهەمێكی نوێیە كە بەم زووانە بڵاوی دەكاتەوە. ئەو لە چاوپێكەوتنێكدا بۆ گولان، باس لە ژیانی هونەری و هۆكارەكانی سەركەوتنی دەكات.

*دەگوترێت لەگەڵ هەڵكەوت زاهیر خەریكی كارێكی هونەرین؟

-بەڵێ ڕاستە ماوەیەكی كەمە پلانمان هەیە، من لە زاراوەی كەلهوری یانی زمانی دایكم، دەست پێ دەكەم و گورانیی فۆلكلۆری و كرماشانی دەڵێم، بۆیە ئەوە بۆ من جێگەی شانازییە كە لەگەڵ مامۆستا هەڵكەوت كاری هونەری بكەم.

*بە‌ چ پێوەرێك تێكستی گۆرانییەكانت هەڵدەبژێری؟

-یەكەم گورانیم بە ناوی باران و بە زاراوەی سۆرانی بوو، هەستێكی پر لە خۆشەویستیی پێ دام، بۆیە بەنیازم گۆرانییەكانی دیكەیشم بە زاراوەی كەلهوری و زاراوەی شیرینی كرماشانی خۆشەویست بڵێمەوە.

*لە‌ ڕووی داراییەوە كەس هەیە هانت بدات بۆ بەردەوامبوون لە كاری هونەری؟

-یەكەم كەس خێزانەكەم هاوكارمن، دوای خێزانەكەم سپۆنسەرێك هەیە كە پاڵپشتمە و حەز ناكات دەركەوێت، بەڵام من لێرەوە سوپاسی دەكەم. تا ئێستا دوو كلیپ و پێنج گۆرانیم بۆ كردوون، كۆتا كارم گۆرانییەكی فۆلكلۆریی هونەرمەندی نەمر «حیشمەتوڵڵا لوڕنژاد»ـە، كە بەم نزیكانە بڵاو دەبێتەوە، بۆیە پلانم بۆ كلیپێكی زۆر جیاواز هەیە كە تا ئێستا‌ كەس نەیكردووە.

*ناخۆشترین شت كە لە بواری هونەریدا ڕووبەڕووت بووەتە چی بووە؟

-هەر كەسە و بیر لە گەورەبوون و سەركەوتنی زیاتری خۆی دەكاتەوە، هونەرمەنداندان ڕەقیبی یەكترن، بەو جۆرەی كە دەیانبینن بڕوایان پێ مەكەن.

*هیچ كەس هەیە لە پشت سەركەوتنەكانی تۆدا بێت و هەوڵ بۆ سەركەوتنی كارەكانت بدات؟

-متمانەی تەواوم بە مامۆستا هەڵكەوت زاهیر هەیە، چونكە پێویستی بە كەس نییە و بە دڵ و بە گیانەوە پشتگیریی هونەرمەندان دەكات .

*دەڵێن كاری هونەری زۆر قورسە، ئەوە ڕاستە؟

-ئەگەر بیر لە پارە پەیداكردن نەكەنەوە بەهۆی هونەرەوە، ئەوا هونەر زۆر ئاسانە، ئەگەر بەهەست و دڵەوە كاری هونەری بكەیت، ئەوا وەك پەرداخێكی ئاوە، بەڵام بەداخەوە تێكستەكانی ئەم سەردەمە زۆر بێ مانا بوون.

*ئایا دەتوانی لە ڕێگەی هونەرەوە ژیانی خۆت مسۆگەر بكەیت؟

-هەرگیز ئەوە لە پلانمدا نەبووە، بۆیە حەزم بۆ هونەر وای لێ كردووم ئەوەی هەمە بۆ هونەرەكەم خەرجی دەكەم، پشت بەخوا ئەگەر سەركەوتوو بم، فێرگەیەكی تایبەت بە ئاواز دادەنێم و خەڵك بە كەمترین نرخ فێر دەكەم. جیاواز لەو هونەرمەندانەی كە بیر لە سەركەوتن و ژیانی خوش بۆ خۆیان دەكەنەوە، من دەڵێم دوای مردن هیچ شتێك لەگەڵ خۆم نابەم، دەمەوێ ناوبانگێكی باش خۆش بەجێ بهێڵم.

Top