دانا عەلی: دەخوازم لە داهاتوودا ببمە خاوەنكاری خۆم و دوكانێكی تایبەت بە خۆمم هەبێت

دانا عەلی:  دەخوازم لە داهاتوودا ببمە خاوەنكاری خۆم و دوكانێكی تایبەت بە خۆمم هەبێت

 

 

زۆرن ئەو گەنجانەی كە لە تەمەنێكی زوودا ئەركی بەرپرسیارێتی خێزانەكەیان دەكەوێتە سەرشان، ئەوان لە پێناو دەستەبەر كردنی ژیانێكی شایستە بۆ ئەندامانی خێزانەكەیان و پەیداكردنی پاروویەكی حەڵاڵ دەستبەرداری خواستەكانی خۆیان دەبن.

دانا عەلی گەنجێكی دانیشتووری قەزای ڕانیەیە و تاقانە كوڕی خێزانێكە، بە كاری فرۆشتنی شیرینی لە سەر عارەبانە و بە ڕژانەیەكی كەم، بژێوی ژیانی دایك و باوك و چوار خوشكەكەی دابین دەكات.

دانا عەلی تەمەنی 27 ساڵە و دانیشتووی قەزای ڕانیەیە، وەك خۆی باسی دەكات بە هۆی هەژارییەوە نەیتوانیوە درێژە بە خوێندن بدات و ماوەی11 ساڵە دەستی بە كاركردن كردووە. لەم دیدارەشیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان ئەزموونی كاركردنی خۆی بۆ خوێنەران باس دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

«بەهۆی ئەوەی باری دارایی خێزانەكەمان خراپ بوو، نەمتوانی درێژە بە خوێندن بدەم. باری داراییمان باش نەبوو، قەرزدارییشی هاتە سەر، منیش تاقە كوڕی ماڵەوە بووم، ناچار بووم كار بكەم و یارمەتیی خێزانەكەم بدەم، تاوەكو خەرجی و پێداویستیی قوتابخانەی خوشكەكانم دابین بكەم ».

دانا عەلی لە گۆڕەپانی كاردا زۆر كاری تاقی كردووەتەوە، هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «سەرەتا بە خورما فرۆشتن هاتمە بازاڕی كار، دواتر میوە فرۆشی، تەنانەت كۆنەفرۆشیشم كردووە، سوپاسگوزاری خوای گەورەم خوشكەكانم كە هەر چواریان لە من بچووكترن لە خوێندن بەردەوامن، پێشتر لە دەربەندی ڕانیە شیرینییەكانم دەفرۆشت، ئێستاش نزیكەی هەشت ساڵە لە قەزای حاجیاوا ئەو كارە دەكەم، شیرنییەكەم زۆر پاك و بەتەمامە، ئەگەر ڕۆژی پێنج هەزاریش پەیدابكەم زۆر سوپاسی خوای گەورە دەكەم كە توانیومە لەسەر پێیەكانی خۆم بوەستم و لەكارەكەم زۆر دڵخۆش و ئاسوودەم، چونكە توانیومە هاوكاری خێزانەكەم بكەم».

گوتیشی: «ڕۆژانە بە پاس لە ڕانیەوە دەچم بۆ جاجیاوا و بە پاسیش دەگەڕێمەوە بۆ ڕانیە، لەوێ لە بەیانییەوە تاوەكو ئێوارە شیرینی و پاقڵاوە لەسەر عەرەبانەكەم بۆ وەستاكەم دەفرۆشم، رۆژانەكەشم 10 هەزار دینارە، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا دڵخۆشم بە كارەكەم، پێموایە كاركردن عەیب نییە بەڵكو شەرەفە، پێویستە ئێمەی گەنج پشت بە هێز و توانای خۆمان ببەستین و دەست لەبەر كەس پان نەكەینەوە، من بەشبەحاڵی خۆم دڵخۆشم بەبوونی هەموو ئەو كەسە باشانەی لە ژیانی مندا هەن و ناسیومن، لە ناسینی هەر یەكێكیان ئەزموونم وەرگرتووە. هاوكات دەستی دایك و باوكم ماچ دەكەم كە منیان گەیاندۆتە ئەو تەمەنە و سەربەرزانە پەروەردەیان كردووم و وانەی ژیانیان بە جوانترین شێوە فێر كردووم.

گرنگ نییە چەند دەژیت و چۆن دەژیت، گرنگ ئەوەیە دوای نەمانت ئاسەوارێك هەبێت و بسەلمێنیت كە وەك مرۆڤ ژیاویت لەوەش گرنگتر ئەوەیە لە ئاست ئەو تێڕوانین و چاوەڕوانیەدا بیت كە چوار دەورت لەسەر تۆ بنیادیان ناوە».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا خەون و خولیای داهاتووت چییە؟

ئەو گوتی: «ئامانجی سەرەكیم وەكو برا گەورەیەك ئەوەیە كە بەردەوام بم لە هاوكاری كردنی خوشكەكانم تاوەكو لە خوێندن سەركەوتووبن، دوای ئەوەش ئاواتی ئەوەم هەیە لە داهاتوودا ببمە خاوەنكاری خۆم و دوكانێكی تایبەت بە خۆمم هەبێت تاوەكو كاری تێدا بكەم، هەوڵیشم بۆی داوە بەڵام لەبەر بارودۆخی ژیان نەمتوانیوە بە ئامانجەكەم بگەم، چونكە لە ئێستادا ئیشەكەم تاكە سەرچاوەی داهاتی خێزانەكەمە».

دانا عەلی:  دەخوازم لە داهاتوودا ببمە خاوەنكاری خۆم و دوكانێكی تایبەت بە خۆمم هەبێت
Top