ناوی تۆم كروز لە ئینسیكڵۆپیدیای گینسدا دەنووسرێتەوە

ناوی تۆم كروز لە ئینسیكڵۆپیدیای گینسدا دەنووسرێتەوە

ئەستێرەی جیهانی «تۆم كروز» سەركەوتن لە دوای سەركەوتن بەدەست دەهێنێت بەهۆی كاریگەریی لە سینەمای جیهانیدا، جا چ لە ڕۆڵی ئەكشن یان دراما یان خەیاڵی زانستیدا بێت، بە شێوەیەك جەماوەری و پێگەیەكی بەدەستهێناوە كە سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵەكان و گۆڕانی حەز و ئارەزووەكان و فرەیی نەوەكان، ناگۆڕێت.

دوایین سەركەوتن كە ئەم ئەستێرەیەی هۆلیوود دوای نمایشكردنی بەشی هەشتەمی فیلمی (Mission Impossible) بەدەستی هێنا، بریتی بوو لە تۆماركردنی ناوی لە ئینسیكڵۆپیدیای گینس بۆ ژمارە پێوانەییەكان.

ناوی تۆم كروز لە ئینسیكڵۆپیدیای گینسدا دەنووسرێتەوە

بەهۆی سووربوونی لەسەر ئەنجامدانی دیمەنە ئەكشنەكان بە خۆی، تۆم كروز بڕوانامەیەكی لە ئینسیكڵۆپیدیای گینس بۆ ژمارە پێوانەییەكان وەرگرت بۆ «گەورەترین ژمارەی بازدانی پەرەشوتی سووتاو لە دیمەنێكی فیلمدا». ئینسایكڵۆپیدیای گینس بۆ ژمارە پێوانەییەكان ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی حوزەیران، ڕایگەیاند كە توم كروزی تەمەن ٦٢ ساڵ، ژمارەی پێوانەیی بۆ «زۆرترین ژمارەی بازدانی پەرەشوتی ئاگرگرتوو لەلایەن تاكەكەسێكەوە» شكاندووە. كروز ئەم دەستكەوتەی ١٦ جار لە كاتی وێنەگرتنی فیلمی (Mission: Impossible - The Final Reckoning) بەدەستهێناوە.

بەپێی ماڵپەڕی ئینسیكڵۆپیدیای گینس بۆ ژمارە پێوانەییەكان كروز، كە پەرەشووتەوانێكی مۆڵەتپێدراوە، ١٦ جار لە هێلیكۆپتەرێكەوە بازی داوە لە كاتێكدا بە پەرەشووتێكی تێركراو بە سووتەمەنی و ئاگرگرتووەوە بەسترابووەوە، پێش ئەوەی پاشماوە خەڵووزاوییەكانی پەرەشووتە یەكەمەكە ببڕێت و بە سەلامەتی پەرەشووتێكی یەدەگ بكاتەوە. پێشتر هیچ ئەكتەرێك یان ستەنتێك (ئەكتەری بەدیل) نزیك نەبووەتەوە لەم ژمارەیە لە كەوتنە كوشندەكان.

لەوبارەوە كرەیگ گلێندای، سەرۆكی ئینسایكڵۆپیدیاكە، گوتی: «تۆم تەنها ڕۆڵی پاڵەوانی ئەكشن نابینێت، بەڵكو خۆی پاڵەوانێكی ئەكشنە! بەشێكی گەورەی سەركەوتنەكانی دەگەڕێتەوە بۆ تەركیزە تەواوەكەی لەسەر ڕەسەنایەتی و تێپەڕاندنی سنووری ئەوەی كە پیاوێكی پێشەنگ دەتوانێت پێشكەشی بكات. جێی شانازییەكی گەورەیە كە بتوانم دان بە بوێرییە بێسنوورەكەیدا بنێم بەم نازناوە نوێیەی ئینسایكڵۆپیدیای گینس بۆ ژمارە پێوانەییەكان.»

Top