نەبەز ڕەفعەت ڕاوێژكاری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان: وێڕای ئاستەنگەكانی بەغدا و وشكەساڵی لە زۆر سێكتەری كشتوكاڵیدا گەیشتووینەتە ئاستی خۆبژێوی
مەترسییەكانی وشكەساڵی و ئالنگارییەكانی بەردەم پەرەپێدانی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستاندا و، خستنەگەڕی هەوڵەكان بۆ بووژانەوە و گەشەكردنی ئەم كەرتە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، تەوەرەی سەرەكیی دیداری گۆڤاری گوڵان بوو، لەگەڵ نەبەز ڕەفعەت ڕاوێژكار لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
* هەرچەندە سێكتەری كشتوكاڵ لەم چەند ساڵەی دواییدا پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام كێشەی وشكەساڵی و گۆڕانی كەشوهەوا كە جیهان و ناوچەكە بەگشتی و بەتایبەتی عێراق گرتووەتەوە، كوردستانیش لێی بێبەش نەبووە، ئایا دەتوانین بڵێین وشكەساڵی مەترسییەكی جددییە و هەڕەشە لەم هەوڵ و پێشكەوتنانە دەكات؟
- هەوڵەكانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ فرەچەشنكردنی ئابووری و پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ دیار و لەبەرچاوە، بەتایبەتی بۆ دۆزینەوەی بازاڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی پەتاكانی ئاژەڵی و چارەسەركردنی كێشەی گەنمی جووتیاران و دروستكردنی بەنداو و پۆند و چەندین پڕۆژەی پیشەسازیی كشتوكاڵی دیكە، لەگەڵ ئەمەشدا ئەم كەرتە بێ كەموكورتی و گرفت نەبووە، بەهۆی بڕینی بوودجە و كۆرۆنا و بۆردومان و ململانێی حزبە سیاسییەكان و چەندین ئاستەنگ و بەربەستی دیكە، لە ئێستاشدا كێشەی وشكەساڵی و گۆڕانی كەشوهەوا بووەتە مەترسییەكی جددی، ئاشكرایە وشكەساڵی و گۆڕانی كەشوهەوا كێشەیەكی جیهانییە و سەرجەم ناوچەكانی گۆی زەوی تووشی بووە، وشكەساڵییەكەش بەنسبەت ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و هەرێمی كوردستانەوە مەترسییەكی گەورەیە و هەڕەشە لە كەرتی كشتوكاڵ و خۆراك دەكات. بەشێوەیەكی گشتی لە هەرێمی كوردستان بەپێی نەخشەی بارانبارین، كێشەی وشكەساڵی دابەش بووە و زیاتر دەشتاییەكانی هەولێر و دهۆك و گەرمیانی گرتووەتەوە، لەم ناوچانەدا بارودۆخەكە باش نییە، بەتایبەتی لە بەرهەمی دانەوێڵە و ئەو زەوییانەی دێمین و پشتیان بە بارانبارین بەستووە، ئەوەشی بەرهەم هاتووە لە ئاستێكی كەم و كوالێتی باشدا نین.
* ئەم كێشە مەترسیدارەی وشكەساڵی پێشتریش پێشبینیكراو بوو، ئایا وەكو وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، تا چەند پلان و بەرنامەتان داڕشتووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كێشەی وشكەساڵی؟
- وەكو وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بەرنامە و كاری خۆمان هەیە، چ لە ڕێگەی ڕێنمایی كشتوكاڵی و هەندێك بڕیاری ئیداری و بابەتەوە بێت كە زیادەمەسرەفی لە بەكارهێنانی ئاو بۆ ئاودێریی كشتوكاڵ نەكرێت و ئاراستەی جووتیارەكان بكرێت، كە هەندێك بەرهەمی كشتوكاڵی كە ئاوێكی زۆری دەوێت، ڕابگیرێت، یان ڕێژەی چاندنی كەم بكرێتەوە وەكو بەرهەمی گەنمەشامی، ئەمە وێڕای دروستكردنی ژمارەیەك لە پۆند و بەنداوەكان، هەروەها مۆڵەتمان بۆ هەڵكەندنی بیری ئیرتیوازی كەم كردووەتەوە، چونكە ڕێژەی ئەو ئاوەی لە ڕێگەی بارانبارینەوە دەچێتە ژێر زەوی، زۆر كەمترە لە ڕێژەی ئەو ئاوەی بە ڕێگەی بیرەكان دەردەهێنرێت. سەبارەت بە مەترسییەكانی وشكەساڵی كە كاریگەریی لەسەر كەرتی كشتوكاڵ و بەرهەمهێنان هەیە، نەگەیشتووەتە ئاستێك سێكتەرە جۆراوجۆرەكانی كەرتی كشتوكاڵی زیانی گەورەی پێ بگات، تا ڕاددەیەكی باش بەرگەمان گرتووە، لەمەشدا حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ نەك هاوكاریی نەكردووین، بگرە ڕێگری و ئاستەنگی لە بەردەم پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵدا دروست كردووە.
* ئەگەر زیاتر ئەم خاڵەمان بۆ ڕوون بكەیتەوە، تا چەند حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ زیانی بە جووتیاران و پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان گەیاندووە؟
- كوردستان نەك تەنیا لە سەردەمی بەعسدا كاول و وێران كراوە و بناغەی كەرتەكە كە گوندەكان بووە، هەر هەمووی خاپوور كراوە، تەنانەت لە ئێستاشدا حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ قەرەبووی گوندنشینەكانیشی لەسەر ئەو جینۆساید و وێرانكارییە نەكردووەتەوە، حكومەتی عێراق بەردەوامە لەسەر ڕەوشت و ڕەفتاری نامرۆیی و نایاسایی لە بڕینی بوودجە و نەدانی پشكی هەرێمی كوردستان، لەمەش خراپتر، چەندین ساڵە بەرهەمی برا جووتیارەكانمانی لە بەروبوومی گەنم نەدەكڕییەوە، یان ڕێژەیەكی كەمی دەكڕییەوە، دەسەڵاتداران لەم بەناو عێراقەدا تەنیا سەرقاڵی قڕكردنی كورد نەبوون، بگرە كوشتن و لەناوبردنی دارودرەخت و ئاژەڵ و پەلەوەر و جێبەجێكردنی خاكی سووتاو و وێرانكردنی گوندەكانی كوردستان بووەتە كار و ڕەفتاری ڕۆژانەیان، بەداخەوە هەرچی هەوڵیان لەگەڵ دەدەین، تێگەیشتنیان بۆ دروست بكەین تا بەپێی دەستوور و یاسا و بنەماكانی پێكەوەژیان ڕەفتار بكەن و پێگەوە عێراق و هەرێمی كوردستان بونیاد بنێنینەوە، كەچی هێشتا كورد وەكو هاووڵاتی پلە دووە لە هزری ئەواندا، ئەمەش وای كردووە، بەردەوام ئاستەنگ لەبەردەم ئێمەدا دروست بكەن. ئەوەتا هەزار و یەك كێشە و گرفت لە بەردەم ناردنی بەروبووم و بەرهەمی جووتیارانی ئێمە دادەنێن، تەنیا بۆ ئەوەی بەرهەمەكانیان لە ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق ساغ نەبێتەوە. ئەمانە نایانەوێت هەرێم ئاوەدان و گەشەكردوو بێت، خوازیارن وەكو ناوچەكانی خۆیان وێرانە و بێ كشتوكاڵ بێت، ئەوەتا دوای ئەوەی لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی فیدڕاڵ لێكتێگەیشتن و ڕۆژنامەی كشتوكاڵیمان دروست كردووە بۆ ئاڵوگۆڕكردنی هەناردە و هێنراوەكانی بەروبوومەكان، كەچی دەیان بازگە و ئاستەنگی نایاساییان دروست كردووە و پارە و سەرانە لە بەروبوومی جووتیارەكانی ئێمە وەردەگیرێت و پشت بە هیچ یاسا و ڕێنماییەك نابەستێت. هەموو ئەم دژایەتییانەی كەرتی كشتوكاڵ لە كاتێكدایە كە كشتوكاڵ پەیوەندیی بە ئاسایشی خۆراكی نەك تەنیا هەرێمەوە هەیە، بەڵكو بە هەموو خەڵكی عێراقەوە هەیە، كە ناكرێت بەم شێوەیە لەلایەن بەغداوە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت .
* باسی بەنداو و پۆندەكانت كرد. ئایا تا چەند بۆ وەرزی كەمیی باران و تەنانەت گرفتی وشكەساڵی بوونی ئەم بەنداو و پۆندانە گرنگ بوون؟ ئایا وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بەنیاز نییە ژمارەیەكی دیكەی پۆند و بەنداو لە هەرێمی كوردستان دروست بكات؟
- لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین بەنداو و پۆند دروست كراون، لە وانە لە پارێزگای هەولێر بەنداوەكانی گۆمەسپان و بەستۆرە و دێگەڵە و حەمامۆك و جەلی و كۆدەرە و چەمرگە و شەوگێڕ و ئاقوبان، لە پارێزگای سلێمانییش بەنداوەكانی ئەستێڵ، حەسەن كەنۆش، قادركەرەم، هەشەزینی، دێوانە (دەربەندیخان) و چەندین پۆندی دیكە، لە پارێزگای دهۆكیش هەردوو بەنداوی بێدوهێ و خەنەس تەواو كراون و، چەندین پۆند و بەنداوی دیكەش لە چەمچەماڵ و گەرمیان و ناوچە جیاجیاكانی دیكەی كوردستان دروست كراون، یان كاریان تێدا دەكرێت، ئەمە دەستكەوت و وەرچەرخانە كە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری سەرچاوەكانی ئاودا ئەنجام دراون و، ڕۆڵی گەورەیان بۆ كەرتی كشتوكاڵ و گەشتیاری دەبێت. بەهۆی ئەم سیاسەتە دروستەوە لە ئێستادا 30%ی ئاوی كۆگاكراوی هەموو عێراق لە بەنداوەكانی هەرێمی كوردستاندایە و بە دروستكردنی ئەو ژمارە پۆند و بەنداوانە و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی كۆگاكراو تێیاندا، ڕێژەی ئاوی گلدراوە زۆر زیاتر دەبێت.
* پڕۆژە گەورەكانی كشتوكاڵ لە هەموو جیهاندا ڕۆڵی یەكجار گەورەیان لە پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵدا هەیە، ئایا لەم ڕووەوە كەرتی تایبەت و وەبەرهێنەران تا چەند ڕوویان لەم كەرتە كردووە؟
- ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، داینەمۆی پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵییە و ڕاستەوخۆ بەدواداچوون و ئاراستەی كەرتی تایبەتی كردووە، بۆ ئەوەی ڕوو لە كەرتە جۆراوجۆرەكانی ئابووری بكەن، بەتایبەتی لە بواری كەرتی كشتوكاڵدا، ئەوە بوو، ڕێژەی وەبەرهێنانی لە كەرتی كشتوكاڵی لە كۆی وەبەرهێنانی كوردستان لە 1،5% ـەوە بۆ لە 10% بەرز كردەوە، ئەوەتا پڕۆژەی «زووم»ی شیرەمەنی و دەیان پڕۆژەی دیكەی ئاژەڵداری و پەلەوەر و ماسی و...هتد دروست كراون، ئەمەش بۆ ئەو متمانە و هاندان و پاڵپشتییە دەگەڕێتەوە كە خودی سەرۆك وەزیران هاندەری سەرەكیی كەرتی تایبەت و گەورە وەبەرهێنەكان بووە، بۆ دروستكردنی پڕۆژەی كشتوكاڵی و پڕۆژەی پیشەسازیی خۆراكی، كەرتی پەلەوەری ئێمە لە مێژووی خۆیدا داتای وای بەخۆیەوە نەبینیوە كە بۆ 265 هەزار تەن مریشكی گۆشت بەرهەم هاتووە، كە هەرێمی كوردستان ساڵانە بۆ پێداویستی نێوخۆ تەنیا پێویستیمان بە 150 هەزار تەن گۆشتی مریشك هەیە، ئێمە ڕۆژانە حەوت هەزار كارتۆنی هێلكەمان پێویستە، ئێستا بەرهەممان گەیشتووەتە 21 هەزار كارتۆن هێلكە، لە بەرهەمی شیرەمەنیدا 50%ی پێداویستیی نێوخۆمان هەیە و بەرهەمی گەنم و میوەجات و سەوزەش زیاد بووە، هەرچەندە بە هۆی وشكەساڵی و كەمیی بارانەوە ئەمساڵ گەنمی نێوخۆ ڕێژەكەی كەمی كرد. ئێمە پێش كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە وەبەرهێنان لە كەرتی خانووبەرە كرا، وەبەرهێن یەكجار قازانجی دەكرد، ئەمڕۆ وەبەرهێنان لە پڕۆژەكانی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری و پەلەوەر و ماسی و دەیان بەروبوومی دیكەی شیرەمەنی و پیشەسازیی خۆراكیدا دەیان جار و بە بەردەوام قازانجی تێدا دەكرێت و دەستی كار بۆ سەدان دەرچووی زانكۆكان دابین دەكرێت. ئەوە بەرهەمی بەرنامە و كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، كە وێڕای ئەو هەموو ئاستەنگ و تەحەدییانە، بەرەو خۆبژێویی نێوخۆ و بگرە لە زۆر بەروبوومدا بەرەو هەناردەی دەرەوەش ڕۆیشتین و بە هەزارەها كەسیش لە گوند و شار و شارۆچكەكانی كوردستان لەم سێكتەرەدا هەلی كاریان بۆ دۆزرایەوە.
