خاوەنكار پەریخان سلێمان: دەخوازم ڕێستۆرانتێك بكەمەوە و هەلی كار بۆ چەند ئافرەتێك بڕەخسێنم كە ئارەزووی كاركردنیان هەیە

خاوەنكار پەریخان سلێمان:  دەخوازم ڕێستۆرانتێك بكەمەوە و هەلی كار بۆ چەند ئافرەتێك بڕەخسێنم كە ئارەزووی كاركردنیان هەیە

 

 

پەریخان سلێمان خانمە شێفێكی بە توانا و بە ئەزموونە، هاوشێوەی زۆربەی خانمان لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە توانیویەتی بەهرەكانی بە كردار پیشانی بینەرەكانی بدات، ئەو خاتوونە لە پەیجەكەی خۆیدا ڕۆژانە فێركاری چۆنیەتی دروستكردنی خواردن و شیرینی پۆست دەكات، هاوكات داواكاری خواردنەكانیش وەردەگرێت و خواردن بە كڕیارەكانی دەفرۆشێت. پەریخان سلێمان تەمەنی 34 ساڵە و لە ئاوارەیی و لە كاتی كۆڕەوەكە لە ئێران لە دایكبووە و لە ئێستادا نیشتەجێی شارۆچكەی پیرمامە، دەرچووی ئامادەیی پەرستارییە و دایكی سێ منداڵە. لە هەڤپەیڤینێكدا چیرۆكی دەركەوتن و كاركردنی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان باس دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 «هەمیشە و بەردەوام حەزم لە كاركردن بووە، دواجار بڕیاری ئەوەمدا پەیجێكی تایبەت بە خواردن دروستكردن دابنێم، لەم پەیجەدا هەم فێركاری خواردنەكان بۆ بینەرەكانم دادەنێم تاوەكو سوودی لێ ببینن، هەمیش داواكاری كڕیارەكانم وەردەگرم، بۆ ئەوەی تەنیا من سوودمەند نەبم بەڵكو بینەرە خۆشەویستەكانیشم كە سەیرم دەكەن سوود لە فێركارییەكان وەربگرن».

پەریخان سلێمان سەبارەت بە سەرەتای دەستپێكردنی كارەكەی دەڵێت: «كاتێك دەستم بەو كارە كرد هەندێك كەس لە دەوروبەرم هەوڵیاندا لە ئامانجەكەم ساردم بكەنەوە، ئەوان پێیانوابوو كە من ناتوانم ئەو ئەركە لە ئەستۆ بگرم و لەسەر پێی خۆم بوەستم، بەڵام كۆڵم نەدا و بەردەوام بووم، ئەوانەی كە دەیانگوت تۆ سەركەوتوو نابیت ئەمڕۆ كە سەركەوتنەكانم دەبینن بێدەنگن، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هاوسەرەكەم و خوشك برایەكەم پاڵپشتیان كردم تابتوانم ئەم ئیشە بكەم، لە كاتێكدا كاركردنی خانمان لە كومەڵگەی ئێمەدا كارێكی ئاسان نییە، ئەمڕۆش خۆشحاڵم كە سەربەرزانە ئیش دەكەم، چونكە كار كردن عەیب نییە، زۆر دڵخۆشم و شانازی بە تواناكانی خۆمەوە دەكەم كە لە دابینكردنی بژێوی خێزانەكەم هاوشانی هاوسەرەكەم بەشدارم».

پەریخان سلێمان لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: «سروشتی من وایە كە زۆر حەزم لە چێشتلێنانە هەر بابەت و جۆرێكی نوێی خواردن و شیرینی بزانم پێم خۆشە فێركارییەكەی دابنێم و زانیارییەكان لەگەڵ بینەرەكانم دابەش بكەم، تاوەكو هەمووان سوودی لێ وەربگرن.

لە هەلومەرجی ئێستاشدا زۆر گرنگە كە ئافرەتان شان بە شانی پیاوان كار بكەن، بۆ ئەوەی بۆ تەواوی كۆمەڵگەی بسەلمێنن كە ئافرەتان وەكو پیاوان دەتوانن ئیش بكەن و لە كارەكانیاندا سەركەوتوو بن، ئاشكرایە بە درێژایی مێژوو ئافرەتی كورد بۆ بە دەستهێنانی ئامانجەكانی هەوڵیداوە و هەرگیز كۆڵی نەداوە، تەنانەت لە ڕۆژانی سەختی پێشمەرگایەتی و لە ئاوارەییدا هاوكار و هاوسەفەری باوك و برا و هاوسەر بوون، ئەمڕۆش بە خۆشحاڵییەوە خانمان هاتوونەتە ناو مەیدانی كار و بوونی خۆیان لە گۆڕەپانەكەدا سەلماندووە.

دەخوازم لە داهاتوودا ڕێستۆرانتێك بكەمەوە و هەلی كار بۆ چەند ئافرەتێك بڕەخسێنم كە ئارەزووی كاركردنیان هەیە، دڵخۆشم بەوەی كە لە ماڵەوە خێزانەكەم هەر هەموویان پشتگیریم دەكەن، ئەویش بۆ ئەوەی لە كارەكەم سەركەوتوو بم. ئەوان یارمەتیدەرێكی باشن تاوەكو بتوانم هاوسەنگی لە نێوان ئەركی دایكایەتی و كارەكەم ڕابگرم، لێرەوە سوپاسیان دەكەم، ئەگەر ئەوان نەبن منیش ناتوانم كار لەسەر خولیا و خەونەكانم بكەم».

 

خاوەنكار پەریخان سلێمان:  دەخوازم ڕێستۆرانتێك بكەمەوە و هەلی كار بۆ چەند ئافرەتێك بڕەخسێنم كە ئارەزووی كاركردنیان هەیە
Top