خولەکانی هاوینە و ئەنجام بەخشی

خولەکانی هاوینە و ئەنجام بەخشی

(مهاتما غاندی) سیاسەتمەدار و فەیلەسوف و شۆڕشگێڕی هیندی دەڵێ"بژی وەكو ئەوەی كەوا سبەی دەمری، فێربە وەكو ئەوەی تا هەتایە دەژی".
خولی ڕاهێنانی جۆراوجۆر لە بوارە جیاوازەكان كەوا لە وەرزی هاویندا ئەنجام دەدرێت بۆ قوتابیان لەلایەن قوتابخانە و دامەزراوە جۆراجۆرەكانی فێركردن و ڕاهێنان وەكو پەیمانگا و سەنتەر و ڕێكخراو و دەزگاكانی تر.
بێ شك هەر جۆرە خولێك كە ئەنجام دەدرێ پێویستە سەرەتا بەرنامە و نەخشە داڕێژراو بێت، لەگەڵ ڕوون كردنەوە و مەبەست لە ئەنجامدان و دیاری كردنی ئامانج لەو جۆرە خوڵانە، پێویستە ناوەڕۆك و پڕۆگرام و بابەت و سەرچاوە لەگەڵ هەبوونی هۆیەكانی فێركردن و داتاشۆ و سەرجەم پێداویستییەكانی ئەنجامدانی خول بەردەست و فەراهەم بن. شوێنەكە و پۆل و هۆبەکان گونجاو و رێك و پێك بن و ئامێری فێنككەرەوە لە ژوور و پۆل و دامەزراوەكان هەبێت، جگە لەوەش ڕوناكی هەبێت و هەواگۆڕكێ كار بكات و ئاو و ئاوەڕۆ و ئاودەستەکان گونجاو و خاوێن بن . ناكرێ ژمارەی قوتابیان زیاد بێت و زیاتربێت بە بەراورد لەگەڵ ڕوبەری پیادەكراوی ژوورەكان.
بە دڵنیایی ئامانج لە كردنەوەی هەر خولێك بۆ قوتابیان زیادكردنی زانیاری پێویست و پەرەپێدان و تواناداركردنی قوتابیانە لە بوار و بابەت و پسپۆڕە جیاوازەكان و گەشەپێدانی كارامەیی زیاتری قوتابیان، ئەوەش لە كاتێكدا دێتەدی كە قوتابی سوودی لێ ببینێ‌ و بەبەشداری كردنی بەردەوام و گفتوگۆكردن و پرسیاركردن تاوەكو بتوانن سودی تەواو لە خولەكە ببینن و خولەكەش سەركەوتوو ئامانج بەخش بێت.
گرنگە لە سەرجەم خولەكان بە زانستی و وێژەیی(بابەتەكان) و وەزرش و هونەر و كارامەییەكان بە گشتیی هەڵسەنگاندن بۆ قوتابیان ئەنجام بدرێ و بڕوانامەی بەشداری كردنیان پێبدرێ لە كۆتایی خولەكە.
لە بیرمان نەچێت لە كۆتایی هەر خولێكدا گرنگە قوتابیان سەرنج و تێبینی و فیدباك بدەنە كارگێڕیی دامەزراوە و هەڵسەنگاندن بۆ كۆی گشتی خولەكە و مامۆستاكان ئەنجام بدرێ و خاڵە لاواز و بەهێزی خولەكە دەست نیشان بكرێ.
ماوەتەوە بڵێم بۆ ئەوەی ئەو جۆرە خولانە سەركەوتوو و ئەنجام بەخش و سوودبەخش بێت و تا بتوانرێ زۆربەی ڕۆڵەكانمان قوتابیانی ئازیز بەشداری بكەن، پێویستە نرخی بەشداری كردنی قوتابی لەم جۆرە خولانە پەسند و گونجاو بێت و بەپێی ڕێنماییەكان بێت، ئەنجامدەرانی خول ڕەچاوی باری گوزەرانی خێزان و كۆمەڵگە بكەن و نرخەكان هاندەر بێت بۆ بەشداری پێكردنی قوتابیان و بەرزكردنەوەی ئاستی و توانایان. جودا لەوەش تەنها سەرنجیان لە سەر داهاتی دامەزراوەكە نەبێت.
بێگومان ناو و ناوبانگی دامەزراوە و نیەت و نیازی پەروەردەكارانی ڕاستەقینە ئەوەیە زۆرترین سوود و قازانج لەو جۆرە خولانە قوتابییە كەوا چەند سوومەند بووە، كە ئەوەش ئامانجەكەیە ئەوەی دیكە هەمووی هۆكارە. پاڵپشت بە خودای گەورە لە وتاری داهاتوو باسی وردەكاری تری ئەو جۆرە خولانە و ڕۆڵ و ئەركی دامەزراوە پەروەردییەكانی تر دەكەم.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top