سانا محەمەد: پێویستە لە جیاواز بوون نەترسین، لەوانەیە ئەو جیاواز بوونە ببێتە كلیلی سەركەوتن
سانا محەمەد كچە گەنجێكی بە توانا و پڕ وزەیە، لە پاڵ كارەكەیدا كە پەرستارە و لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری سلێمانی كار دەكات، هاوكات خاوەنی كۆمەڵێك بەهرە و خولیای جوانە، سەرقاڵی ژیان نەیتوانیوە ڕێگە لە حەز و خولیا و خەونەكانی بگرێت و پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ دنیای خوێندنەوە و موزیكدا هەیە و پیانۆش دەژەنێت. سانا محەمەد لەدایكبووی ساڵی ٢٠٠٢ی شاری سلێمانییە و دەرچووی بەشی پەرستاری گشتییە، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، ئەزموونی خۆی و خولیاكانی بۆ خوێنەران باس دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
«هەرچەندە دەرچووی پزیشكی بووم، بەڵام هەرگیز نەوەستاوم لەوەی بەردەوام فێری خولیای جیاواز ببم و ئەو هۆكارانەش بدۆزمەوە كە دڵخۆشم دەكەن، هەمیشە هەوڵمداوە هاوسەنگییەك لە ژیانی پیشەییم و ژیانی تایبەتیم ڕابگرم بە جۆرێك لەپاڵ ئەم ئیشە پڕ بەرپرسیارێتییەدا هەوڵمداوە مەودایەك بدۆزمەوە كە تێیدا دڵخۆشم بكات و لایەنی دەروونیم ئارام بكاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش پەنام بردۆتە بەر كتێب خوێندنەوە و موزیك و وەرزش.
گرنگترین بەشی گرنگیدان بە دەروون و ئارامكردنەوەی مێشك و دوركەوتنەوە لە ژاوەژاوی ژیان گوێگرتنە لە موزیك. دوو ساڵ پێش ئێستا بەهۆی زۆری سترێس و دڵەڕاوكێی زۆری پیشەكەم بڕیارمدا ئەو خەونەی كە لە منداڵییەوە هەمە بەدی بهێنم و بەشێك لە ژیانمی بۆ تەرخان بكەم، ئەویش فێربوونی پیانۆ بوو كە بە ڕێژەیەكی زۆر باش توانی كاریگەری ڕاستەوخۆی لە ئارامكردنەوەی دەروونمدا هەبێت و هێزی زیاترم پێ ببەخشێت، لە پاڵ ئەم ڕاكەڕاكەی ژیاندا سووچێكی ئارامی دروست بكەم و بچمە دنیایەكی دیكە ئەویش بە فێربوونی پیانۆ هەروەها بە ژەنینی ئاوازە دڵخوازەكانم كە خۆشترین ساتەكانی ژیانمە.
بێگومان بە هەوڵدانێكی زۆر توانیم لە گەورەترین كۆنسێرتی پیانۆ لەسەر ئاستی عێراق بەشداری بكەم، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ناوازەیی مامۆستاكەم (م. ئەژی ئەكرەم( هەرچەندە من لە بەشی هونەرە جوانەكان نەبووم و بەشە پزیشكییەكەم زۆر لە موزیك دوور بوو، بەڵام ئەو بە شێوەیەكی بێهاوتا یارمەتیدەرم بوو بۆ گەیشتن بەو خەونەم تاوەكو بەشداری لە كۆنسێرتێكی پیانۆدا بكەم».
سانا محەمەد سەبارەت بە پاڵپشتی و هاوكاری خێزانەكەی دەڵێت: «خێزانەكەم لە هەموو قۆناغەكاندا یارمەتیدەربوون و هەمیشە پاڵپشتم بوون لەوەی ئەوەی لە ناخمدایە دەریببڕم و پیشانی چواردەوری بدەم و هەمیشە خۆم بم، گرنگترین شتیش كە فێریان كردووم پشت بە خۆببەستن و كۆڵنەدانە».
گوتیشی: «شارەزایانی بواری دەروونی ئاماژە بەوە دەكەن كە گوێگرتن لە موزیكی كلاسیكی چارەسەری خەمۆكی و پەستانی دەروونی دەكات و یارمەتیت دەدات زیاتر بەرگەی كەش و ژینگەی پڕ ژاوەژاو بگریت بێ ئەوەی توڕە ببیت .
هەر لەبەر ئەوەشە ئێستا لە زۆر لە نەخۆشخانەكانی وڵاتانی ئەوروپی موزیك بۆ كەمكردنەوەی پەیوەست بوون بە دەرمانی ئازار شكێن لە كاتی منداڵبوون و دوای نەشتەرگەری گەورە بەكار دەهێنن.
سوودەكانی موزیك بۆ كەمكردنەوەی سترێس و دڵەڕاوكێ سەلمێنراوە، چونكە گوێگرتن لە موزیكێكی هێمن و ئارام یارمەتی خاوكردنەوەی ماسولكەكان دەدات و تەنگژەی دەروونی دەڕەوێنێتەوە و ماددە سترێسێنەرەكانی ناو لەش وەك هۆڕمۆنی (كۆرتیزۆر) كەم دەكاتەوە ئەمانەش وادەكەن كە دڵخۆش بیت».
لێرەدا دەمەوێت ئەوە بلێم گرنگ نییە چارەنووس بەرەو كوێمان دەبات هەندێك جار خۆمان دەتوانین هەر لە ژوورەكەی خۆماندا پەرە بە خولیاكانی خۆمان بدەین و سووچێك لە جوانی و دڵخۆشی و پەرەپێدانی خود درووستبكەین و ئەو چارەنووسە جوانتر بكەین.
یەكێكی تر لە خولیاكانم كۆكردنەوەی پارچەی كۆن و كلاسیكە كە هەمیشە جوانیەكی نەبراوەیان هەیە دەتوانن بمانبەنەوە جیهانی كۆن و خۆشی ئەو سەردەمەمان پێببەخشن.
جەستەیەكی گونجاو و سیستەمێكی خواردنی تەندروست و تێڕوانینی ئەرێنی بۆ جەستەیەكی تەندروست، بەردەوام ھەستكردن بەخۆشی دەبەخشێت و دەبێتە ھۆی چێژ وەرگرتن لە ژیان و ڕێگری لە نەخۆشی دەكات. وەرزشی دڵخوازی من تێنسی سەر زەویە كە یەكێكە لە دێرینترین و بەناوبانگترین وەرزشەكان لە جیهاندا. یاری تێنس تەنها یارییەك نییە بۆ كات بەسەربردن، بەڵكو هونەرێكی تەواوە كە پێویستی بە لێهاتوویی، وزە و ستراتیجی هەیە. كاریگەری ئەرێنی زۆری هەیە لەسەر تەندروستی. یارییەكە هەموو ماسولكەكانی لەش بەكاردەهێنێت و یارمەتی باشتركردنی لێهاتوویی جەستەیی، هاوسەنگی و چالاكی دەدات. هەروەها یارمەتی كەمكردنەوەی سترێس و باشتركردنی تەندروستی دەروونی دەدات. سوپاسێكی بێ هاوتا بۆ ڕاهێنەر ڕۆژین ئەكرەم كە ماندوو نەناسانە لە هەوڵدایە لەگەلم بۆ فێربونی ئەم یاریە پڕ چێژە.
لە ماوەی چەند مانگی پێشوودا بریارمدا ئەم پەیجە دابنێم بە ناوی sanavintagelife تایبەت بە بەهرە و خولیاكانم و پیشاندانی لایەنە جوانەكانی ژیان كلتوور و جلوبەرگی كوردی و بیانی و كلاسیك. بلاوكردنەوەی ئەو پارچە پیانۆیانەی كە دەیانژەنم و پیشاندانی لایەنە جوانەكانی موزیك و كاری پەرستاری و لەگەڵ ئەمانەشدا گرنگیدان بە تەندروستی، هەمیشە لەگەڵ هیلاكی و بەرپرسیارێتی كاروباری ڕۆژانەماندا بتوانین چێژ لە هەموو ساتەكان وەربگرین و هەمیشە هەوڵبدەین كە لە جیاوازبوون نەترسین، هەندێك كات لەوانەیە ئەو جیاوازبوونە ببێتە كلیلی سەركەوتن. ئەو خەون و ئاواتەی لە منداڵیدا هەبووە بیكەین بە بەشێك لە داهاتوو، چونكە لە تەمەنی منداڵیدا هەمیشە بەدوای جوانیدا دەگەڕێین و بیر لە جوانییەكان دەكەینەوە، بەبێ بوونی هیچ ڕق و كینەیەك بۆیە خەونی منداڵیت با تەنها خەونێك نەبێت بەڵكو بەشێكی گرنگی داهاتوت بێت».
