ئەستێرەیەك کە وریشەی پڕە لە خەیاڵ
حەمە هاشم
ئەو لە ناو تابلۆکانی خۆیدا دەژی، لە ناو هەموو یادەوەرییە جوانەکاندا دەژی، لە دڵی هەر کەسێك کە کارەکانی ئەوی بینیوە و رۆژێك لە رۆژان گوێی لەدەنگی بووە دەژی.
ئەستێرەکان هەرگیز ڕۆشناییان کز نابێ، وون نابن، تەنها شوێنیان دەگۆڕن. ئەو ئێستا لە ئاسمانی نەمریدا دەدرەوشێتەوە، وەك هەموو ئەو ئەستێرانەی کە بە کارە جوانەکانیان ڕووناکییان بەخشیووەتە ژیانی ئێمە.
هونەری قەرەنی جەمیل سەنگین، قووڵ، پڕ لە مانا، پڕ لە دەربڕین. هەر ڕەنگێکی ئەو چیرۆکێکی سەرنج راکێشی دەگێڕایەوە، هەر فۆڕم و شێوەیەکی ئەو هەستێکی باڵای دەردەبڕی,تەکنیکی زۆر بەهێز کە لەگەڵ بینینە قووڵەکانییدا یەکیاندەگرتەوە، تا کارەکانی جیاواز لە هەموو کارێکی دیکە دەربکەوێ.
ئەو نەك تەنها وێنەی دەکێشا، بەڵکو روحی دەخستە بەر فۆڕم و ئەفراندنی دەکرد,هەر تابلۆیەکی ئەو دەربڕینێکی تازە بوو، بۆچوونێکی نوێ بوو بۆ سەیرکردنی ژیان و تێڕامان لە جیهان.
لە ڕەنگە گەرمەکانی خۆرئاوابوونەوە تا ڕەنگە ساردەکانی بەیانی، ئەو دەیزانی چۆن بە قەڵەم و فلچەکەی دەنگی دڵی خۆی بگەیەنێت.
کارە هونەرییەکانی ئەو نەك تەنها وێنەن، بەڵکو پەیامەکانی ئازادی، دەربڕین، و بەرزی ڕۆحی ئینسانن.
هەر کارێکی ئەو ئەزموونی خەیاڵێکی بەرزە بۆ نەوەکانی داهاتوو، تاقیکردنەوەیە لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی هونەر بۆ دەربڕینی هەست و بیرۆکە.
تەکنیکی پێگەیشتووی ئەو، هەروەها بینینە تایبەتەکەی بۆ ڕەنگ و شێوە، و توانای ئەو لە گەیاندنی پەیام بە فلچە و قەڵەم، هەموویان پێکەوە ئەزموونێکن بۆئەوەی کۆلیکشنك لە کارە هونەریەکانی دروست بکات کە بەهای بەردەوامی هەبێت.
کارەکانی ئەو وەك درەوشانەوەی خۆی لە هزرماندا دەمێننەوە وەك وریشەی نەمریی بۆ هونەری کوردی.
هەر بینینێکی تازە بۆ کارەکانی ئەو، هەستێکی تازە دەخاتە ڕوو، بە مانایەکی نوێوە دەردەکەوێت.
ئەو لە کاتێکدا وێنەی دەکێشا کە دڵی پڕ بوو لە هەستی باڵای مرۆڤبوون,لە کاتێکدا وێنەی دەیکێشا کە هزری پڕ بوو لە خەیاڵ,کارەکانی ئەو نەك تەنها دەبینرێن، بەڵکو هەستیان پێدەکرێت.
بەڕاستی قەرەنی جەمیل بەردەبازێکە هونەری رابردوو و هونەری تازەی پێکەوە دەبەستەوە لە کوردستان.
