ئەسكەندەر حەیدەر، جووتیار لە هەولێر : گەشەكردنی كشتوكاڵ و پەرەپێدانی لە ئەستۆی جووتیار و حكومەتدایە

ئەسكەندەر حەیدەر، جووتیار لە هەولێر :  گەشەكردنی كشتوكاڵ و پەرەپێدانی  لە ئەستۆی جووتیار و حكومەتدایە

 

 

كوردستان خاكێكی بەپیت و بەرەكەت و كەشوهەوایەكی گونجاو و جووتیاری لێهاتووی شارەزای هەیە‌، بەڵام ئەگەر باسی ئەوە بكەین، ئایا ئێمە لە ئەدا و توانای گەشەكردنی كەرتەكە ڕازین؟ ئەوا بێگومان دەڵێین: نەخێر، ئەمەش بۆ هەر دوو هۆكاری جووتیارەكە و حكومەتیش دەگەڕێتەوە. هەماهەنگی و پاڵپشتیی هەردوو لا بۆ گەشەكردنی كشتوكاڵ و چارەسەركردنی كێشەكان و پەرەپێدانی ئەم سێكتەرە گرنگن. بۆیە لە 50%ی دەكەوێتە ئەستۆی جووتیار و لە 50%ی دیكەی لە ئەستۆی حكومەتدایە. پێویستە حكومەت هاوكاری جووتیارەكان بێت، گرنگترین هاوكارییش مشورخواردنی ساغكردنەوە و بەبازاڕكردنی ڕەنج و ماندووبوونیانە. ئێمە كە كاری جووتیاری دەكەین و سوپاس بۆ خودای گەورە ساڵانە كاتێك داخڵی مانگی حوزەیران دەبین، بەرهەم و بەروبوومەكانمان پێ دەگات، بەتایبەتی لە هەولێر، ئەمەش دوای ڕەنج و ماندووبوون و دڵەڕاوكێیەكی زۆر كە بەرهەمەكانمان لە وشكەساڵی و مێرووی زیانبەخش و سووتان ڕزگاری بێت، كاتێكیش داخڵ بەم مانگە دەبین، ئالێرەدا ئەگەر بەرهەمەكانمان زیاد بێت و هەمووی بە یەكجار بخرێتە بازاڕەكانی ناوخۆی كوردستانەوە، نرخەكەی ئەوەندە دادەبەزێت كە زۆر جار مایەكەشی بۆمان دەرناچێتەوە. لێرە دەبێت حكومەت هاوكار بێت لەگەڵ جووتیار بەواتا حكومەت بتوانێ كەرتی كشتوكاڵ و سێكتەرەكە پێش بخات، چونكە یەكەم شتی گرنگ دۆزینەوەی بەبازاڕكردنی بەرهەمەكانمانە، لێرە شتێكی دەكەوێتە سەر ئەستۆی جووتیار كە حكومەت داوای لێدەكات، ئەویش بەرهەمی باش و كوالێتیی بەرز و بە مواسەفاتە، ڕەنگە ئەمەش هۆكارێك بێت كە كڕیار دەڕوانێتە سەر بەرهەمی بیانی، ئا لەمەدا ئەمە دەكەوێتە سەر ئەستۆی جووتیارەكە، چونكە تەنیا بەرهەمی باش و كوالێتیی بەرز دەتوانرێت هەناردەی دەرەوە بكرێت و بازاڕی لە وڵاتانی بیانی هەبێت.

لە ئێستادا هەروەكو چۆن جووتیار بەرنامەی كاركردنی لە وەرزەكانی ساڵدا هەیە، هەرواش دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی پلان و بەرنامەیان هەبێت، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی و دابینكردنی ئاو بۆ كەرتی كشتوكاڵ و چارەسەركردنی گرفت و كێشەكانی بەردەم پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ، لەمەش گرنگتر هەروەكو ئاماژەم پێدا بەرنامە بۆ بەبازاڕكردنی بەرهەمە لەپێناو بەردەوامبوونی كاری جووتیارەكە، چونكە لە هەرێمی كوردستان لە وەرزی هاویندا بەرهەمەكان زۆرن، دەبێت هەموو ئەم بەرهەمە بە چەند قۆناغ و وەرزێك دابەش بكرێن و بخرێتە بازاڕەوە بۆ ئەوەی هەم بازاڕ و كڕیاری هەبێت، هەم نرخەكەی دانەبەزێت و جووتیار زیانی بەركەوێت.

من پەیوەندییەكی باشم لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵ هەبووە، زۆر سەردانی ئەوم دەكرد، ئاگادارم بەرنامەیان هەیە ساردكەرەوە دابنێن و زۆر لە كێشە و گرفتەكان چارەسەر بكەن، هەروەها لە وەرزی بەرهەمهێنانی هەندێك بەروبووم ڕێگا بە هاوردەكردنی بەرهەمی بیانی دەگیرێت، بەڵام وەكو پێویست نییە. بۆ نموونە ئێستا ئێمە بەرهەمی پەتاتەمان زیاد بووە، ئەمە ئەو ئاواتەیە كە بۆ هەموو بەروبوومەكان هەمانە، بەڵام كاتێك بەرهەم زیاد دەبێت، نرخی دادەبەزێت و جووتیارێكی زۆر زیانی بەردەكەوێت، چونكە نرخەكەشی لەگەڵیدا دادەبەزێت. ئومێدەوارم لەم خاڵەدا كار بكرێت، چونكە ئەگەر جووتیار ڕەنج بەخەسار نەبێت، لەسەر كارەكەی نەك هەر بەردەوام دەبێت، بەروبوومەكەشی زیاد دەبێت و بەرهەمی ناوخۆ دەبووژێتەوە.

 

Top