نەغەدە جەمال عەلی: خانمان لە هەموو بارودۆخێكدا كارەكان بە جورئەتەوە ئەنجام دەدەن
نەغەدە جەمال عەلی خانمێكی بە توانا و بە ئەزموونی شاری سلێمانییە، شانبەشانی كاركردنی لە دەرەوەی ماڵ، هاوكات لە ناو ماڵەكەی خۆیدا خواردن بۆ كڕیارەكانی ئامادە دەكات.
نەغەدە جەمال عەلی، لە شاری سلێمانی لەدایك بووە و هەر لە سلێمانیش نیشتەجێیە، فەرمانبەرە لە كەرتی تەندروستی، لە گفتوگۆیەكدا ئەزموون و چیرۆكی كاركردنی بەمجۆرە بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان باس دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
« لەپاڵ ئەوەی كە فەرمانبەرم هاوكات لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە كار دەكەم، كارەكەشم بریتییە لە خواردن دروست كردن لە ناو ماڵەكەی خۆمدا و بەپێی داواكاری كڕیارەكانم ئامادەی دەكەم، ماوەی چوار ساڵە خەریكی ئەم ئیشەم.
هۆكاری سەرەكی ئیش كردنەكەم بۆ چەند هۆكارێكی سەرەكی دەگەڕێتەوە، یەكەم: هەر لە سەرەتاوە چێشت لێنان حەزی خۆم بوو و هەموو كات حەزم لە ئامادەكردنی خواردن بووە، دووەم: لە دوای كۆچی دوایی دایك و باوكی ڕەحمەتیم، لە ژیاندا هەستم بە بوونی بۆشاییەكی زۆر دەكرد و حەزم دەكرد خۆم بە كارێك سەرقاڵ بكەم، ئەوەی كە زۆر حەزم لێی بوو خواردن دروست كردن بوو، ئەوەش بۆ من بوو بە سەرەتایەكی زۆرباش و توانیم بەهرەكانم بخەمەڕوو».
نەغەدە جەمال عەلی، سەبارەت بە دەركەوتن و كاركردنی ئافرەت لە بوارە جیاوازەكاندا دەڵێت: «سوپاس بۆ خوای گەورە خانمانی كورد لە ئێستادا هەر كارێك كە بەهرە و لێهاتووییان تێیدا هەبێت زۆر سەركەوتووانە ئەو كارانە ئەنجام دەدەن، تەنانەت لە ئەمڕۆ هیچ كەسێك گوێ بە تەمەن یاخود باری ئابووری یان پێگەی كۆمەڵایەتی نادات، بەڵكو خانمان هەر ئیشێكیان بەلاوە گرنگ و پێویست بێت، ئەوا لە هەموو بارودۆخێكدا كارەكانیان بە جورئەتەوە ئەنجامی دەدەن و لە هەر بوارێكدا خۆیان ببیننەوە و حەزیان لە هەر بوارێكی ئیش كردن بێت كار بۆ ئامانجەكەیان دەكەن و زۆر سەركەوتووشن لە كارەكانیاندا».
ئەو خاتوونە سەبارەت بە ئاستەنگەكانی سەرەتای تێكەڵ بوونی بە دنیای كار دەڵێت:«من سەرەتای ئیشەكەم ڕێگرییەكانم زۆر كەم بوون، لەبەر ئەوەی زۆربەی ئەو كێشە و ئاستەنگانەی كە دێنە سەر ڕێگەی هەر خاوەن پەیجێك یان خاوەنكارێكی سەربەخۆ، بەداخەوە لە ڕێگەی ناڕازی بوونی خێزانەكانیانەوە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بەڵام من بە پێچەوانەوە خێزانەكەم بۆ كاركردنم نەك ڕێگرم نەبوون بگرە زۆر هاوكاریشم بوون، بەتایبەت دشەكانم و كچی دشەكەم و منداڵەكانم زۆر هاندەرم بوون، تەنانەت تا ئێستاش لە زۆربەی ئیشەكانمدا هاوكارمن، هەروەها هەر ئیڤێنتێك یان فێستیڤاڵێك بەشداریم تێدا كرد بێت هەموو ڕۆژەكان بۆ هاوكاری كردنم هاتوون، بە خۆشحاڵییەوە منداڵەكانیشم هاوكار و هاندەرمن بە تایبەت كوڕە گەورەكەم وكچە گەورەكەم، زۆربەی كاری ڤیدیۆ و ئیدیتەكانیشم كچەكەم بۆم ئەنجام دەدات، ئەمانەش بۆ من جێگەی دڵخۆشین و هێز و توانام پێ دەدات».
سەبارەت بە پڕۆژەی داهاتووی و ئەركە پیرۆزەكەی ئافرەت گوتی: «بۆ داهاتووی كارەكەم بەدڵنیاییەوە زۆر شتم لە مێشكدایە تاوەكو ئەنجامیان بدەم، ئەگەر ژیان ئەو دەرفەتەم بۆ بڕەخسێنێت من هەوڵی خۆم دەدەم.
بە بۆچوونی من كاركردن و هەوڵدانی ئافرەت زۆر گرنگ و پێویستە، وەك قەدیمی دەڵێن فڵانە كەس خاوەنی كیسە و باخەڵی خۆیەتی، زۆر خۆشە مرۆڤ چاو لە دەستی هیچ كەسێك نەبێت، تەنانەت چاوەڕێی هاتنی مووچەش نەكات، ئەو پارەیەی كە خانمێك بە كارەكە خۆی پەیدای دەكات خێر و بەرەكەتی زۆر زیاترە لە هەر پارەیەكی دیكە، من لە خۆمەوە سەیر دەكەم ئەگەر بڕە پارەكە كەمیش بێت لەلای من بەرەكەتی زۆرە، چونكە بەری ڕەنج و ماندوو بوونێكی سەختە و بە كارەكەمەوە زۆر هیلاك دەبم، تەنانەت لە كۆنیشەوە ئافرەتانی كورد زۆربەیان خاوەنكاری خۆیان بوون كە ئەوكاتە دەركەوتنی ئافرەت زۆر بەر بڵاو نەبووە، ئەویش بەهۆی ئەوەی ئەو كات نەتوانراوە وەكو ئێستا سوود لە سۆشیال میدیا وەربگیرێت، من ناوبانگی چەندان خاتوونی بوێر و بە ئەزموونم بیستووە، كە لە سلێمانیدا زۆر كۆنن لە وانە خاتوو سەبری گوڵاوفرۆش یاخود خاتوو ڕووناكی سۆیبە كە سپیاوی قەڵای دروست دەكرد، هەروەها ئامینەی جۆڵا و چەندین خاتوونی دیكەی دەست ڕەنگین و بە توانا كە ژمارەیان ئەو كات زۆر بوون».
