كیژان عەلی عەبدوڵڵا:   شانازی دەكەم وەك دایكێك بۆ منداڵەكانم نموونەیەكی جوانم

كیژان عەلی عەبدوڵڵا:     شانازی دەكەم وەك دایكێك بۆ منداڵەكانم نموونەیەكی جوانم

 

 

كیژان عەلی عەبدوڵڵا، مامۆستا و پەروەردەكارێكی پڕ وزەیە، لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ئەزموونكردنی ژیانێكی شایستە لەگەڵ بینەرەكانی هاوبەشی پێ دەكات.

كیژان عەلی عەبدوڵڵا ساڵی 1987 لە شاری سلێمانی لەدایك بووە و نیشتەجێی شاری سلێمانییە، مامۆستای قۆناغی بنەڕەتییە و لە هەمان كاتیشدا قوتابیی زانكۆیە و درێژە بە خوێندن دەدات، هاوكات دایكی سێ منداڵە. لە گفتوگۆیەكدا باس لە ئەزموونی خۆی وەكو دایك و مامۆستا و پەروەردەكارێك بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەكات.

 

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

«لە پاڵ ئەركی پەروەردەكردن و پێگەیاندنی قوتابییەكانم ساڵی 2018 لە ناو تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام پەیجێكی تایبەت بە ژیانی ڕۆژانەم دانا بۆ قسەكردن وەك بڵۆگەرێك دەربارەی ژیان و ئەزموونكردن بۆ گەنجەكانمان، تا ئەمڕۆش بەردەوامم، سوپاس بۆ خوا كە كۆمەڵێكی زۆر لە گەنجان و كەسانی بەڕێز بینەرمانن و بووینەتە هاوڕێی یەكتر، ئێستاش لەگەڵ پیشەی مامۆستایەتی دووبارە بوومەتەوە قوتابی لە زانكۆی سلێمانی كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت بەشی زانستە بیركارییەكان قوناغی یەكەمم.

بەپێی ئەزموون و شارەزاییم لە هەندێ بابەتدا، ئامانجم خزمەت كردنە بەو كەسانەی بینەری منن، پێشتر بە بڵاوكردنەوەی زانیاری لە بارەی دیزایین كردن و بۆیاخ كردنی ماڵ، كە خاتوونێكی زۆر خویان دابووە ڕەنگ كردنی كاڵاكانی ناوماڵیان كە چەندین فیدباكم بۆ هاتەوە، دواتر ڕێكخستنی بابەتەكانی ماڵ كە بۆ ئەو كاتە كەمترین پەیج هەبوون و ئەو كارانەیان دەكرد لەگەڵ ئەوەشدا ئەزموونی كار و چالاكی خۆم لە قوتابخانەكەم لە ڕێگەی پەیجەكەمەوە دەخستنەڕوو، كە هەمووی بوونە هۆكار و پاڵنەر بۆ خاتوونەكانی دیكە و دەنگدانەوەی زۆر باشی هەبوو، بەهۆی ئەوەوە وەزیری پەروەردە بۆ سوپاس كردنم تەلەفونی بۆم كرد لە پای چالاكی و دڵسۆزیم بۆ قوتابخانە و قوتابیان، لە كاتێكدا من مامۆستای بیركاریم بەڵام زۆرترین كار و چالاكیم بۆ قوتابییەكانم هەیە، دواتر بەپێی ئەزموونی ژیان ڕۆژانە زۆر بابەت قسەم لەسەر كردووە و كاردانەوەی زۆر باشی هەبووە، زۆر بابەتی پەروەردەیی و بیرۆكەپێدان بەو خاتوونانەی كە مامۆستان، لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕێگەی پەیجەكەمەوە زۆرترین هاوكاریم گەیاندۆتە قوتابیانی كەمدەرامەت و بێ باوكی قوتابخانەكەم، كە پیشەی هەموو ساڵێكمە پاشان كۆمەڵەی نابینایان و چەندین كەسی دیكە كە لە ڕێگەی پەیجەكەمەوە هاوكاریان بووم».

كیژان عەلی سەبارەت بە ئامانجی لە ئەنجامدانی ئەو كارانەی دەڵێت: «ئامانجم خزمەت كردنە ئەوەندەی لە توانامدا بێت، بەردەوامم و لە چەندین چاوپێكەوتن و بەرنامەش باسم كردووە كە من كچی ژن و پیاوێكی سادە و ساكاری ئەم شارەم بە زۆر زەحمەت و ناڕەحەتی دایك و باوكم گەورەیان كردم، تاكە سوپاسی منیش بۆ ئەوان ئەوەیە هەمیشە لەسەر ئەو ڕێچكەكەیان بەردەوام بم تەنانەت لە دوای نەمانی باوكیشم كە 12 ساڵە لە ژیاندا نەماوە ئەو مانوو بوونەم ڕەحمەت بچێت، ئەوەش تاكە ئامانجی منە لە بەرامبەردا و چاوەڕێی هیچ شتێك نیم.

سوپاس بۆ خوا زۆر ئاسوودەم و دڵخۆشم بەدایكایەتی و مامۆستایەتی و قوتابی بوونم، ڕاستە زۆر ماندوو دەبم بەڵام بەحوكمی ئەوەی ئێستا منداڵەكانم گەورە بوون و تا ڕادەیەك دەتوانن هاوكاری خۆیان بن ئەركەكەمیان تا ڕادەیەك كەمتر كردۆتەوە، هاوژینەكەشم ڕۆڵی سەرەكی لە هاوكاری كردن و هاوسەنگ كردنی ئەركی سەرشانم هەیە و ڕۆڵە سەرەكییەكە بۆ ئەو دەگێڕمەوە».

ئەو خانمە خاوەنكارە سەبارەت بە سەرەتای كاركردنی دەڵێت: «هۆكاری دەركەوتنم تەنیا حەزی خۆم بوو، چونكە دەمزانی ئەوەی بڵاوی دەكەمەوە ناشیرین نییە و پێچەوانەی كۆمەڵگە و پێچەوانەی دابونەریت نییە، بەڵكو لە جیاتی شێواوی جوانی دەبەخشین. سەرەتا ڕێگر و سەختی هەبوو لە لایەن كەسوكار و چواردەور نا بەڵكو لەلایەن هەندێ كەس كە نە منیان دەناسی و نە دەیانزانی ئامانجمان چییە، تەنیا بەرهەڵست بوون و هیچی تر، بەڵام سوپاس بۆ خوا بەردەوامین و هەموویمان تێپەڕاند.

ئافرەت یەكەم شت كە بیكات ئیش كردن نییە، بە دەستهێنانی بڕوانامە نییە، جلی جوان و سەیارەی مۆدێل نییە، بەڵكو متمانە كردنە بە توانا و كارەكانی، بەو هەوڵانەی ئەیدات لە پێناوی خۆی لەپێناو خێزانی و چواردەوری.

دەتوانم بڵێم كاركردنی خاتوونەكان هەم بۆ دەروون و هەم بۆ ئابووری پێویستە، كە هاوكاری خۆیان و خێزانیان دەبن و تەواوكەری ئابووریی خێزانیان دەبن، دواتر سەلماندنی خود بەوەیە هەمیشە بوێرانە و بەوپەڕی متمانەوە ڕای خۆت بڵێیت و زانیاری لەسەر زانست و سەردەمی ئێستا كۆبكەیتەوە، كورد وتەنی خاتوونێكی ورت و وریا بێت و لە ناو كۆڕ و كۆمەڵ لە جیاتی خەم خواردن لەوەی فڵان چی پێ گوتم، فیسار چی نەگوت وتووێژ بكە و بیروڕا بگۆڕەوە و لە هەموو شتێك شتێك بزانە و لەشتێكیش زۆر بزانە. من ماندووم و زەحمەتم زۆر لەسەرە بەڵام شانازی دەكەم كە وەك دایكێك نموونەیەكی جوان دەبم بۆ منداڵەكانم وەك ژنێكیش پشت و دەستێك دەبم بۆ هاوسەرم وەك كچێكیش بۆ دایك و باوكم مایەی شانازی دەبم».

Top