بۆ هيچ خۆ ناچەمێنين هەنگاوێکی خێراتر بەرەو سەربەخۆیی

بۆ هيچ خۆ ناچەمێنين هەنگاوێکی خێراتر بەرەو سەربەخۆیی


هەر لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئێراقەوە کورد لە کوردستانی باشوور لە هيچ کاتێک و سەردەمێکدا هەستی بە هاووڵاتی بوون و خودان نيشتيمانی خۆی نەکردووە، ئەمەيش جگە لەوەی لە سادەترين ئەرکی خۆی بێ بەشکراوە بە چاوێکی سووک و خزمەکاری عارەبيش ديقەت دراوە، کورديش لە ناچاريدا پەنای بۆ شۆڕشی چەکداری بردووە و شۆڕش دوای شۆڕش بە گژ دەسەڵاتداراندا چۆتەوە، چونکە هەموو دەسەڵاتە ڕەگەزپەرستەکانی ئێراق جگە لە زمانی سەرکوتکردنی کورد و نکوڵی کردن لە بوونی هيچ زمانێکی ديکەی نەزانيووە و بەردەوام خۆيان بە کەڵەگای ئەلئومەلعەرەبييە زانيوە و ئەم خۆ گيڤ کردنەوە و خۆ بە زلزانينە سەری خواردوون و باشترين بەڵگەيش ئەو نەهامەتيانەيانە کە عارەبی ئێراق سەرباری دەوڵەمەندی وڵاتەکەيان کە گەنجينەيەکی بێ شومارە لە هەژارترينی وڵاتانان و سادەترين پێداويستی کارەبايە لێی بێ بەشن.


جا ئەم نکوڵی کردنە لە کورد و بە عارەبکردنی خاکەکەی تەواوی دەسەڵاتە رەگەزپەرستەکان پيادەيان کردووە، هەر لە ياسين هاشمييەوە تا دەگاتە دەسەڵاتدارانی ئەمڕؤی ئێراق، سەرەتا لە شارۆچکەی حەويجەوە دەستيان بە عارەبکردنی خاکی کوردان کرد و تا دێ بەرەو ژووريش هەڵدەکشێن، ديارە بەختی کورد وايە هێشتان رووخانی بەعس و لە سێدارەدانی سەددام نەبۆتە پەند بۆ دەسەڵاتدارانی نها کە بە خۆدا بچنەوە و ئەو دڵ پڕ لە قين و بۆگەنەيان کەمێک تەنها بەو ئاوە پاکە بشۆنەوە کە لە زێيەکانی کوردستانەوە بۆيان دەچێت، ئەرێ .....! ئەوەيە بەختی کورد دووچاری قێزەونترين مرۆڤی سەر زەوی بۆتەوە کە لە مانای مرۆڤ بوون حاڵی نين و هێشتان لە دەشتاييەکانی عەقڵييەتی دواکەوتوویی دەژين، بۆيە پێ دەچێت کورد هێشتان شۆڕشی تەواو نەبووبێت و پێويستە ئەم گروپە چڵکنەيش تێ بگەن کە کورد مرۆڤە و لە پێناو ژيان و ئازادی و سەرخۆبوونی قوربانی گەورەی لە پێشە.
پەنا بردنە بەر بڕينی قووتی خەڵکی وا دەکا تاک بە تاکی کورد قێز لە بوونی خاکی ئێراق و مرۆڤە دەسەڵاتدارە لێخنەکانی بکاتەوە، شکۆمەندانە و شەرەفمەندانە بەرگری دەکات، گەر دەسەڵاتە لەرزۆکەکەی ئێراق پێی وايە لەم ئان و ساتە هەستيارەدا کە ئێراق يەکێکە لەو وڵاتانەی گۆڕانکاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بيگرێتەوە چۆک بە کورد و پارتی ديموکراتی کوردستان و جەنابی سەرۆک بارزانی دەدات ئەوا زۆر زۆر خەياڵيان خاوە، چونکە پێش ئێوە زۆر دەسەڵاتداری بەهێز و بە پشتيوانی زۆر وڵاتيش نەيانتوانيووە ئەم سەرکردايەتييە بلەرزێنن، چ جا ئێستا کە نەک دەسەڵاتدارانی ئێراق بگرە خاکەکەيشی کەوتۆتە بەر مەترسی دابەشکردن چاکتر وايە عەقڵانييەتانە بير بکەنەوە پێويست بوو کارێکی وا بکەن کورد هەست بە هاووڵاتی بوون و خاوەن نيشتيمانی خۆی بکات، ئەگەر پێتان وا بێت بە هۆی چەند دەمڕووتێکی بە ناو ئۆپۆزسيۆنی کوردەوە دەتوانن خەڵکێ لە خشتە ببەن ئەوا زۆر زۆر بە هەڵەچوون، دەکرێ بچنە ناو دڵی ئەو کەمە خۆفرۆشانەيش کە دەڵێن ئۆپۆزسيۆنن بزانن خۆيان بە ئێراقی دەزانن، من دڵنيام ئەوانيش لە هەر گۆڕانێکی بچوکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک کۆنە چاشەکانی سەردەمە جياجياکان دادەچەمێنەوە بۆ ماچکرنی دەست و پێ و پآشگەزن لە کردەوە پۆخڵەکانيان، باش تێ بگەن ئێمەی کوردی ڕەسەن خودان ڕێبازی بارزانی فێری داچەمين نين چونکە گۆشکردنمان گۆشکردنێکی نەتەوەييانەيە.

Top