كریستیان ئیلیاس هاوێل جووتیاری نموونەیی لە پارێزگای دهۆك:   هیچ چاودێرییەكی كوالێتیی كۆنتڕۆڵ لەسەر بنەتۆو نییە، ئەوەی دەهێنرێتە ناو بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان، هەموویان ماوە بەسەرچوو و خراپن

كریستیان ئیلیاس هاوێل  جووتیاری نموونەیی لە پارێزگای دهۆك:     هیچ چاودێرییەكی كوالێتیی كۆنتڕۆڵ لەسەر بنەتۆو نییە، ئەوەی دەهێنرێتە ناو بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان، هەموویان ماوە بەسەرچوو و خراپن

 

 

كریستیان ئیلیاس هاوێل، یەكێكە لە جووتیارە نموونەییەكانی پارێزگای دهۆك و جیا لەوەی خاوەنی كێڵگەیەكی گەورەی كشتوكاڵییە، لە هەمان كاتدا هەوڵی داوە بەرهەمە كشتوكاڵییەكان بكاتە پیشەسازی و چەندین جۆر سركەی جیاوازیان لێ دروست بكات و، بە شێوەیەكی زۆر سەردەمییانە بە ئاستی براندە جیهانییەكان بەرهەمی بهێنێت، لە گفتوگۆی ئەم جارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (بەرنامە و پلان بۆ پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستاندا)، لە ناو گرفتی ڕاستەقینەی كێڵگە و هیوا و ئاواتی جووتیارە ماندووەكانەوە، بەم جۆرە لەسەر ئاستەنگ و گرفتەكانی كەرتی كشتوكاڵ قسەی كرد و بەم جۆرە دید و بۆچوون و پێشنیارەكانی خستە ڕوو.

 

بە ڕاستی مرۆڤ هیوایەكی بۆ پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان بۆ دروست دەبێت، كاتێك لە هۆڵی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەم گفتوگۆیە ئاست بەرزە لەسەر پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ ڕێك دەخرێت.

لەم گفتوگۆیەدا هەموو لایەنەكانی كەرتی كشتوكاڵ بە سامانی ڕووەكی و سامانی ئاژەڵ و سامانی پەلەوەر و ماسییەوە، زۆر بە ڕاشكاوی قسەی لەسەر كرا و من نامەوێت قسەی ئەو بەڕێزانە دووبارە بكەمەوە و، هەوڵ دەدەم هەڵوەستە لەسەر هەندێك كێشە بكەم، كە ئێمە وەك جووتیار لە ناو كێڵگە ڕاستەوخۆ ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، كە بریتین لە:

1- كێشەی دەرمان و ماددە كیمیاوییە قڕكەرەكان.

بۆ پارێزگاریكردنی بەروبوومە كشتوكاڵییەكان لەو زیندەوەرە خراپانەی زیان لە بەرهەمەكانمان دەدەن، ئێمە پەنا بۆ دەرمان و ماددە كیمیاوییە قڕكەرەكان دەبەین، بۆ ئەوەی ئەو زیندەوەرانە قڕ بكەین و بەرهەمەكەمان پێبگەیەنین، بەڵام بەداخەوە ئێستا لە بازاڕەكانی كوردستان هەموو ئەو دەرمان و ماددە قڕكەرانە بێ مۆڵەتن و كوالێتییان زۆر خراپە، ئێمە كاتێك ناچار دەبین پەنا بۆ دەرمان و ماددە كیمیاوییە قڕكەرەكان ببەین، دەبینین لەبری ئەوەی كاریگەریی باشی هەبێت بۆ بەرهەمەكە، كەچی كاریگەریی خراپی بۆ سەر تەندروستیی جووتیارانیش هەیە. من خۆم یەكێكم لەو جووتیارانەی كە چووم ئەو ماددە كیمیاوییە قڕكەرانەم كڕی و دارەكانم پێ ڕشاند، بەڵام ئەوەی ماوەی دوو ساڵە كاریگەریی ئەو ماددە كیمیایانە تووشی هەستیاری و حەساسیەتیان كردووم، ئەوجا لەمەش خراپتر ئەم ماددە كیمیاوییانە لە هەموو شوێن وەك «نەمامگە، دووكان، ماركێتەكان و.. هتد» بەبێ چاودێری دەفرۆشرێن.

2- كێشەی بنەتۆو

بنەتۆو كە زۆر گرنگە و جووتیار بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمەكەی پشتی پێ دەبەستێت، ئەوا لەم بوارەشدا هیچ چاودێرییەكی كوالێتیی كۆنتڕۆڵ لەسەر بنەتۆو نییە، ئەوەی دەهێنرێتە ناو بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان، هەموویان ماوەبەسەرچوو و خراپن، جووتیارانی ئێمە گلەیی و گازندەی زۆریان لەسەر بنەتۆوەكان هەیە و ساڵانە زیانێكی زۆریان پێ دەكەوێت.

3- هێنانی شەتڵی خراپ

نەمامگەكانی ئێمە هەندێك شەتڵ دەهێنن بێ كوالێتین، زۆر جار كە ئەو شەتڵانە دەكڕین ماوەی 3-4 ساڵ چاودێریی دەكەین و خزمەتی دەكەین، بەڵام هیچ بەرهەمێكی نابێت، بۆیە پێویستە چاودێری لەسەر هێنانی شەتڵەكان بكرێت و ڕێگە نەدرێت شەتڵی خراپ بهێنرێتە نەمامگەكان.

4- جیاوازیی نێوان جووتیار و بازرگانی زەوی

من جووتیارێكی ڕاستەقینەم نەك بازرگانی زەوی، من دەچم داوایەك پێشكەش دەكەم بۆ ئەوەی ژوورێك بۆ خێزانی خۆم دروست بكەم، لەولاوە بازرگانێكی زەوی دێت دوو دۆنم لە تەنیشتی زەوییەكەی من دەكڕێت و دەیكاتە مەزرەعە، ئەمە وا دەكات زەویی كشتوكاڵی زۆر كەم ببێتەوە.

5- كەمیی بوودجەی وەزارەتی كشتوكاڵ

وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ هەرێمی كوردستان هێندەی وەزارەتێكی سەروەری «سیادی» گرنگە، لەبەر ئەوەی كەرتی كشتوكاڵ بۆ هەرێمی كوردستان پەیوەندیی بە ئاسایشی خۆراكەوە هەیە، بۆیە ناكرێت بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ بكرێت كە ئیمكانییەتێكی ئەوتۆی لەبەر دەست بێت، كە نەتوانێت پشتگیری جووتیاران بكات.

6- دابینكردنی كارەبا بۆ جووتیاران

گرنگە كارەبا بۆ جووتیاران دابین بكرێت، لەبەر ئەوەی بوونی كارەبا دەبێتە هۆكاری ئەوەی جووتیار باشتر لە ناو كێڵگەكەی خۆیدا كار بكات و ئاودێریی دارەكانی بكات، بەڵام ئەگەر كارەبا نەبێت، كارەكە زۆر قورس دەبێت.

7- دابینكردنی بازاڕ بۆ بەروبوومە كشتوكاڵییەكان

جووتیاران لەوە دڵنیا نین ئەو پارەیەی بۆ بەرمهێنانی بەروبوومەكانیان خەرجی دەكەن، دوای پێگەیشتنی بەروبوومەكانیان دەفرۆشرێت و قازانجی لێ دەكەن، بۆیە جووتیار بەتایبەتی ئەوانەی داراییان سنووردارە، دەترسن لەوەی ئەو سەرمایە كەمەی بەدەستیانەوەیە بۆ بەرهەمەكە خەرجی بكەن، چونكە دەترسن بەرهەمەكانیان نەفرۆشرێت و ئەو سەرمایە سنووردارەشی كە هەیانە لە دەستیان بچێت، بۆیە گرنگە حكومەت بازاڕی مسۆگەر بۆ جووتیاران دابین بكات.

 

Top