ڕووسیا نزیکەی ٥٠ هەزار سەرباز لە باکووری ئۆکرانیا جێگیر دەکات
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی؛ سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا جێگیرکردنی نزیکەی ٥٠ هەزار سەربازی ڕووسیای لە باکووری ئەو وڵاتە ڕاگەیاند.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی؛ سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند: کە ڕووسیا نزیکەی ٥٠ هەزار سەربازی بۆ داگیرکردنی ئەو وڵاتە لە نزیک ناوچەی "سومی" لە باکووری ئۆکرانیا جێگیر کردووە.
زێلێنسکی هەروەها ڕایگەیاندووە، کیێڤ ڕێوشوێن و ئامادەکاری پێویستی بۆ ڕێگریکردن لە هێرشێکی بەرفراوان لەلایەن مۆسکۆوە گرتووەتەبەر.
زێلێنسکی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: گەورەترین و بەهێزترین هێزەکانی (ڕووسیا) لە ئێستادا لە بەرەی کورسکدان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕووسیا ئەو هێزانەی جوڵاندووە بۆ پاڵنانی هێزەکانی ئۆکرانیا بۆ دەرەوەی ناوچەی کورسک و ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنێكی یەكلایی كەرەوە لە ناوچەی سۆمی.
زیادبوونی هێزەکانی ڕووسیا لە ناوچەکە لە کاتێکدایە کە دەوترێت مۆسکۆ خۆی بۆ هێرشی هاوینە بۆ ئۆکرانیا ئامادە دەکات.
هاوکات کیێڤ چاوەڕێی یاداشتێکە لە مۆسکۆوە کە تێیدا مەرجەکانی خۆی بۆ بەردەوامبوونی دانوستانەکانی ئاگربەست دیاری بکات.
هەرێمی سێیەم دەکەوێتە باکووری ئۆکرانیا لەسەر سنووری هەرێمی کورسکی ڕووسیا، کە پێشتر ئۆکرانیا بۆ چەند مانگێک دەستی بەسەر بەشێکی کەمی خاکی ڕووسیادا گرتبوو. هەروەها مانگی ڕابردوو هێزەکانی ئۆکرانیا بە تەواوی لە ناوچەکە دەرکران.
ڤلادیمێر پوتین؛ سەرۆک کۆماری ڕووسیا ڕایگەیاند: کە دەیەوێت "ناوچەی پارێزبەندی" بەدرێژایی سنووری ڕووسیا لەگەڵ ئۆکرانیا دروست بکرێت. زێلێنسکی پێی وایە کە ڕووسیا دەیەوێت ناوچەی پارێزەری نزیکەی ١٠ کیلۆمەتر لەم ناوچەیەدا هەبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە نوێنەرانی ئۆکرانیا و ڕووسیا نەیانتوانی لەسەر ئاگربەستی پێشنیارکراوی ئەمەریکا لە وتووێژە ڕاستەوخۆکانی ئیستەنبوڵ بگەنە ڕێککەوتن. بەڵام ئەم دانوستانانە بووە هۆی ئازادکردنی هەزار دیلی جەنگ لەو دوو وڵاتە.
گوڵان: سەردار خەلیل
