شڤان حەمدی ئەندامی بازنەی گفتوگۆ :   كەرتی كشتوكاڵ بە تەنیا بە جووتیاران و بە پڕۆژەی بچووك ناگاتە ئەو ئاستەی پێی بگوترێت «پەرەپێدانی تەواو، یان پەرەپێدانی بەردەوام»

شڤان حەمدی ئەندامی بازنەی گفتوگۆ :     كەرتی كشتوكاڵ بە تەنیا بە جووتیاران و بە پڕۆژەی بچووك ناگاتە ئەو ئاستەی پێی بگوترێت «پەرەپێدانی تەواو، یان پەرەپێدانی بەردەوام»

 

 

شڤان حەمدی، ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسە، لە گفتوگۆی ئەم جارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (بەرنامە و پلان بۆ پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستاندا)، بەم جۆرە دید و بۆچوون و پێشنیارەكانی خۆی خستە ڕوو.

 

سێكتەری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە ڕاددەیەك فراوانە، كە دەكرێت بڵێین كۆی ژیانی كۆمەڵگەكان دەگرێتەوە و كۆڵەگەی سەرەكیی دابینكردنی ئاسایشی خۆراكی هەر دەوڵەت و نەتەوەیەكیشە.

بۆ قسەكردن لەسەر ئەم سێكتەرە گرنگە، هەوڵ دەدەم لە سێ ڕوانگەی پەیوەندیدار و پێكەوەبەستراوەوە باسی بكەم، كە ئەوانیش بریتین لە كشتوكاڵ وەك «زانست، بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیكردن، كاركردنی پراكتیكیی ناو كێڵگەكان».

1- كشتوكاڵ وەك زانست:

كشتوكاڵ وەك زانست كە لە چوارچێوەی كۆلێژەكانی كشتوكاڵ و پزیشكی ڤێتەرنەریدا خۆی بەرجەستە دەكات، لەسەر ئاستی توێژینەوەی زانستی بۆ زیادكردنی بەرهەم، چارەسەركردنی نەخۆشییەكان و بەرهەمهێنانی ماددە كیماوییە قڕكەرەكان پێشكەوتنی هێجگار گەورە و بەرچاوی بەدەست هێناوە، لەمەش زیاتر بووەتە بەشێكی گرنگ لە پیشەسازییەكانی تەكنەلۆژیای نوێدا، هەر لە كێڵانی زەوییەكانەوە تا دەگاتە ئاودانی بەرهەمەكان بە ڕێگەی زیرەكیی دەستكرد، بۆیە هەنگاوی گرنگ و سەرەتایی كە پێویستە بگرێتەبەر بۆ پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ، ئەوەیە كە دەبێت خۆمان نوێ بكەینەوە بە زانستە تازەكانی بوارە جیاوازەكانی كشتوكاڵ و زانستی ڤێتەرنەری و هێنانی تەكنەلۆژیای نوێ، هەر لە پێداویستیی لابۆرەكانی كۆلێژەكانی كشتوكاڵ و ڤێتەرنەر، تا دەگاتە دوایین تەكنەلۆژیای نوێ بۆ پەرەپێدانی كشتوكاڵ، بەداخەوە لەم لایەنەوە وەك پێویست سوودمان لە زانست و تەكنەلۆژیا وەرنەگرتووە.

2- كشتوكاڵ وەك بەڕێوەبردن و سەرپەرشتی كردن:

كشتوكاڵ وەك بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیكردن پێویستی بە هەماهەنگی و هاریكاریی بەشی زۆری وەزارەتەكانی حكومەت هەیە. لەم گفتوگۆیەدا جەخت لەوە كرایەوە كە پێویستمان بەوەیە «بۆردێكی نیشتمانی» بۆ كەرتی كشتوكاڵ لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیران بە هاوشێوەی «بۆردی نەوت و گاز» دابمەزرێت، بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بخەینە سەر نەخشەی كشتوكاڵیی جیهانی، بە ڕاستی ئەم پێشنیارە دەبێت كاری جددی لەسەر بكرێت، بەڵام پرسیار ئەوەیە كاتێك دەڵێن كوردستان بخەینە سەر نەخشەی كشتوكاڵی جیهانی، مەبەست چییە؟ بێگومان هەر وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە ئەوەمان پێ دەڵێت كە دەكرێت كشتوكاڵ ببێتە براند و ناسنامەیەك كە لەسەر ئاستی كوردستان وڵاتێكی پێ بناسرێتەوە. لە ئێستای جیهاندا زۆر وڵات بە بەرهەمە كشتوكاڵییەكان، یان بە تەكنەلۆژیا و پیشەسازیی دەرمانی كشتوكاڵ دەناسرێنەوە و بەرهەمەكانیان وەك براند لەسەر ئاستی جیهان تۆمار دەكرێن.

لەم چوارچێوەیەدا ناكرێت كۆی جەمسەرە جیاوازەكانی پەرەپێدانی كشتوكاڵ، یان ئەو كەموكورتییانەی لەم كەرتەدا هەیە، بخرێتە سەرشانی وەزارەتی كشتوكاڵ، هەر بۆ نموونە لەم گفتوگۆیەدا ئاماژە بە توێژینەوەیەك كرا، كە بەپێی ئەو توێژینەوەیە لە چەند ساڵی داهاتوو دوو ملیۆن دۆنم زەویی كشتوكاڵی دەكوژێنرێنەوە، ئەمەش ڕووبەری زەوییە كشتوكاڵییەكان كەم دەكاتەوە، بۆیە پێویستی بە هەماهەنگی و هاریكاریی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە.

3- كشتوكاڵ وەك كاركردنی پراكتیكیی ناو كێڵگە:

كاتێك باس لە كاركردنی ناو كێڵگە دەكەم، مەبەستم هەموو كێڵگە كشتوكاڵییەكانە وەك «كێڵگەی بەروبوومە كشتوكاڵییەكان، كێڵگەی پەروەردەكردنی پەلەوەر، كێڵگەی پەوەردەكردنی ئاژەڵ، حەوزەكانی بەخێوكردنی ماسی و...هتد».

ئەم لایەنە پراكتیكییەی ناو كێڵگەی كشتوكاڵییەكان هەتا چەند ساڵێك لەمەوپێش، یان ئەو كێڵگانە بوون كە جووتیارانی كوردستان كاریان تێدا كردووە و بەربوومیان بەرهەم هێناوە، یان پڕۆژەی بچووك بوون و بە سەرمایەیەكی كەم وەبەرهێنانیان تێدا كراوە، بەڵام كەرتی كشتوكاڵ بە تەنیا بە جووتیاران و بە پڕۆژەی بچووك ناگاتە ئەو ئاستەی پێی بگوترێت «پەرەپێدانی تەواو، یان پەرەپێدانی بەردەوام».

لەم گفتوگۆیەدا بەڕێز نەبەز ڕەفعەت ڕاوێژكار و بەڕێوەبەری گشتیی توێژینەوە و ڕێنمایی كشتوكاڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە دەبێت زەمینە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی گەورەی كشتوكاڵی خۆش بكەین، ئەمەش بەو مانایەی هانی وەبەرهێنەران و سەرمایەدارانی گەورەی ناوخۆیی و بیانی بدەین، بۆ ئەوەی بێن لە كوردستان پڕۆژەی گەورە ئەنجام بدەن و كارگەی گەورەی پیشەسازیی خۆراك دابمەزرێنن.

هەروەها بەڕێز محەمەد سەدیق بارزانی كە بەڕێوەبەرایەتیی گەورەترین پڕۆژەی كشتوكاڵی «زۆم» لە هەرێمی كوردستان دەكات، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، پێویستە كاتێك پڕۆژەیەكی گەورەی كشتوكاڵی ئەنجام دەدرێت، پڕۆژەكە «پرۆژەیەكی تەواو» بێت، ئەمەش بەو مانایەی كاتێك كێڵگەیەكی گەورە بۆ پەروەردەكردنی «مانگای شیردەر» دادەمەزرێت، دەبێت بیرمان لەوە كردبێتەوە، كارگەیەكیش هەبێت كە بەرهەمی شیرەكە بكات بە پیشەسازی، پڕۆژەیەك هەبێت ئالیك بۆ مانگاكان دابین بكات و بنكەیەكی پزیشكیی ڤێتەرنەری هەبێت كە بەردەوام چاودێری و چارەسەری ئاژەڵەكان بكات، لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە بازاڕێك هەبێت كە گەرەنتیی ساغكردنەوەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان بكات.

ئەم ئاراستەیەی باسی لێ كرا، ئاراستە دروستەكەیە بۆ پەرەپێدانی تەواو لە كەرتی كشتوكاڵیی هەرێمی كوردستاندا و، ئاراستەی كاركردنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشە، كە ئاماژە بەوە دەكرێت، ڕێژەی وەبەرهێنانی كشتوكاڵی لە ڕێژەی 1%ـەوە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا بەرز بووەتەوە بۆ ڕێژەی 10% وەبەرهێنان، كە مایەی ئەوەیە بە گەشبینییەوە سەیری پەرەپێدان لە كەرتی كشتوكاڵدا بكرێت.

لە دوماهیدا جەخت لەسەر ئەوە دەكەمەوە، خاكی بەپیت و بەرەكەتی كوردستان و كەشوهەوای گونجاوی كوردستان، كە هەر چوار وەرزكەی ساڵ (زستان، بەهار، هاوین، پایز)ی هەیە، كە بە مانای وەرز، هەر چواریان لە كوردستاندا هەن، ژێرخانێكی گەورەیە بۆ هەموو سێكتەرە جیاوازەكانی كشتوكاڵ بە «ڕووەكی، پەلەوەر، ئاژەڵ، ماسی»یەوە، زەمینەیەكی لەباری دروست كردووە، بۆ ئەوەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانمان ببنە براندی نیشتمانی و لەسەر ئاستی جیهان، هەرێمی كوردستانی پێ بناسرێتەوە.

 

Top