فەلاح سەید مەولوود ئەلنەجاڕ بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی كانزایی لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بۆ گوڵان:   هەرێمی كوردستان خاوەنی چەندین كانزا و بلۆكی كانزاییە كە دەكرێت وەبەرهێنانی گەورەی تێدا ئەنجام بدرێت

فەلاح سەید مەولوود ئەلنەجاڕ  بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی كانزایی لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بۆ گوڵان:     هەرێمی كوردستان خاوەنی چەندین كانزا و بلۆكی كانزاییە كە دەكرێت وەبەرهێنانی گەورەی تێدا ئەنجام بدرێت

 

 

 فرەچەشنكردنی ئابووری و كەمكردنەوەی پشتبەستن بە نەوت لە هێڵە گشتییەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و پەرەپێدانی كەرتی پیشەسازی و دروستكردنی كارگەی چیمەنتۆی «دابین» لەم چوارچێوەیەدایە، بەتایبەتی لە بواری وەبەرهێنان لە كەرتی كانزایی كە جگە لەم كارگەیە دوو كارگەی دیكەش بەدواداچوونی مەیدانییان بۆ كردووە، ئەمەش یەكەمین جارە لە هەرێمی كوردستاندا دەتوانرێت كارگەیەك كە دۆستی ژینگە بێت لە ڕێگەی وەبەرهێنان بۆ پێشخستنی كەرتی پیشەسازی دروست بكرێت. لەسەر ئەم پرسە گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ فەلاح سەید مەولوود ئەلنەجاڕ بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی كانزایی لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان ساز دا.

 

 

* با سەرەتای پرسیارمان لە كردنەوەی كارگەی چیمەنتۆی «دابین» دەست پێبكەین، كە هەنگاوێكی گرنگ بوو لە بواری وەبەرهێنان لە كەرتی كانزایی، وەكو بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی كانزایی چۆن دەڕوانیتە ئەم دەستكەوتە؟

- بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی كانزایی كە ئەركی گەڕان و پشكنینە بەدوای سامانی كانزایی بە هەموو جۆرەكانیەوە بۆ ئەوەی سامانی كانزاییش بۆ بەرژەوەندیی گشتی و ئابووریی هەرێمی كوردستان وەبەرهێنانی تێدا بكرێت. لە دەستپێكی دامەزرانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، هێڵە گشتییەكانی بەرنامەی كابینەكە كاركردن بووە بۆ ئەوەی ئابووریی هەرێمی كوردستان فرەچەشن و فرەڕەهەند بێت و تەنیا پشت بە نەوت و غاز نەبەسترێت، كە دوو كەرتی ناجێگیر و ناسەقامگیرن لە بواری داهاتەكەیدا، لەم ڕوانگەیەوە گرنگییەكی زۆر دراوە بە كەرتی پیشەسازی و پیشەسازیی كانزاییش لەم چوارچێوەیەدا دێت، یەكێكیش لەو پڕۆژانەی لە ماوەیەكی زۆر كەمدا لەسەر ڕووبەری 652 هەزار مەتر چوارگۆشە لەلایەن هەردوو كۆمپانیای (دابین گرووپ) و (پاوەرچاینا) بەتێچوونی 280 ملیۆن دۆلار دروست كراوە و دەستی بە بەرهەمهێنان كرد، كارگەی چیمەنتۆی دابین گرووپ بوو لە پارێزگای هەولێر، بێگومان ئەم پڕۆژەیە یەكێكە لەو پڕۆژانەی لەم كابینەیەدا بەردی بناغەی بۆ دانرا و بەرهەمەكانی بە كوالێتی و ستانداری جیهانی خرایە بازاڕەوە، كارگەكەش باشترین بڕاندی ئەوروپایی و چینی تێیدا بەكار هێنراوە، تاوەكو كێبڕكێی بەرزترین و باشترین بەرهەمە باشەكانی چیمەنتۆ بكات لە بازاڕەكانی عێراق و ناوچەكەدا.

كارگەكە بە توانای شەش هەزار كلیكەر كە دەكاتە هەشت هەزار تۆن چیمەنتۆ لە ڕۆژێكدا و ساڵانەش زیاتر لە 2،000،000 ملیۆن تۆن چیمەنتۆ بەرهەم دەهێنرێت، هاوكات كارگەكە وێستگەیەكی كارەباشی بە توانای 52 مێگاوات كارەبا لەخۆ گرتووە و وەزارەتی كارەبا ناچار نابێت، بڕە كارەبایەكی زۆری بۆ دابین بكات، ئەمە وێڕای بوونی چوار سایلۆ بۆ هەڵگرتنی چیمەنتۆ.

* ئێوە وەكو وەبەرهێنانی كانزایی لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان تا چەند كنە و پشكنینتان بۆ لایەنی جیولۆجیی ئەو ناوچەیە كردووە؟ ئایا لە بواری كەڵكی ئابووریدا ئەم كارگەیەی چیمەنتۆی دابین تا چەند سەركەوتووە؟

- وەكو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی كانزایی، پێشتر شارەزایی و پشكنینی تەواو بۆ شوێن و كەڵكی ئابووری دروستكردنی كارگەیەكی چیمەنتۆی لەم شێوەیە لەم شوێنەدا كراوە، بۆ نموونە بەردەكەی كە چیمەنتۆی لێ بەرهەم دەهێنرێت بە بەردی لایمستۆن بەناوبانگە و لەم ناوچەیەدا نزیكەی 150 ملیۆن تۆن یەدەگی هەیە، بە واتا تاوەكو 50 ساڵ لەتوانایدا هەیە ئەم كارگەی چیمەنتۆیە بەرهەمی هەبێت. هەروەها كارگەكە چوار سایلۆی هەڵگرتنی چیمەنتۆی هەیە بە تیرەی 18 مەتر و بەرزیی 56 مەتر، كە بە جیا چیمەنتۆی جۆری پۆرتلەنتی ئاسایی و چیمەنتۆی سێمپتو هەڵدەگرێت، لەمەش گرنگتر كارگەكە دەكەوێتە ناوچەیەكی نزیك شاری هەولێر كە بۆ گواستنەوە و ناردنی بەرهەمەكەی بۆ شارەكانی دیكەی كوردستان و خوارووی عێراق تێچوونێكی زۆری گواستنەوەمان بۆ دەگەڕێتەوە. لە هەموو ئەمانەش گرنگتر ئەم كارگەیە توانای بەدەستهێنانی هەلی كاری بۆ ژمارەیەكی زۆری خەڵكی ناوچەكە و هەرێمی كوردستان هەیە، ئەوەتا لە قۆناغی یەكەم و ئێستایدا توانراوە لە كارگەكە هەلی كار بۆ 1200 گەنج بڕەخسێنرێت لە خەڵكی ناوچەكە، سەرۆكی حكومەتیش زۆر گرنگی بە بابەتی دابینكردنی هەلی كار لە ڕێگەی كەرتی تایبەت و وەبەرهێنەران دەدات و تەنانەت یاسای بۆ بەكارهێنانی ڕێژەی كرێكاری بیانی لەناو ئەم گەورە كارگە و كەرتانەی گەشتیاریش داناوە. بە شێوەیەكی گشتی ئێمە وەكو سامانە سرووشتییەكان لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا چەندین پڕۆژە و توێژینەوەمان ئەنجام داوە لە بوارە جیاجیاكانی مەسحی جیولۆجی و پشكنینی كانزایی، چەند شوێنێكی شیاویش بۆ كاركردن تیایاندا دەستنیشان كراون، كە كەڵكی ئەنجامدانی وەبەرهێنانی تێدا هەیە لە هەرێمی كوردستان سێ كەرەستەی خاو هەیە كە كارگەی چیمەنتۆ پشتیان پێ دەبەستێت و لە هەرێمی كوردستاندا بە ڕێژەیەكی زۆر بوونی هەیە، ئەویش (لایمستۆن- بەردی كلس) و (خۆڵ – گلەی) و (گەچ – Gypsum).

* یەكێك لە كێشەكانی كارگە و كارخانەكان بابەتی ژینگەپارێزییە، هەموو ئەم كارگانە دووكەڵ و گازی ژەهراوییان هەیە، ئەمە وێڕای پاشماوەی ڕەقی كارگەكان، ئایا تا چەند ڕەچاوی ژینگەپارێزی دەكرێت بەتایبەتی كە كارگەكە كەوتووەتە نزیك شوێنێكی گەشتیاریی گەورەوە ئەویش ناوچەی بەنداوی گۆمەسپانە؟

- تیمە تەكنیكی و شارەزاییەكانی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكەمان بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەكانی دیكەی دەستەی پاراستنی ژینگە و پارێزگا و یەكە ئیدارییەكان گرنگییەكی زۆر بە بابەتی ژینگەپارێزی دەدەن. جێگای خۆشحاڵییە لەم كارگەیە گرنگیی زۆر بە ژینگەپارێزی دراوە و فیلتەری ئەو هەموو دووكەڵ و گازەش دانراوە كە لە ئاكامی پرۆسەی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ دروست دەبێت، تەنانەت چارەسەری ئەو تۆزەش كراوە كە لەم كارگەیە بە هاوشێوەی كارگەكانی دیكەی چیمەنتۆ دروست دەبێت. ئەوەی جێگای دڵخۆشییە ئەوەیە كە كۆمپانیاكە بەڵێنی داوە، پۆندێك بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دروست بكات، تاوەكو قەرەبووی ئەو ئاوەش بكاتەوە كە لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ بەكاری دەهێنن، هەروەها ژمارەیەك لە قوتابخانەكانی گوندەكانی ناوچەكەیان نۆژەن كردووەتەوە. ئومێدەوارم لە بواری هاندانی ڕوواندنی درەخت فراوانكردنی پانتایی دارستانەكان كۆمپانیاكە هاوكار بێت، پاڵپشتی برا جووتیارەكانی ناوچەكەش بێت، بۆ گرنگیدان بە درەختی بەرز و میوەجات لە ناوچەكەدا، چونكە پانتایی سەوزایی و دارستانەكان ڕۆڵیان لە ژینگەپارێزی هەیە.

*  دواپرسیارمان با لەسەر ئەو كانزا و جۆرانەی بێت كە دوای پشكنین دەركەوتووە كە لە هەرێمی كوردستان ڕێژەیان زۆرە و دەكرێت لە ڕێگەی وەبەرهێنانەوە كاری جددیی لەسەر بكرێت. ئایا دەكرێت بزانین تاكو ئێستا چ كانزایەك لە هەرێمی كوردستان دۆزراوەتەوە؟

- پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەكە بدەمەوە، دەبێت ئەو هەقیقەتە بزانین كە بوونی كانزا و وەبەرهێنان تێیدا دوو بابەتی جیاوازە، چونكە بوونی كانزا پەیوەندی بە جۆر و ڕێژە و بڕ و شوێنی كانزاكە و كەڵكی ئابووری و وەبەرهێنان تێیدا هەیە. ئاشكرایە كە لە جیهاندا زیاتر لە 58 جۆری كانزا هەیە، دۆزینەوەی كانزا و وەرگرتنی سامبڵ و كاركردن لەسەری لە تاقیگەكان كارێكی قورسە كە پسپۆڕان و جیولۆجی و زەویناسەكان كاری لەسەر دەكەن، لە هەرێمی كوردستان بڕێكی زۆر لە كانزاكان بەدی دەكرێت، بەتایبەتی كانزا نافلزییەكان كە بەشێكی زۆری كەڤرە پیشەسازییەكان پێك دەهێنن و دەتوانرێت سوودیان لێوەربگیرێت، بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری، هەندێك لە كانزا نافلزییەكان لە عێراقدا تەنیا لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، وەكو مەڕمەڕ و بازاڵت باڕایت كە گرنگییەكی زۆری هەیە لە پیشەسازییە تازە پێشكەوتووەكان، ئەمە جگە لەو كانزا فلزییانەی كە تاكو ئێستا لەبەر بوونیان لە شوێنە سنوورییەكان نەتوانراوە لێكۆڵینەوە و ڕووپێو و پشكنیكی تێروتەسەلیان بۆ بكرێت، كە بتوانرێت بە شێوەیەكی ورد جۆر و بڕی یەدەگیان دیاری بكرێت. زانیارییە سەرەتاییەكان لەسەر كانزاكان لەهەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی بەڵێن پێدەرن ئەگەر لێكۆڵینەوەی تێروتەسەل و وردیان بۆ بكرێت بە مەبەستی دەستكەوتنی زانیاریی ورد و پێویستی زیاتر بۆ ئەوەی بتوانرێت پلانی كاركردنی بۆ دابڕێژرێت لە داهاتوودا، لەلایەكی دیكەوە چەند شوێنێكمان دیاری كردووە كە شیاون بۆ وەبەرهێنان و كاركردن تیایاندا لە بواری پیشەسازیی (چیمەنتۆ و كەرپووچ و گەچ و مەڕمەڕ و...تادوایی). بە شێوەیەكی گشتی قسەكردن لەسەر كانزاكان باس و خواسێكی زۆر هەڵدەگرێت و لە دووتوێی ئەم دیدارەدا ناتوانین مافی خۆی بە تەواوەتی بدەینێ.

Top