خانەنشین بوون و قۆناغێكی تازە لە ژیان
(كاسرین بولسیفەر) نوسەری ئەمریكی دەڵێ"خانەنشینی دەرفەتێكی بۆ چێژ وەرگرتن لە هەموو ئەو شتانەی كە پێشتر كاتت نەبووە بۆ ئەنجامدانی لە كاتی ئیش كردن ".
ژیانی هەر یەكێك پێك دێت لە چەند قۆناغێك وەكو قۆناغی خوێندن و قۆناغی كارو قۆناغی دوای كار كە خانەنشینییە. مرۆڤ لە هەر قۆناغێك لەم قۆناغانە كۆمەڵێ وردەكاری هەیە كە لەگەڵیان دەژی، ئەوەی لێرەدا دەمەوێ باسی بكەم ژیانی خانەنشینی مرۆڤـــ لەلایەن خۆیەوە.
ئاشكرایە لای هەمووان خانەنشینی كات و دەرفەتێكی زۆر دەبەخشی بە كەسی خانەنشین دوایی ساڵانێكی زۆر لە دەوام و فەمانگە و فشار و گوشاری بەرپرسیاریەتی لە ئیش كردن . كە ساڵانێكی چڕ و ژاوە ژاو پڕ لە پەیوەندی كۆمەڵایەتی و كەسی و كردن. بەڵام لەگەڵ خانەنشین بووندا ئەو فشار و پاڵپەستۆو پەیوەندییانە بەگشتی زۆر كەم دەبنەوە.
لێرەدا گرنگە هەر كەسێ خانەنشین دەبێ نا ئومێد و بێزار نەبێ، بەڵكو دڵخۆش و بەختەوەر بێت بەوەی هەموو تەمەنی گەنجی و پڕ وزەی بەخشیوە بەكۆمەڵگە و نیشتمان و كار لە پێناودا توانیویەتی شارەزایی و بژێوی ژیانی خێزانەكەی دابین بێت تا لە ژیان ماوە. لەوەش گرنگتر پێویستە كەسی خانەنشین هەمیشە خەون و ئارەزوو و ئامانجی بەردەوامی هەبێت، لە بیری بێت ژیان لەگەڵ خانەنشین بوون كۆتایی نایەت. بەڵكو قۆناغێكی تری هەرە جوان لە ژیانی دەست پێ دەكات كە ئەویش بەردەوام بێت لە ژیان كردن لەگەڵ خانەوادەكەی و كەسوكارو ئازیزان و خۆشەویستانی، هەرگیز نابێ دەستبەرداری خەون و ئارەزو و ئامانجەكانی بێت و هەوڵ بدات لە پسپۆڕی و شارەزایی خۆی سودی هەبێت بۆ كەسانی پێویست و نزیك و هەمیشە لە ماڵەوە دەستەوەستان نەبێت، بەڵكو خۆی دوور بگرێت لە زۆر دانیشتن بە دیار تەلەفزیۆن و سۆشیاڵ میدیا كە زۆر مانەوە وزەی ئەرێنی دەبەخشێ، بۆیە گرنگە لەوە تەمەنە گرنگی زۆر بە تەندروستی و جەستەی خۆیی بدات وەكو وەرزش و خواردنی تەندروست و بەردەوامی بە پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكان بدات و، هەوڵ بدرێ ڕۆژانە چەند كاتژمێرێك پەرتووك بخوێنێتەوە لە بوارێكی دیاری كراو بنوسێ دەتوانرێ سەرگوزشتە و و ژیانی ڕابردووی خۆی بنوسێتەوە و لەگەڵ گرنگیدان و پەرەپێدانی كەسی خۆی لە هەموو ڕوویەكەوە، هەرگیز نابێ خۆش بەدەستەوە بدات و بەردەوام گرنگی بە خۆی بدات و، دەكرێ هەوڵ بدات زمانێكی تر فێر ببێ، یانیش گەر بكرێ سەردان و گەشت كردن زۆر پێویستە، چونكە لەم تەمەنە چێژ و خۆشی تایبەتی خۆی هەیە و مرۆڤـــ ئاسودەترە و گیروگرفتی جۆراوجۆری زۆر كەمترە لە جاران، بەڵام هەرگیز نابێ تەندروستی خۆی فەرامۆش بكات و هەردەم شانازی بەخۆی و ڕابردووی خۆی بكات كەوا ساڵانێك بێ دابرانێك بە بەردەوامی سەربەرزانە لە خزمەت كردن بەردەوام بووە و ویژدانی ئاسودەیە. دەكرێ لەم تەمەنە بەشدار بێت لە كاری خێرخوازی و خۆبەخشی كەوا لە كەسی خانەنشین دەكات هەستی لە خۆ ڕازی بوونی زیاتر بێت و ویژدانی ئاسودە تر دەبێت كەوا یارمەتی ئەوانی تر دەدات، لە هەمان كاتیشدا بەردەوامە لەسەر چالاكی و زیندویەتی خۆی بە پێی توانا.
لە كۆتاییدا پێویستە ئەوەمان لە بیربێت كەوا خانەنشینی قۆناغێكی ڕاستی و دروستی ژیانە لە قۆناغەكانی هەر فەرمانبەرێك كە هەموومان دەبێ ڕۆژ و ساڵێك بێت خانەنشین ببین بۆ ئەوەی خولی ژیان بەردەوام بێت و، بیزانین كەوا خانەنشینی قۆناغێكی سروشتییە لە ژیان. هەموومان پێویستە خۆمانی بۆ ئامادە بكەین ئەوڕۆ فەرمانبەرین سبەی خانەنشین دەبین بەوپەڕی بەهێزی و باوەڕ بەخۆبوون و ئاسودەییەوە پێشوازی لێ بكەین و بە شانازی كردنەوە بە ساڵانی خزمەت كردنمان.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی
