سازگار ئەحمەد ڕەحیم: چێژی پارە لەوە دایە بە ڕەنج و ماندووبوون و شەونخونی بە دەستی بێنیت

سازگار ئەحمەد ڕەحیم:  چێژی پارە لەوە دایە بە ڕەنج و ماندووبوون و شەونخونی بە دەستی بێنیت

 

 

سازگار ئەحمەد ڕەحیم خانمە شێفێكی دەستڕەنگین و پڕ وزە و بە ئەزموونە، لە پاڵ ئەركی دایكایەتی و پەروەردەكردنی منداڵ ڕۆژانە خواردنە كوردەوارییەكان بۆ كڕیارەكانی ئامادە دەكات، لە ئێستادا لە ناو ماڵەكەی خۆیدا چێشتخانەیەكی گەورەی بۆ ڕایی كردنی كارەكانی تەرخان كردووە. 

سازگار ئەحمەد ڕەحیم ساڵی 1980 لە پێنجوێن لە دایكبووە، لە ئێستادا نیشتەجێی شاری سلێمانییە و دەرچووی قۆناغی ئامادەییە. لە دیدارێكدا ئەزموونی كاركردنی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان باس دەكات.

 

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

«ئێمە وەك خواردنی دایـــــــــــكی لانۆ ماوەی چوار ساڵە دەستمان بەم كارە كردووە، سەرەتا لە ڕێگەی پەیجەكەمەوە فێركاری خواردن دروستكردنم بڵاودەكردەوە، بەڵام دواتر بینیمان بینەرەكانمان دەیانەوێت داوای خواردن بكەن، لێرەوە بیرۆكەی ئەوەمان بۆ ھات كە دەست بە دروستكردنی خواردن بۆ كڕیارەكانمان بكەین، بینیم پێشوازییەكی گەرم لە كارەكانم دەكرێت، ئەوەش بووە هاندەرێكی باش بۆ من، لە ئەنجامدا گەشتین بەم ناوبانگەی ئێستامان كە ماوەی چوار ساڵە بە خۆشحاڵییەوە بەردەوامین لە پێشكەش كردنی كارەكانمان بۆ موشتەرییە ئازیزەكانمان.

ھۆكاری دەستپێكردنم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ھەموو كەسانی چوار دەورم خواردنەكانی منیان زۆر بە دڵ بوو ئەوەی جارێك خواردنی دەستی منی بخواردایە تامەكەی لە یاد نەدەچوو، پێشنیاری زۆر گەورەم بۆ دەكرا كە چێشتخانەم بۆ بكەنەوە لە سلێمانی و لە دەرەوەی ولاتیش، بەڵام قبوڵم نەدەكرد، دوای چەند ساڵێك پێشنیاری ئەوەم بۆ كرا كە لە وڵاتی چین چێشتخانەم بۆ بكەنەوە دواجار قبوڵم كرد و خۆم و خێزانەكەم ڕۆشتین و لەوێش پێشوازییەكی زۆر گەرممان لێ كرا و ماوەی ساڵێك ماینەوە، بەڵام هاتنی نەخۆشی كۆرۆنا لە بەردەوام بوونمان ڕێگر بوو، بۆیە بڕیاری گەڕانەوەماندا و ھاتینەوە بۆ سلێمانی و لێرە ئەم پەیجەمان دروستكرد و بەردەوام بووین».

ئەو خانمە شێفە لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: «شوێنی كارەكەمان لە ماڵی خۆماندایە، چێشتخانەیەكی گەورەمان تایبەت كردووە بە كارەكەمان و لەوێ ئامادەكاری بۆ دروستكردنی خواردنەكانمان دەكەین، لە ڕاستیدا ھەموو ھەوڵێكمان بۆ ئەوەیە چێشتخانەیەكی گەورە و تایبەتی خۆمان بكەینەوە، تاوەكو خەڵك سەردانمان بكەن و لە نزیكەوە ئامادەكردنی خواردنەكانمان ببینن، پشت بە خودا بۆ داهاتوو ئەوەش لە پڕۆژەماندایە.»

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا چۆن توانیوتە هاوسەنگی لە نێوان بەڕێوەبردنی ماڵ و ئەركی دایكایەتی و كارەكەتدا ڕابگریت؟ ئەو گوتی: «بەڕاستی ئەركێكی قورسە كە بتوانیت ھاوسەنگی رلە نێوان ماڵ و منداڵ و كارەكەت ڕابگریت، بەڵام بەخۆشحاڵییەوە بەھۆی ھاوكاری هاوسەر و منداڵەكانم وام كردووە كە ئەو ھاوسەنگییە ھەبێت، ئەگەر ئەوان نەبن منیش ناتوانم بەردەوام بم لە كارەكانم چونكە ھاوكارێكی زۆر باشن، ھەر كاتێكیش زۆر ھیلاك بم و بێزار بم ئەوان هانم دەدەن بۆ بەردەوام بوونم لە كارەكەم.»

سەبارەت بە بەربەست و ڕێگرییەكانی سەرەتای دەركەوتنیشی، گوتی: «سەرەتای دەركەوتن بەڕاستی قورسە چونكە یەكەم ئەزموونی كاركردنم بوو، لە بەرامبەردا خێزان و چوار دەورەكەم زۆر پشتگیرییان دەكردم و بەردەوام دەستخۆشییان لێدەكردم، ئەمەش بووە ھۆكاری ئەوەی كە دەركەوتنەكەم بەلاوە ئاسایی بێت، چونكە دەركەوتن سروشتی كارەكەمە و پێویستە خەڵك بمناسێت، لە ڕێگەی دەركەوتنمەوە كەسی زۆرباشم ناسی ئەمەش بۆ من گەورەترین دەستكەوت بوو.»

گوتیشی: «پێویستە ھەموو ئافرەتێك كارێكی تایبەت بە خۆی ھەبێت، گرنگ نییە گەورە بێت یان بچووك ھەموومان لە بچووك دەستمان پێكردوە و بە ھەوڵ و ماندوو بوون گەشتووین بە باشترین ئاستی كاركردن، بەڵام بەڕاستی چێژی پارە لەوە دایە پارەیەكی حەڵاڵ كە بە ڕەنج و ماندووبوون و شەونخونی بە دەستی بێنیت، كە ھەستێكی زۆر خۆشە و لێرەوە ھیوای سەركەوتن بۆ ھەموو ئەو ئافرەتانە دەخوازم كە خاوەن كاری خۆیانن.

ھەموومان دەزانین كە ژیان قورسە و پێویستی بە ھەوڵدانە ئامانجی من لەم كارە باشتركردنی ژیانی خێزانەكەم و كەمكردنەوەی ئەركێكی بچووكە لەسەر شانی ھاوسەرەكەم، ئامانجی سەرەكیشم ناساندن و پێشكەشكردنی خواردنەكانمە بە خەڵك تا لە تام و چێژی خواردنەكانم بێ بەش نەبن، ھیوادارم ڕۆژێك بتوانم شوێنێكی تایبەتم بە خواردنەكانی دایـــــــــــكی لانۆ ھەبێت و ھەموو كەسێك بتوانێت سەردانمان بكات.»

 

Top