پەرێز ئازاد: كاركردن عەیب نییە سەربەرزییە
زۆرن ئەو ئافرەتانەی كە قەدەری ژیان ناچاری كردوون ئەركی بەڕێوەبردنی خێزان و دابینكردنی بژێوی ڕۆژانەی ئەندامانی خێزان لە ئەستۆ بگرن، هاوكات لە پاڵ ئەو ئەركە قورسەدا بۆ منداڵەكانیان هەم دایك بن و هەمیش باوك بن. پەرێز ئازاد خانمێكی بوێر و بە توانا و دایكێكی بەهێز و سەركەوتووە، لە هەمان كاتیشدا خاوەنكار و بزنسی خۆیەتی و توانیویەتی لەسەر پێی خۆی بوەستێت و گرەو لە نائومێدبوون بباتەوە.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
پەرێز ئازاد فرۆشگایەكی پێداویستی ڕۆژانەی هەیە و بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ئۆنڵاین كەلوپەلەكانی دەفرۆشێت و لە پاڵ كارەكەیدا لە ڕێگەی پەیجەكەیەوە وەكو بلۆگەرێك ڕێكلام بۆ كاڵا جۆراوجۆرەكان دەكات و ڕێنمایی بەسوودیش بە بینەرەكانی دەبەخشێت. پەرێز دانیشتووی شاری كۆیەیە و ساڵی 1981 لە دایكبووە، مامۆستای قۆناغی بنەڕەتییە و دایكی دوو منداڵە، لە دیمانەیەكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باسی چیرۆكی سەركەوتنەكانی بۆ خوێنەران دەكات.
«سوپاس بۆ خوا لە ئێستادا فرۆشگایەكی خنجیلانەم هەیە و كەلوپەلی هەمەجۆری ئەوروپی بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ئۆنڵاین دەفرۆشم و بینەرم لە هەر چوار پارچەی كوردستان هەیە و بە دایكی پەیڤین و داریا ناسراوم، هەروەها مامۆستای قۆناغی بنەڕەتی دەوامی ئێوارانم، سەرەتا وەكو شێفێك دەركەوتم چونكە شارەزاییم لە لێنانی هەموو خواردنە كوردەوارییەكان هەیە.
بەهۆی بارودۆخێكی خێزانیم ناخۆشی و سەختی زۆرم لەو ژیانەدا تێپەڕاندووە، خێزانەكەم بەردەوام هانیانداوم تاوەكو كاربكەم و بژێوی منداڵەكانم دابین بكەم، سوپاس بۆ خوا سەركەوتنم بە دەستهێنا سەرەتا لە ماڵەوە دەستم بە كاركردن كرد و كاركردن عەیب نییە بەڵكو مرۆڤ بە كاركردن سەربەرز دەبێت، دواتر دوكانێكم دانا و ئێستاش موشتەری خۆمم هەیە».
پەرێز ئازاد سەبارەت بە هۆكاری كاركردنی دەڵێت:» هۆكاری كاركردنم چیرۆكێكی گەورەی لە پشتە، من بۆ منداڵەكانم هەم دایكم و هەمیش باوكم، ماوەی دە ساڵە هاوسەرەكەم بەهۆی وەستانی دڕكەپەتكی لە جێگەدا كەتووە و دەست و قاچی ئیش ناكات، تەنیا سەری دەجوولێت، لەبەر ئەوە هاتمە ناو مەیدانی كار و شان بە شانی پیاوان ڕاوەستاوم و ڕێچكەی ئیشكردنم گرتۆتەبەر.
بە خۆشحاڵییەوە ماوەی سێ ساڵە ئەم كارە دەكەم، ڕۆژانە لایڤ ستایلی ڕۆژانەم لەگەڵ بینەرەكانم دابەش دەكەم و لە پەیجەكەم كە سەد هەزار بینەری تێپەڕاندووە، ڕێنمایی بەسوود و فێركاری خواردن و كاری دەستی بڵاودەكەمەوە، هاوكات فرۆشگاكەشم بەڕێوە دەبەم، لە پاڵ ئەو كارانەدا وەكو بلۆگەرێكی متمانەپێكراو كاری ڕێكلام دەكەم، بەڵام ڕێكلام بۆ هیچ كاڵایەك ناكەم چ خواردن بێت یان پاككەرەوە بێت، هەتا بۆ خۆم ئیشی پێ نەكەم و بەكاری نەهێنم لێی دڵنیا نەبم».
ئەو خانمە خاوەنكارە لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: «جێی شانازییە ئافرەت لەسەر پێی خۆی بێت و پشت بە تواناكانی ببەستێت و چاوی لە دەستی هیچ كەس نەبێت، سەرەتای كاركردنم زۆر زەحمەت بوو چونكە هیچم نەبوو و لە سفرەی بەتاڵەوە دەستم پێكرد و چەند جار كەوتم و هەستامەوە، دوای توانیم جارێكی دیكە هەستمەوە سەرپێ و بە سەربەرزانە بەبێ ئەوەی تەنازول بۆ هیچ كەسێك بكەم بەبێ ئەوەی داوای پەرداخە ئاوێك لە كەس بكەم، هاندانەكانی دایكم بووە هێزێكی گەورە و توانیم دواجار لەسەر پێی خۆم بوەستم، هەروەها منداڵەكانیشم زۆر هاوكار و یارمەتیدەرم.»
هەروەها گوتی: «هەمیشە بە خانمان دەڵێم ئەگەر دەتانەوێت ببنە حاوەنكار و لەسەر پێی خۆتان ڕاوەستن بە مەردی بە سەربەرزی كاربكەن، چاوتان لە شتی حەرام نەبێت، چونكە هەوڵدان و كاركردن شەرفێكی گەورەیە. ئامۆژگاریشم بۆ ئەو ئافرەتانەی كە پێویستیان بە كاركردنە و تاوەكو ئێستا ئەو هەنگاوەیان نەناوە، لێرەوە پێیان دەڵێم بە ڕەنجی شانی خۆت بژی لە منەتی بەرامبەر باشترە، هیوای سەركەوتنیش بۆ هەموو ئەو ئافرەتانە دەخوازم كە دێنە ناو ئەو بوارە و بە ماندوو بوونی خۆیان سەركەوتن بە دەست دێنن.
ئافرەتان لە تێكەڵبوونیان بە مەیدانی كار و پارە پەیداكردن ڕووبەڕووی چەندین لەمپەر و كۆسپ دەبنەوە، بەڵام تا ئاستێك توانیویانە ئازایانە كۆت و بەندەكانی دابونەریت بشكێنن، بەوەش هەم بژێوی خۆیان پەیدا دەكەن هەم بەشدار و هاوبەشن لە دابینكردنی بژێوی خێزان».
