دەرهێنەری فیلمی «Mission: Impossible» ستایشی توم كروز دەكات
بەپێی ڕاپۆرتەكان ئەستێرەی جیهانی «توم كروز» زۆرترین هەوڵی خۆی داوە بۆ بەشی داهاتووی زنجیرە فیلمی «Mission: Impossible». هەروەها توم كروز و دەرهێنەری كارەكە «كریستۆفەر ماك كواری» بەم دواییانە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ گۆڤاری Empire بەشدارییان كرد، بە مەبەستی بانگەشەكردن بۆ فیلمی «Mission: Impossible - Dead Reckoning Part Two» ئاماژە بەوە كراوە كە ڕەنگە ناوی فیلمەكە گۆڕابێت بۆ Final Reckoning».
لەو چاوپێكەوتنەدا دەرهێنەری فیلمەكە ستایشی بەهرەی نواندنی ئەستێرە پلە یەكەكەی كرد و گوتی: «لەو فیلمەدا زنجیرەیەك جووڵەی سەرسوڕهێنەر هەن كە بینەر سەرسام دەكەن.» بۆ ئەوانەی زانیارییەكی ئەوتۆیان لەبارەی ئەم فیلمەوە نییە، بڕیارە فیلمی «Mission: Impossible - Dead Reckoning Part Two» یان «Final Reckoning» لەم ساڵدا لە سینەماكاندا نمایش بكرێت».
كریستۆفەر هەروەها گوتیشی: «ڕۆژێك دێت توم كارێك دەكات كە لە هەموو كارەكانی پێشتری باشتر بێت، من بەڕاستی تووشی دڵەڕاوكێ دەبم كاتێك بیر لەو گرژییە دەكەمەوە.»
پێش ئەوەی قسەكانی تەواو بكات جەختی لەوەش كردەوە كە ئەوە شتێكی زۆر قورس بووە.
لە هەمان چاوپێكەوتندا، توم كروز بە ڕاشكاوی باسی ئەو جووڵە مەترسیدارانەی كرد كە ئەنجامی دەدات و گوتی: «كاتێك ڕوخسارت لە فڕۆكەیەك دەردەهێنیت كە بەخێرایی زیاتر لە ١٩٠ بۆ ٢١٠ كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا دەجووڵێیت، ئۆكسجینت دەست ناكەوێت، بۆیە دەبوو خۆم ڕابهێنم لەسەر چۆنیەتی هەناسەدان، هەروەها جاریش هەبوو كە لە ڕووی جەستەییەوە هۆشم لەدەست دەدا و نەمدەتوانی بگەڕێمەوە ناو فڕۆكەكە.»
پێشتر كۆمپانیای Paramount یەكەم ڤیدیۆی بانگەشەیی بۆ فیلمە نوێیەكەی چاوەڕوانكراوی «Mission: Impossible — Dead Reckoning Part Two» یان «Final Reckoning» بڵاو كردەوە، كە ئەستێرەی جیهانی» توم كروز» ڕۆڵی سەرەكیی تێدا دەگێڕێت و لە ٢٣ی ئایاری ٢٠٢٥ دەگاتە سینەماكان.
لە تریلەرەكەدا كەسایەتیی ناسراوی كروز «ئیپان هانت» جارێكی دیكە دەردەكەوێت كە لە نێوان كیشوەرەكاندا باز دەدات و لە دوژمنەكان ڕادەكات. ماوەی ڤیدیۆكە زیاتر لە دوو خولەكە، پێشبینی دەكرێت ئەم بەشەی تەواوكەری فیلمی
«Mission: Impossible — Dead Reckoning Part One» كە ساڵی ڕابردوو بڵاو كرایەوە و زیاتر لە ٥٧١ ملیۆن دۆلاری لە سەرانسەری جیهاندا بەدەست هێنا، سەرنجی بینەران ڕابكێشێت و وەك یەكێك لە گەورەترین فیلمەكانی هاوینی داهاتوو هەژمار بكرێت.
